فەرماندەی یەپەژە: بەهێزی خۆمان هەموو هێرشێک تێکدەشکێنین

فەرماندەی یەپەژە نەورۆز ئەحمەد شیکاریى بۆ بڕیاری ئەمەریکای بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا کرد و رایگەیاند "ئێمە بەهێزی خۆمان لەبەرامبەر هەموو ئەو هێرشانەدا دەوەستینەوە، کە دەکرێنە سەرمان و هەموو هێرشە جۆراجۆرەکان تێکدەشکێنین"

فەرماندەی گشتیی بڕیارگەی ناوەندیی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) نەورۆز ئەحمەد وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووس ڕووکەن جەمال-ی دایەوە.

- ئامانجی ئێوە بۆ ساڵی ٢٠١٨ چی بوو، تاچەند توانیتان ئەو ئامانجانە پێکبهێنن؟

- ئێمە ٧ ساڵی شۆڕشمان بە تێکۆشان چڕپڕەوە تێپەڕاند. لە هەر ساڵێکدا بە قۆناغێکی زۆر قورس دا تێپەڕین. ساڵی ٢٠١٨ بوو بە ئەڵقەیەکی نوێ لە ئەڵقەی تێکۆشانی باکووری سوریا. بۆ گەلەکەشمان ئەم ساڵ بوو بە ساڵی دیاریکردنی چارەنووس. ئێمە لە سەری ساڵدا نرخاندنمان بۆ ساڵی نوێی ٢٠١٨ کردبوو و لێکدانەوەمان بۆ وانەمان لە ئەزموون و بارودۆخی سیاسی کرد. هێزەکانمان بەو ئەزموونەی لە شەڕی دژی چەتەکانی ئەل-نوسرە و داعش وەرمانگرتبوو، بە بانگەشە و بڕیارێکی مەزن هەنگاومان نا و چووینە ناو ساڵی نوێوە. بەو سەرکەوتنانەی لە دژی ئەو هێزانە بەدەستمان هێنابوو هەوڵماندا کۆتا ناوچە لە ژێردەستی داعش پاک بکەینەوە. بە دڵنیاییەوە ئامانجی سەرەکی ئێمە ئەوە بوو، کە ساڵی ٢٠١٨ بکەین بە ساڵی ئارامی و سەقامگیری و ئاسایش، لەسەر ئەو بنەمایە هەوڵماندا گەل لەو چوارچێوەیەدا ئامادە بکەین، کە چۆن بتوانێ خۆی خۆی بپارێزێت. هەتا رادەیەک توانیمان ئەو ئامانجە پێکبهێنین، بەڵام وەک دەزانرێت لەسەرەتای ساڵدا هێرشێکی گەورە لەسەر کانتۆنی عەفرین بەڕێوەچوو.

لەراستیدا لە دوای رزگارکردنی قەڵای داعش (رەقە)، ئێمە دەمانزانی ئیتر شەڕ دەربازی ئاستێکی تر دەبێت، چونکە هەنگاوەکانی دەوڵەتی تورکیا بە ئاراستەی دژایەتیکردنی کوردان هیچ کات رانەوەستاوە، ئەمەش نیشانەی ئەوە بوو شەڕێکی گەورەو رووبدات، سەرەرای ئەوەی هێزە چەتەکان دەستدرێژییان بۆ سەر خاکەکەمان و هەروەها گەلەکەمان دەکرد، هیچ کات ئامانجمان ئەوە نەبووە هێرشی ناوچەیەکی جیاواز بکەین، بەڵام دەمانزانی کە زۆر هاوسەنگی سیاسی دەگۆڕێت، ئەمەش بە واتای دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیە لە ناوچەکەدا.

