فۆزا یوسف: شۆڕشی رۆژئاوا رێنسانسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

فۆزا یوسف ئەندامی دەستەى هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە بە بۆنەى ١٩ی تەممووز ساڵڕۆژی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستانەوە وتی "شۆڕشی رۆژئاوا رێنسانسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە".

فۆزا یوسف ئەندامی دەستەى هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) وتی، لەبەر ئەوەى پێشەنگایەتییەکى راست و دروست بۆ شۆڕشی سوریا نەکرا ئەو شۆڕشە بووە دژە شۆڕشێک لە دژی گەلی سوریا، بەڵام لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا جیاوازییەک هەبوو، ئەویش خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک، ئازادیی ژن و ئەو پرۆژانەى کە هەموو کۆمەڵگەى پێکەوە بژین، چونکە پشتبەستوو بوو بە هێزی خۆی و ئەو شۆڕشە لەویەوە دروستبوو.

فۆزا یوسف وتیشی "لە باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا و بەهۆی ئەوەى کۆمەڵگەى جیاجیا دەژین، پرۆژەى نەتەوەى دیموکراتیک بە پێشەنگایەتیی کوردان بووە نەخشە رێگای گۆڕانگاری و وەرچەرخان".

فۆزا یوسف ئەوەشی وت "لەبەر ئەوە لە سوریا پرۆژەیەکى دیموکراتیک نەبوو راپەرینی گەل لە هێڵەکەى خۆی دەرچوو. کەوتە دۆخی دژ بە گەلی سوریا. بە خەمناکییەوە دەڵێم، ئامانجی ئەو راپەڕینەی گەل، کە لە غوتە و درعا لە چوارچێوەى دادپەروەری، ئازادی و یەکسانیدا دەستیپێکرد، بەهۆی ستراتیژییەکى هەڵە و سەقەتی ئۆپۆزسیۆنەوە گۆڕانکاری و وەرچەرخانی نەک دروست نەکرد، بەڵکو بووە لەمپەریش لە بەردەمیدا. پرۆژەى نەتەوەی دیموکراتیک پرۆژەى شۆڕشە. کلیلی هەموو کێشەکانە، چونکە مافی هەموو کۆمەڵگە گارانتی دەکات. هەروەها لەسەر سیستمێکى دیموکراتیک خۆی بەڕێوەدەبات. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە کە لە ناو کۆمەڵگەدا گەشەپێدانێک دروست ببێت.  

هەڵە نییە ئەگەر ئێمە بڵێن، ئەو شۆڕشەى لە سوریا دەستپێکرد لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە ئامانجەکەى خۆی گەیشتووە. ئەوەش راستییەکی لەو جۆرەی پیشخستووە. دۆخەکە وەک خۆی بینرا و بەپێی ئەوە سیاسەت پێشخرا. باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بووە ناوەندی هەموو هێزە دیموکراتیکەکانی سوریا. هەروەها بووە هەرێمێک ، کە ژمارەیەکى زۆر لە پێکهاتە و کۆمەڵگەکان و سەدان هەزار کەس رووی تێبکەن و پارێزگاریی لێکرا. ئێمە دەتوانین بڵێین، شۆڕشی ١٩ی تەممووز بۆ هەموو کۆمەڵگە و بۆ هەموو ژنان، بە تایبەتی بۆ گەلی کورد و گەلان لەدایکبوونێک بوو.

شۆڕشی ١٩ی تەممووز بۆ گەلان و ژنان لەدایکبوونێک بوو و ئەگەر ئێمە بەو شێوەیە پێناسەی بکەین، بێگومان پێناسەیەکى هەڵە نابێت".

فۆزا یوسف باسی ئەوەیکرد، شۆڕشی ١٩ی تەممووز لە زۆر لایەنەوە کاریگەریی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکردووە. لە چوارچێوەى رێنوێنییەکانى نەتەوەى دیموکراتیک دا گەلان و پێکهاتە جیاجیاکان تێکۆشانی هاوبەشیان رێکخست و ئەو تێز و رێنوێنییە بۆ هەموو گەلان بووە ئەڵتەرناتیڤ و راشیگەیاند "یانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە یەکێتیی نەتەوەیی هەیە، بەڵام بە تەنها ئەوە ناتوانێت ببێتە چارەسەر، بۆیە پێویستی بە مۆدێلێکى ئەڵتەرناتیڤ هەیە و ئەوەش مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیکە. بە شێوەیەکى جدی لە بابەتی دیموکراتیزەبووندا کێشە هەبوو. مۆدێلی نەتەوە دەوڵەت یەکڕەنگیی دەسەپاند، بەڵام لە دیموکراتیکبوون دا هەموو رەنگەکانە و نەتەوەکان و زمانەکان پێکەوە دەبن. ئەو تێگەیشتنە ١٩ی تەممووزی گۆڕی. گەل بۆ ئەوەى چارەنووسی خۆی دیاری بکات، بە سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک خۆی سپاردووەتە سەر ئەو بۆچوونەى کە لەسەر ژیانی خۆی بڕیار بدات و دەرفەتی ئەوە رەخساوە، کە ژیانی خۆی گەش بکات. لەسەر ئەو بنەمایانە بووە چارەسەری و ئەڵتەرناتیڤ".

یوسف لە بەردەوامیی وتەکانیدا ئاماژەى بەوە کرد، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشەیەکى زۆر هەیە، کێشەى ژنان و بنمەماڵە هەیە و ئەوان وەک خاڵێکى بنەڕەتی لەسەری راوەستاون و وتی "لەبەر ئەوە شۆڕشی ١٩ی تەممووز چەند شۆڕشی کۆمەڵگە و گەلان بێت ئەوەندەش شۆڕشی ژنانە. ئەوە کاریگەریی خۆی لەسەر ئاستی جیهان دروستکردووە، چونکە تاوەکو کێشەى ژن و بنەماڵە چارەسەر نەکرێت، کێشەکانی تریش چارەسەر ناکرێن".

فۆزا یوسف رایگەیاند، قارەمانە راستەقینەکانى سەدەی ٢١ گەنجانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا واتە گەنجانی یەپەگە و یەپەژەن و هیچ کەسێک ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات، هەڕەشەکانى سەر هەموو مرۆڤایەتی بە یەکێتیی گەلان لێرە کۆتایی پێهات و رایگەیاند "یەکێک لە بەها زۆر گەورەکانی شۆڕشی ١٩ی تەممووز ئەوەیە، کە بەرخودانی ١٩ی تەممووز بووەتە ناوەندی کۆمۆنەى کۆمەڵگە".

فۆزا یوسف ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە لە کۆتایی وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد "چۆن شۆڕشی فەرەنسا بۆ ئەوروپا بووە رێنسانس، شۆڕشی رۆژئاواى کوردستانیش رێنسانسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، چونکە نەک تەنها سوریا، بەڵکو لە هەموو دونیادا بووەتە هۆی گۆڕانکاریی کۆمەڵگە".

ژ.ت