فۆزا یوسف: ئاگربەست پلانگێڕییە، دەبێت نەتەوەیەکگرتووەکان نەبێتە هاوبەشی تاوان

فۆزا یوسف ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار ڕایگەیاند ئاگربەست لەگەڵ دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر گەلانی ناوچەکە پیلانگێڕییە و بانگەوازی بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان کرد کە نەبنە هاوبەشی تاوانەکان.

ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار فۆزا یوسف لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی هەرسێ شەڕڤانی شەهیدی قەسەدە محەمەد عەلی (بەرخۆدان قامیشلۆ)، عەبدولحەمید حەسەن (جان قامیشلۆ) و یوسف ئەردۆگان (دەمهات)، عەبدولحەمید حەسەن و شەهید جان قامیشلۆ کە لە ناوچەی تەل تەمەر لە ٣٠ تشرینی یەکەم شەهید بوون، هەروەها شەهید دەمهات لە گرێ سپی لە ١٣ی تشرینی یەکەم شەهید بووە، وتەیەکی پێشکەش کرد.

فۆزا یوسف سەرنجی ڕاکێشایە سەر رێککەوتنی ئاگربەستی تورکیا و ئەمریکا کە لە ١٧ی تشرینی یەکەمدا ڕاگەیاندرا، هەورەها ڕێککەوتنی نێوان پۆتین و ئەردۆغان کە لە ٢٢ی تشرینی یەکەمدا ڕاگەیاندرا و بەم شێوەیە ئاماژەی پێکرد: "دەوترێت ئەو ڕێککەوتنانە پەیوەستن بە ئاگربەستەوە. بەڵام هەموو ڕۆژێک ئێمە شەهید دەبەخشین، کوا ئەو ئاگربەستەی باسی دەکەن؟ ڕێککەوتنی ئاگربەست گەورەترین درۆیە و پیلانگێڕییە لەدژی گەلانی ناوچەکە".

فۆزا ئەوەشی وت، هێرشەکانی ئەردۆغان کە بە پشتیوانی دەوڵەتانی ستەمکار جێبەجێ دەکرێت، کۆمەڵکوژیی، زوڵم و قڕکردنی گەلانی ناوچەکەیە.

ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار ڕاشیگەیاند، ئەردۆغان ڕوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بە داگیرکاریی خاک و قڕکردنی گەلانی هەرێمەکە بدات، لەسەر ئەو بنەمایە ئەرێکردنی نەتەوەیەکگرتووەکان بەواتای ئەوەیە کە هاوبەشی قڕکردن و داگیرکارییەکانە و بەو شێوەیە بەردەوام بوو: "لە جینۆسایدکردنی ئەتنیکیدا لەدژی گەلی کورد، سریان، ئەرمەن و ئێزیدییەکاندا، نەبنە هاوبەشی ئەردۆغان".

فۆزا سەرنجی ڕاکێشایە سەر کۆمیتەی دەستووری کە خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تێیدا بەشداریان پێ نەکراوە و وتی: "٥ ملیۆن کەس لە دەرەوەی دانووستانەکانی پەیوەست بە دەستوورن، ئەوەش لەدژی گەلەکەمانە، زوڵمە و بەردەوامیی کۆمەڵکوژییەکەی ئەردۆغانە".

فۆزا وتیشی، نوێنەرانی چەتەکانی نوسرە و داعش، بەشداری کۆمیتەی دەستوور بوون، بەڵام ئەوانەی بە بەرخۆدانی شکۆ ڕێگریان لە پارچەکردنی سوریا کردووە، بەشدار نەبوون.

لەبارەی لێدوانەکانی ڕژێمی سوریای ئەم دواییانەشەوە فۆزا وتی: "ئێمە ١٢ هەزار شەهیدمان دا، بۆ ئەوە نەبوو کە بچین لەسەر حیسابی مافی گەلەکانمان ڕێککەوتن ئیمزا بکەین، بە هەزاران شەهیدمان دا، بۆ ئەوەی بۆ جیهان بیسەلمێنین کە بەڕاستی دەمانەوێت شەرەفمەندانە بژین".

ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار فۆزا یوسف لە کۆتایی وتەکەی خۆیدا وتی، ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەنێک دیالۆگ بکەن.

ز.ش