- بۆچی لەو کاتەدا کە ئێوە دەتانخواست ئاشتی و ئارامی لە هەرێمەکەدا بچەسپێنن، سوپای تورکیای داگیرکەر هێرشی کردە سەر کانتۆنی عەفرین؟

- عەفرین جێگەیەکی زۆر ئارام و پارێزراو بوو، لە هەرێمە جیاوازەکانی تری سوریاوە گەل ڕوویان دەکردە عەفرین، لەبەر ئەوەی کە عەفرین جێگایەک بوو کە بە میوانپەروەری دەناسرا، بەراستی گەلی عەفرین باوەشی خۆیان بۆ هەموو کەس دەکردەوە، لە هەر جێگەیەک هەڕەشە هەبوایە گەل روویان دەکردە عەفرین، بەڵام سەرەڕای ئەوەش سوپای تورکیا ئارامترین و پارێزراوترین ناوچەیان کردە ئامانج. ئەوەش یانی ئەوەى کە پێکهاتەکانی کوردیان بۆ خۆیان بە هەڕەشە دەزانی. زۆرجار دانیان بەوەدا ناوە با داعش بێت بەڵام کورد نەبێت.

- بۆچی ئەردۆغان دەڵێت "باداعش بێت، بەڵام کورد نەبێت"؟

 - چونکە دەوڵەتی تورک بەتایبەت مافی کوردان پەسەند ناکات. سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک کە لێرە (باکووری سوریا) بە پێشەنگایەتی کوردان ئافرێنراوە و هەموو پێکهاتەکانی تری هەرێمەکەی لە خۆ دەگرێت، لە دژی سیستمی نەتەوەپەرستیی ئەوانە. ئەم سیستمە ئەمڕۆ بووە بە ئومێد و هیوا و هەر کەس ماف و ئیرادەی خۆی لە ناو ئەو سیستمەدا دەبینێتەوە. لەبەر ئەوە ئەم سیستمە (سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک) سیستمی دەسەڵاتی دەوڵەت پووچ دەکاتەوە. چونکە هێزە دەسەڵاتدار و نەتەوەپەرستەکان خۆیان لەسەر ناکۆکی لە نێوان گەلاندا بەهێز دەکەن. ئەوان بۆ خۆیان ناکۆکی دروست دەکەن و دواتر خۆیان وەک هێزی چارەسەری نیشان دەدەن. بەم شێوازە درێژە دەسەڵاتی خۆیان دەدەن. لەبەر ئەوەشە، کە پرۆژەی گەلان و نەتەوەی دیموکراتیک سیستمەکەی ئەوان هەڵدەوەشێنێتەوە.

ئەردۆغان باش دەزانێت ئەگەر کورد لە باکووری سوریا ببێت بە خاوەنی ستاتۆ و پێگەیەک، ئەو کات چارەنووسیشی دەگۆڕێت. باش دەزانێت هەبوون و ئیرادەی کوردان لێرە، لە تورکیا و هەر جێگەیەکیتر، کە کورد لێی دەژی دەبێتە هۆی ئەوە، کە داوای مافەکانی خۆیان بکەن. هەڵبەتە نەک تەنها کورد، چونکە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک لەسەر برایەتی و پێکەوە ژیانی گەلان خۆی بونیاد دەنێت، بە بێ شەڕ و بە بێ ناکۆکی دەخوازێت وڵاتێکی ئازاد بونیاد بنێت.

- بۆچی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک؟

- سیستمی نەتەوەیی دیموکراتیک لە دژی سیستمی یەک ئاڵا، یەک نەتەوە و یەک زمانە و لەبەر ئەوەشە ئەمڕۆ ئەردۆغان و هێزە نەتەوەپەرەستەکان هەوڵێکی زۆر دەدەن ئەم سیستمە تێکبدەن. هەر لەبەر ئەوەیە بە دەوڵەتی سوریاش دەڵێن، دەبێت تۆش ئەو سیستمە پەسەند نەکەیت. هەروەها دەڵیت، تەنها دەوڵەتی سوریا هی عەرەبە. لەبەر ئەوەیە ئێستا هەنگاوەکانی لە دژی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا بەردەوامی پێدەدات.

