فۆزا یوسف: دەتوانین بە پشتیوانیى کۆمەڵگە ئەم قۆناغە قورسە تێپەڕێنین

فۆزا یوسف ئەندامی بەڕێوەبەریی پەیەدە رایگەیاند، لە دژی پەتای کۆرۆنا و هێرشەکانى دەوڵەتى تورک خۆڕاگری دەکەن. راشیگەیاند، سەرباری رێوشوێنەکان بە یەکگرتوویی، ورە، مەعنەوێت و سەبر، فیداکاری و بەرپرسیاریی قۆناغە قورسەکان تێدەپەڕێنین.

فۆزا یوسف ئەندامی دەستەى بەرێوەبەریی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) بە ئاژانسی هەواڵی فوارت (ANF)ی راگەیاند، بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر و دام و دەزگا تەندروستییەکانى و تیمە زەحمەتکێشەکانی بواری تەندروستی بەپێی تواناکانیان خۆیان بە شێوەی هەمەلایەنە سەفەربەر کردووە و بەرپرسیاریی خۆیان بەرامبەر بە کۆمەڵگە بەڕێوەدەبەن.

فۆزا یوسف باسی ئەوەیکرد "شەڕ و هێرش مەترسیی بڵاوبوونەوەى پەتا و نەخۆشی زیاتر دەکات، رێگری لە گرتنەبەری رێوشوێنەکان دەکات، بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، کە شەڕ رابگرن، بەڵام دەوڵەتی تورک گوێ لەو داوایانە ناگرێت و بە ئاستێک گەیشتوە، کە وێستگەى ئاو بۆردومان دەکات و ئاو دەبڕێت. دەیەوێت بە شەڕ و سیاسەتى بێ ئەخلاقانە پەتاکەش (پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا) لێرە بڵاوبکاتەوە و کارەسات بەسەر ئەم ناوچەیەدا بهێنێت. تاوەکو ئێستا چەتەکانی بەکار دەهێنا و ئێستاش دەیەوێت پەتاکە بەکار بهێنێت".

فۆزا یوسف باسی ئەوەشیکرد "هەڵوێستی هێزەکانى رژێمی سوریا لە دژی هێرشەکان زۆر لاوازە و ئەو هەڵوێستە لاوازەش بە تایبەتى لە هێرشی ئەمدواییە بۆ سەر تلتەمر بینرا. دەوڵەتى تورک جارێکیتر یاسای نێونەتەوەیی و سەروەریی سوریا پێشێل دەکاتەوە. ئەو هەڵوێستەى کە لە دژی ئەو پێشێلکارییانە دەخرێنەڕوو لاوازن".

لەبارەى رێوشوێنەکان لە دژی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا وتی "بەرێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر تاوەکو ئێستا بڕیاری پێویستی داوە و رەنجێکى زۆر دەدات. ئەگەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا تاوەکو ئێستا نەخۆشییەکى توشبو بە کۆرۆنا تۆمار نەکراوە، ئەوە رێککەوت نییە، بەڵکو بەهۆی رێوشوێنەکانەوەیە. دەزگا و زەحمەتکێشانی تەندروستی، شارەوانی، ئاسایش، بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر هەموو تواناکانی خۆیان خستووەتەکار. بێگومان هەندێک راستیش هەیە، کە لە هەموو سوریادا ناوەندە تەندروستییەکان و پلانە تەندروستییەکان کراونەتە قوربانی، هاوکارییەکانى حکومەتى ناوەندی کەم و لاوازن. دام و دەزگا و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان کە لق و نوێنەرایەتیان لێرە هەیە، هاوکاری پێشکەش ناکەن. ئەگەر ئێمە خەمساردانە و بە سستی و نا جدی لە دۆخەکە نزیک بینەوە، ئەو کاتە ئێمە رێگا بۆ بڵاوبوونەوەى پەتاکە دەکەینەوە، چونکە لە هەر چوار لامانەوە پەتاکە بڵاوبووەتەوە. دەبێت ئێمە زۆر زیاتر بە دیسیپلین و بە پشتیوانی و بە رێوشوێن بجوڵێینەوە تاوەکو رێ لە بڵاوبوونەوەى پەتاکە بگرین. دەبێت ئێمە پشت نەکەینە یەک و تواناکانمان بەسەر یەکتردا دابەش بکەین".

فۆزا یوسف ئاماژەى بە هەڵمەتەکانی مانگی سوور کرد و وتی "هەر مرۆڤێک بە ئەخلاق، بە کەرامەت، خۆشەویستی کۆمەڵگەى خۆی بێت و بیەوێت بە تەندروستییەکى باشەوە بژی دەبێت، بەشداری ئەو هەڵمەتە بکات. پێویستە کۆمۆنەکان و ئەنجوومەنەکان باش کارەکانیان بەڕێوەببەن، لە کام گوند، لە کام گەڕەک  و کام شەقامدا بنەماڵەیەک هەبێت دەبێت پشتیوانی لەو بنەماڵەیە بکەن و هاوکاریی بکەن. رزگاربون بە کۆمەڵگە بوون دەبێت، بە ژیانێکى یەکسان و پشتیوانیکردن لە یەکتر دەبێت. بە یەکێتی، ورە، مەعنەوێت، سەبر، فیداکاری و بەرپرسیاری دەتوانین ئەم قۆناغە قورسە تێپەڕێنین".

ژ.ت