عەفرین کراوەتە شارى تارمایى

عەفرین ماوەى چەند مانگێکە لەلایەن دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانییەوە داگیرکراوە و بەهۆى زوڵمەکانیانەوە ژیانیان لە شارەدا نەهێشتووە. دواى داگیرکەرییەکەى دەوڵەتى تورکیا، عەفرین بووە بە شارى تارمایى.

١٨ى ئاداری ٢٠١٨ عەفرین لەلایەن دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى لە بەرەی نوسرە، داعش و سوپاى ئازادى سوریاوە داگیرکراوە. لەو کاتەوە ئەشکەنجە، تاڵانى، دەستبەسەردا گرتن، زەوتکردن، رفاندن و شەڕ بەردەوامیى هەیە. ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتییانى عەفرین کە نایانەوێت ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵێن، بەهۆی گوشار و زوڵمى دەوڵەتى تورکیا و چەتەکانیانەوە ناچار دەبن زێدی خۆیان بەجێبهێڵن.

ر.ج یەکێک لەو کەسانەیە کە چەندین مانگ شایەتى دڕەندەی وکۆمەڵکوژیى دەوڵەتى تورکیا بووە و ناچاربووە لە عەفرینەوە کۆچ بکات بۆ هەرێمى شەهبا. ر.ج زوڵم، ئەشکەنجە و ئەوەى روویداوە بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) دەگێڕێتەوە.

ر.ج رایگەیاند، لە کاتى قۆناغی داگیرکردنى عەفرین دا لەگەڵ بنەماڵەکەى لە گوند دا دەمانەوە، بەڵام بەهۆى بۆردومانەکانەوە ناچاربووە، منداڵەکان ببات بۆ عەفرین. راشیگەیاند "ئێمە چاوەڕێى ئەوەمان نەدەکرد لە ناوەندى عەفرین هێرش بکرێتە سەرهاووڵاتییان و بۆردومان بکرێن، بەڵام کاتێک ئێمە چووینە عەفرین ئەوەى بینیمان زۆر لە گوندەکەمان خراپتر بوو و بە چڕی عەفرین بۆردومان دەکرا. چەندین رۆژ لە ژێرزەمنیەکاندا ماینەوە. منداڵانیان دەکردە ئامانج و لە شوێنە مەدەنییەکانیان دەدا. دواى ئەوەى کە زانیمان دۆخى عەفرین خراپتر بووە، دیسانەوە لەگەڵ منداڵەنم چووینەوە بۆ گوندەکەمان".

بە منداڵ ئەشکەنجەى زیندانییەکان دەدەن

ر.ج باسى گوشار و زۆردارییەکانى دەوڵەتى تورکیاى لە گوندەکەیان کرد و وتى "دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و چەتەکانى مرۆڤەکانیان دەڕفاند و دواتر داواى فیدییەیان دەکرد. لە گوند بە تۆمەتى 'ئەندامى رێکخستن' خاوەن دوکانێکیکیان رفاند و دواتر داواى فیدییەیان لێکرد. چەندین رۆژ ئەشکەنجەیان دا. دواتر لە بەرامبەر پارەدا ئازادیان کرد، بەڵام کاتێک گەڕایەوە بەهۆی ئەوەى زۆر زۆر ئەشکەنجەیان کردبوو، وک تەرمێکى لێهاتبوو. باسى ئەشکەنجەکانى بۆ دەکردین و دەیوت هەموو رۆژێک ئەشکەنجەیان کردووە. بە منداڵ ئێمەیان ئەشکەنجە دەکرد. ئەوان بۆ خۆیان دادەنیشتن و سەیرى ئەشکەنجەدانى ئێمەیان لەلایەن منداڵەکانەوە دەکرد".

ر.ج وتی، لە راجۆ زیندانێکیان دروستکردبوو و ئەوەى ببرایە بۆ ئەو زیندانە بە ساغى نەدەگەڕایەوە. وتیشی "لە باسوتێش زیندانییەکیان دروستکردبوو و ناویان نابوو زیندانى قەڵا (لە کاتى عوسمانیەیکاندا ئەوە ناوى زیندانییەک بووە لە لازقییە و لە دوورگەیەکەدا دروستیان کردبوو. ئەو زیندانە بە زوڵم و ئەشکەنجەکانى ناوبانگى دەرکردبوو و ئەوەى ببرایە بۆ ئەو زیندانە بە ساغى نەدەگەڕایەوە). لەو زیندانەدا مرۆڤ بە گوریس هەڵدەواسی. یەکێک لەو کەسانەى هەڵیانواسیبوو لە ئاسمانەوە بەربوویەوە و دای بە زەویدا. دواتر وتیان بۆ چارەسەر بردوویانە بۆ تورکیا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەى چارەنووسیەوە نییە".