بە پاساوی ئەوەى "لە عەفریندا مەترسی هەیە" گەورەترین ئاڵۆزی و پشێوییان نایەوە

نموونەی عەفرین لە بەر چاوە، بە ناوی ئەوەی کە لە عەفریندا مەترسی هەیە، مەترسی گەورەیان دروست کرد، پاڵپشتییەکی گەورەیان لە چەتەکان کرد و تەمەنیانیان درێژ کردەوە. داعش کە بەرەو لەناوچوون دەچوو جارێکیتر زیندوویان کردنەوە. لە راستیدا هەر کەس بە هیوا بوو، کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا ئەو هێرش و دڕندایەتییەی داعش کۆتایی پێ بێت، بەڵام بەداخەوە دەوڵەتی تورکیا هێزی پێدان و جارێکیتر ئەوانیان بەهێزکردەوە. ئەمەش بەواتای ئەوەیە داعش پلانی کاتیی داگیرکەرانی تورکیایە، چونکە پلانی ماوە درێژی داگیرکەریی تورکیا ئەوەیە کە ئەو هەرێمانە بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵ و دەستی خۆیەوە. بەتایبەتی بە داگیرکردنی عەفرین ئەو پەیامەی دا کە عەفرین خاکی عوسمانییە و مافمان هەیە کە ئێمەش لەوێ بین. سەرەڕای ئەوەش گەلی سوریا ئەوە باش دەزانێت، کە عوسمانییەکان نزیکەی ٤٠٠ ساڵ خاکی سوریایان داگیرکرد بوو و هەموو شوێنێکیان خراپ کرد بوو. لە ئێستاشدا دەوڵەتی تورکیا دەخوازێت بەو خەیاڵانە داگیرکاریی خۆی نوێ بکاتەوە. هەرچەندە هەموو دونیا دەزانێت، کە کامە هێز لە بەرامبەر داعش شەڕی کرد تاکو گەلانی هەرێمەکە و خاکی سوریا بپارێزێت، ئەوانیش هێزەکانی پاراستنی ئێمە بوون. بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ هێزەکانمان بە ئامانج دەگیرێن و وەک تیرۆریست دەمان ناسێنن. لەبەر ئەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە هەموو هێز و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازیى خۆییەوە هێرشی کردە سەر عەفرین.

- باشە ئەوەی داگیرکەری تورکیا لە عەفرین ئەنجامیدا، مرۆڤ دەتوانێت بڵێ ئەوە ئەو ژیانەیە کە ئەوان دەیانەوێت؟

ئەمڕۆ لە عەفرین لە دوای ئەو هێرشە دڕندانەیە، کە بە داگیرکردنی عەفرین کۆتایی پێهات رۆژانە مردن، کوشتن، ڕفاندن، تاڵانکردن و دەستدرێژی هەیە. لەبەر ئەوەی کە راگەیاندنێکی ئازاد لەو هەرێمە نییە ئێمە ناتوانین هەموو زانیارییەکی فراوان لەوێ دەستبخەین. بەڵام بەدڵنیاییەوە هەوڵدەدەین کە لە ماوەیەکی نزیکدا بتوانین عەفرین و گەلی عەفرین لە دڕندەیی داگیرکەری تورکیا ئازاد بکەین. لەبەر ئەوەی گەلی عەفرین ئەمڕۆ پارچە پارچە بووە، بە سەدان ژن ڕفیندراون و هیچ زانیاریەک نییە لە سەریان، بەراستی بەو داگیرکارییە ئەو ئێش و برینەی کە لە یادەوەریی گەلی ئێمەدا بوو جارێکیتر نوێ بوویەوە. لەبەر ئەوە هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە، کە لە ماوەیەکی کورتدا بتوانین عەفرین رزگار بکەین.

لە عەفریندا گەل شانبەشان و پشت و پەنای شەڕڤانەکانی بوو

- ئەوانە کێن، کە ئێستا لە سەر خاکی عەفرین دان؟

- ئەوەتا داگیرکەری تورکیا و ئەردۆغان دەڵێن 'لە دوای ئەوەی چووینە عەفرین هەزاران کۆچبەر گەڕاونەتەوە سەر خاکی خۆیان'، خەڵکینە ئەو مرۆڤانە کێن؟ پێویستە مرۆڤ ئەوە بپرسێت. بەراستی ئەوانە خاوەنی راستەقینەی ئەم خاکەن یان نا؟ لە کوێ هاتن؟ چۆن بوون بە خاوەنی ئەم خاکە؟ واتا ئامانجی ئەو هێرشانە داگیرکارییەکی فراوانی ئەم هەرێمانەیە. هەروەها درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو چەتانەیە، کە ئەوان وەک ئامێرێک بەکاریان دەهێنن. ئەوە بوو بە هۆکارێک کە شەڕی ئێمە لە دژی داعش زەحمەت و قورس ببێت. لەبەر ئەوەی هێرش لەسەر عەفرین هەبوو شەڕی ئێمە لەدژی داعش درێژتر بوویەوە و زۆرتری خایاند.

بێگومان لە جێگەیەک، کە سەدان فڕۆکەی جەنگی بە بەردەوامی بەسەر ئاسمانی عەفرینەوە بوو، گەلی عەفرین پێشەنگایەتیی بەرخودانێکی پڕ شکۆداریان کرد. ئەوە هەیە ئێستاش هەمان هەڵوێستیان هەیە. ئەوەش پەیامێک دەدات بە هێزەکانی داگیرکەر کە تۆ چی بکەیت ناتوانیت ئیرادەی من بشکێنی، ناتوانیت من بە دیل بکەیت.

ئاڤێستا بووە سیمبول و هێمای ڕێگەی بەرخودان

بێگومان کاتێک داگیراکارییەکی قورس لەسەر عەفرین بەڕێوە دەچوو، شەڕڤانانی ئێمە لە هەموو سەنگەرەکانی عەفریندا بەرخودانێکی بێ وێنەیان ئەنجامدا. لە هەموو شووێنەکان دەیان فڕۆکەی چاودێری بە ئاسماندا دەسوڕانەوە. لە شوێنێکدا کە دەیان فڕۆکەی جەنگی بۆردومانیان دەکرد، بە تانک و هاوەن تۆپباران و هاوەنباران دەکرا هەڤاڵ ئاڤێستا پەیامیکی بە دوژمندا، کە ئەوان هیچ کات ناتوانن ئیرادەی ژنی ئازاد تێکبشکێنن. لە عەفریندا ئاڤێستا بوو بە سیمبولی و هێڵی بەرخودان. دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمێکی بچووکی وەک عەفریندا چەندان تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و فڕۆکەی جەنگی و چەکی قورسی بەکارهێنا وەک ئەوەی بەرامبەر بە دەوڵەتێک بەکاری بهێنێت، بەڵام فەرماندارانی وەک رۆسیار، زیلان، تێکۆشین و ئاڤێستا تاکتیکی زۆر سەرکەوتوو ئەنجامگیریان بەکارهێنا. لەوێدا دڕندەیی و داگیرکەری تورکیا دەستدرێژیی کردە سەر جەستەی بارین و ئامارگی، ئەوەش نیشانى دەدات، کە داگیرکەران ئەوەندە دڕندەن کە هەموو سنوورێکی ئەخلاقی و ویژدانییان دەرباز کردووە. ئەو دڕندەییەی داگیرکەران هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ لە دژی گەلی عەفرین بەردەوامە.

- لە کاتێکدا وێنەی عەفرین لە بەرچاو بوو بۆ ئێوە جارێکیتر دەستتان بە هەڵمەتی گەردەلولی جزیر کردەوە؟

- لە پاڵ ئەو وێنە قورس و گرانەی عەفریندا، بەڵام گەلی عەفرین بەردەوامە لە بەرخودان و بەرخودانى عەفرین بەردەوامە، بۆیە ئێمە بڕیارماندا شەڕی خۆمان بەرامبەر بە چەتەکان رانەوەستێنین، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە جارێکیتر دەستمان بە هەڵمەتی گەردەلولی جزیر کردەوە، جارێکیتر هێزەکانمان ئامادەکردەوە، کە دەست بە هەڵەمەتەکە بکەینەوە. چونکە باش ئەوەمان دەزانی کە ئەردۆغان دەخوازێت تەمەنی داعش درێژ بکاتەوە و ئەوەش دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر گەلانی هەرێمەکە. لەسەر بانگەوازی گەلانی هەرێمەکە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین گەلانی هەرێمەکە لە ژێر دڕندەیی رزگار بکەین، ئێمە بڕیارماندا هەڵمەتەکە بەردەوام بکەین.