مرۆڤەکانیان دەستگیر دەکرد و دواتر داواى فیدییەیان دەکرد

ر.ج لەبارەى ئەشکەنجەى دڕندانەوەى دەوڵەتى تورکیاوە وتى "بە ئامۆزاکەیمان وت 'یان دەبێت ئۆتۆمبێلەکەتمان بدەیتى یان دەبێت پارە بدەیت' ئامۆزاکەم ملیۆنێک پارەى سوریى پێدان. بە هاوسەری پورەکەمیان وت، ئەو ١٥ ساڵە لە تورکیایە و گوایە ئەویش ئەندامى رێکخستنە، بۆیە ئۆتۆمبێلەکەیان برد. کاتێک هاتنە گوندەکەمان وتیان هەموو تەلەفونەکان دەپشکنین و دواى ئەوەى تەلەفونەکانیان پشکنی، یەک تەلەفونیشیان پێنەداینەوە.

دەچوونە ناو ماڵەکان و هەموو ئەندامانى خێزانەکەیان کۆ دەکردەوە. کاتێک خاوەن ماڵەکە لەو کاتەدا لە ماڵەوە نەبوایە، دەیانویت 'ئەندامى رێکخستنە'، بۆیە رایکردووە و ئێمە دەستدەگرین بەسەر هەموو شتەکانیدا. لە راستیدا هیچ پاساوێکیان نەبوو، تەنها لەبەر ئەوەى کورد بووین، ئەشکەنجەیان دەکردین. رۆژێکى تر هاووڵاتییەکیان لەگوند دەستگیرکرد، بەڵام ئەو کەسە دەیوت 'من هیچم نەکردووە و هیچ پەیوەندییەکیشم بە رێکخستنەوە نییە' و لەبەرامبەردا ئەوانیش دەیانوت 'تۆ کوردی و ئەوە بۆ ئێمە بەسە'.

'وێنەى رێبەرایەتیان دەکردە تەلەفونەکانیان و دواتر دەستگیریان دەکردن'

ر.ج باسى ئەوەیکرد، چەتەکان وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کوردیان دەخستە تەلەفونەکان و دواتر خاوەن تەلەفونەکەیان دەستگیر دەکرد و لەبارەیەوە وتى "لەسەر رێگاکاندا هاووڵاتییانیان دەستگیردەکرد و دەستیان بەسەر تەلەفونەکانیاندا دەگرت. دواتر لە مۆبایلەکانى خۆیانەوە وێنەى رێبەرایەتییان بۆ مۆبایلەکانى ئەوان دەنارد و دواى ئەوەش پێیان دەوتن 'پەکەکەیى' و دەیانبرد و ئەشکەنجەیان دەکرد. ئەوانەى کەسوکاریان لە ئەوروپا و ئەڵمانیا بوایە، وێنەى دەستگیرکردن و ئەشکەنجەکردنى کەسە دەستگیرکراوەکانیان بۆ دەناردن و لە بەرامبەر ئازادکردنیدا داواى فیدییەیان دەکرد.

کاتێک ئێمە چووین بۆ عەفرین هیچمان لەگەڵ خۆمان نەبردوو و هەموو شتەکانم بەجێهێشتبوو و لە ژێرزەمینەکاندا دەماینەوە. کاتێکیش چوومەوە بۆ گوند بینیم دەستیان بەسەر هەموو شتەکاندا گرتووە. دزی و تاڵانى و دڕندەییان زۆر زۆر بوو. کاتێک بزانن کەسێک بارودۆخى ئابووریى باشە، تاوانێکى دەخەنە پاڵ و دەست بەسەر هەموو ماڵ و موڵک و شتەکانیدا دەگرن. لە گوند کەسێکیان رفاند و بە سۆندە بەستییانەوە و بە زیندویى سوتاندیان. ژنێکیان برد بۆ ماوەى ٤٥ رۆژ هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکیان بەرامبەر ئەنجامدا. تا ئێستاش هەر نەخۆشە".