دەمانەوێت لە ماوەیەکی کەمدا لە دێرەزۆر مژدەیەک بە گەلی خۆمان و دنیا بدەین

لە هەلومەرجی سەختی زستاندا هەرێمێکی چۆڵی سەدان هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیمان رزگار کرد. هەرچەند چەتەکان گەلێک هێرشی گەورەیان ئەنجامدا بۆ ئەوەی ئێمە ئەو هەرێمانە بەجێبهێڵین، بەڵام ئێمە لەوێ ماینەوە. بەرخودانێکی زۆر گەورەمان ئەنجامدا. ئێستاش بەرخودانێکى زۆر بەهێز لەو هەرێمانەدا هەیە. دەمانەوێت ئەو مژدە و مزگێنییە، کە هەموو دنیا و گەلانی هەرێمەکە چاوەڕێی دەکەن لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، ئەو مژدەیە بە گەلەکەمان بدەین.

- لەم چەند مانگەى دوایدا دەرکەوت، داگیرکەری تورک و دەزگای میت دەیان شانەى نووستووی داعشیان دروستکردووە، ئێوە ئەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

- ئە شوێنانەی کە دەمانەوێت لە ژێردەستی ئەو چەتانە رزگاری بکەین، ئەوەى تیادا دەبینین، کە بە دزییەوە شانەى نووستوو، کە لەلایەن دەزگاى هەواڵگریى تورک (میت)ەوە پەروەردە و راهێنانیان پێکراوە. ئەو شانە نوستوانە لە هەرێمەکانی باکووری سوریا دزەیان پێکراوە و جێگیرکراون. بێگومان ئەمە بابەتێکی زۆر ناکۆکە، لە جێگەیەک دەڵێن، داعش کۆتایی پێهاتووە. لە جێگەیەکی تر دەڵێن، ئێمە شەڕ لە دژی چەتەکان بەڕێوەدەبەین، لە هەندێک شووێنیش شانەنوستووەکانیان لەلایەن ئێمەوە ئاشکرا دەکرێن. لە راستیدا دەخوازن گەل چاوترسێن بکەن. هەوڵدەدەن پێشەنگەکانی ئەم گەلە لەناو ببەن و هەرێمەکە تووشی ئاڵۆزی و پاشاگەردانى بکەن. یانى دەیانەوێت بڵێن، ئەگەر ئێوە لەگەڵ ئەو هێزەدا بن ئێوە لەناو دەچن و دەسڕدرێنەوە.

ئەمڕۆ لە دێرەزوور پڕوپاگەندەیەکی خراپ و رەشی لەو جۆرە بەڕێوەدەبەن. هاوکات لەگەڵ ئەو پڕوپاگەندەیەدا هێرشی دەروونی و جەستەى بۆ پاکتاوکردن ئەنجام دەدەن. واتا مەسەلەکە تەنها گەلی کورد نییە، لە شارەکانی تری وەک دێرەزۆر، رەقا و تەبقا ئەو برینانەی کە ئەم چەتانە دروستیان کردووە هێشتا نوێن. ئەمڕۆ هەڵوێستی گەل لە هەرێمەکەدا زۆر روون و لەبەر چاوە، گەل داگیرکاریی تورکیای ناوێت. لەبەر ئەوەی گەلانی هەرێمەکە ئەوە دەبینن، کە لە عەفریندا چییان بەسەر گەلی هەرێمەکەدا هێناوە و دڕندەییەکەشیان هێشتا بەردەوامی هەیە.