'بۆ دزی بەردەبونە یەکتر و یەکیان دەکوشت'

ر.ج تا ئێستاش هیچ هەواڵێکیان لە دوو هاووڵاتی بە ناوەکانى عیسمەت محەمەد حەسەن و بەکر نەشاد دەست نەکەوتوە و چارەنووسیان نادیارە "خێزان و منداڵەکانیان بۆ چەندین مانگ پەرێشان بوون. کەسێک ١٥ ساڵ لەوە پێش چووە بۆ ئەڵمانیا و ئێستا ئەم چەتانە دەڵێن، ئەوە ئەندامى رێکخستنە و دەستیان بەسەر هەموو ماڵ و موڵکەکەیدا گرت. بە رۆژدا دەگەڕان و ماڵەکانیان دەستنیشان دەکرد و بە  شەودا هەڵیاندەکوتایە سەر ماڵ و دوکانەکان. چەتەکان زۆر جار لە ناو خۆیاندا لەسەر دزی دەبوو بە شەڕیان و یەکتریان دەکوشت. ئەگەر یەکێک لە یەکێکى تریان هەندێک شتى زیاترى بدزیایە لەگەڵ یەک دەبو بە شەڕیان و یەکێکیان دەکوژرا. لە ناو خۆیاندا زۆر شەڕیان دەکرد و یەکتریان دەکوشت".

'بنەماڵەى ئەنەکەسە (ENKS)ییەکان خزمەتیان دەکەن'

ج.ر لەبارەى خیانەتى ئەنەکەسەوە وتى "منداڵەکانم ئیتر لە دەنگى ئۆتۆمبێلیش دەترسان. کاتێک دەنگى ئۆتۆمبێلێکیان دەبیست خۆیان دەخستە باوشمەوە. چەتەکان هەموو شەوێک تەقەیان لە ماڵان دەکرد. فڕۆکەش بە بەردەوامى بە ئاسماندا دەسوڕێتەوە. ئەوانەى ئەنەکەسە زۆر هاوکارییان کردن و زۆر کاریان بۆکردن، بەڵام هەر ئەوەی بەسەر هاووڵاتییانى تردا دەیانهێنا بەسەر ئەوانیشدا دەیانهێنا، بەڵام سەربارى ئەوەش بنەماڵە ئەنەکەسەییەکان پێشیان دەکەوتن و ماڵ بە ماڵ بە گوندەکەدا دەیانسوڕاندنەوە و ماڵەکانیان پیشان دەدان. ئەنەکەسەییەکان جلوبەرگی چەتەکانیان دەبرد و ژن و منداڵەکانیان جلوبەرگى چەتەکانیان دەشۆرد. دەیانوت ئەوانە سوپاى ئێمەن و دەبێت خزمەتیان بکەین. ئەنەکەسەییەکانیشیان ئەشکەنجە دەدا، بەڵام ئەنەکەسەییەکان هەر خزمەتیان دەکردن".

'دەوڵەتى تورک بە زۆر منداڵانیان دەبرد بۆ ئەو خوێندنگەیانە کە خۆیان کردبوویانەوە'

ر.ج لە کۆتایى قسەکانیدا باسى ئەوەشیکرد "ژنان ناتوانن لە ماڵ بڕۆنە دەرەوە و بچن بۆ دوکان. لە عەفرین خوێندنگەیان کردووەتەوە و ئاڵای تورکیایان لەسەر هەڵداوە و بە زۆر منداڵەکان  دەبەن بۆ ئەو خوێندنگەیانە. منداڵەکان بە حەزی خۆیان ناچن بۆ خوێندنگەکان. دەترسن و بە ناچارى دەڕۆن بۆ خوێندنگەکانى تورکیا. تەنانەت هەڕەشە لە بنەماڵەکانیان دەکەن و دەبێت بنەماڵەکانیش منداڵەکانیان بنێرن بۆ خوێندنگە تورکییەکان.

هەندێکجاریش بە زۆر بنەماڵەکان دەبن و مەراسیم بە ئامادەبوونى بنەماڵەکان ئەنجام دەدەن. بە زۆر ئاڵاى تورکیایان دەدەنە دەست و دواتر وێنەیان دەگرن لە میدیاکاندا بڵاوى دەکەنەوە. ئەو قسەى ئەردۆغان کە وتى 'ئێمە عەفرینمان کرد بە شوێنى خۆشی و ئارامی' بە تەواوی درۆیە. ئێستا عەفرین کراوەتە شاری تاریک و تارمایى. مرۆڤ بە هۆى ترسەوە ناتوانێت لە ماڵەکەى بچێتە دەرەوە. ناسنامەى دەوڵەتى تورک بۆ هاووڵاتییانى عەفرین دروست دەکەن. ئەوانە هەموویان پیلانگێڕین لە دژى خەڵکى عەفرین. پێدانى ناسنامە بۆ ئەوەیە هەموو زانیارییەک لەبارەى کەسەکە و بنەماڵەکەیەوەکۆ بکەنەوە".

ر.م