- هاوکات لەگەڵ هەڕەشە داگیرکەرییەکانى تورکیادا، ئەمەریکا بڕیاری کشانەوەی دا، ئێوە ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

- لە دوای چەندن ساڵ بەرخودان و بە تایبەتی لە دوای هێرشی سەر کۆبانێ، کە هەموو دنیا لە دژی ئەو هێرشانەوە وەستانەوە، هێزە نێونەتەوەییەکان، هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا ئێمە بە شێوەیەکی هاوبەش ئەو بەرخودانەمان بەردەوام کرد. بەدڵنیاییەوە ئەوە قۆناغێکی گرنگ بوو و بووە هۆکاری ئەوە، کە داعش بەرەو کۆتایی بچێت، بەڵام لە کاتێکدا و هێشتا ئەم هەڵمەتە کۆتایی نەهاتووە، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەرکرا و ئەوە بابەتێکی جێی پرسیار و زۆر سەرنجڕاکێش بوو. بەڵام سەرباری ئەوەش جارێکیتر گەلانی هەرێمەکە لەگەڵ هێزی پاراستنی خۆیان دا و بە ئیرادە و ورەی ئازادی خۆیان درێژە بە شەڕی خۆیان دەدەن. ئێمە بڕیارمانداوە تا دوا هەناسە گەلەکەمان و هەموو ژنان بپارێزین. چونکە ئەم گەلە مافی ئەوەی هەیە، کە بە شێوازێکی پارێزراو و بە ئارامی لەسەر خاکی خۆی بژی. ئێمە چەندین ساڵە بە بەردەوامی دەڵێین، بە دیالۆگ و گفتووگۆی سووری - سووری کێشەکانی ئەم گەلە باشتر چارەسەر دەکرێت و ئێش و برینەکانی ئەم گەلە زووتر چارەسەر دەبن. هەروەها ئێمە خۆبەڕێوەبەریمان بۆ هەموو پێکهاتەکانی هەرێمەکە دەوێت تاوەکو بە زمان و بە کولتوری خۆیان بتوانن بە ئیرادەی ئازاد و بەشێوەیەکى پارێزراو بژین. ئێمە ئەو تێکۆشانەمان بەهۆی ئەو هێزانەی هاوپەیمانیى نێودەولەتییەوە دەست پێنەکردووە و بە بێ ئەوانیش کۆتایی نایەت. ئەوە بۆ ئێمە هەڵوێستێکی ریشەی و بنەڕەتی و هەمیشەییە، کە تا دوا هەناسەمان گەلەکەمان دەپارێزین. لەبەر ئەوە ئەگەر شەڕ رووبدات ئەو کاتە بەرخودانمان گەورەتر دەکەین. دەبێت کەس خۆی هەڵنەخەڵيتێنێ ئەوەی، کە هێرش دەکات و ئەوەی کە ئەو هەرێمانە دەپارێزێت دیارن. لەبەرئەوەش ئێمە هیوادارین، کە هەرکەس ئەو راستییە ببینێت و بیپارێزێت.

- چۆن پێشوازی لە ساڵی نوێی ٢٠١٩ دەکەن؟

- لە هەموو بوارێکدا ئامادەکاری خۆمان بە شێوازێکی بەهێز بەردەوام دەکەین. هەڵوێستی گەلەکەشمان دیارە. ئێمەش وەک شەڕڤانانی ئەم گەلە بۆ ئەوە ئامادەین. هێزەکانیشمان لە هەموو بوارێکدا ئامادەن. ئێمە لەسەر خاکی خۆمان و لەگەڵ گەلی خۆمان دا هەبوونی خۆمان مسۆگەر دەکەین. ئەوەش دەڵێین، ئەگەر شەڕ لەو هەرێمانە ڕووبدات، شەڕی ئێمەش وەک پێشتر نابێت.

ئامادەکاریمان لە هەموو بوارێکدا هەیە، لەبەر ئەوەی ئێمە لە ڕێگەی چارەسەریی سیاسیدا بڵێین، کە ئێمەش هەین. پێویستە ئێمە بزانین چۆن خۆمان و وڵاتەکەمان بپارێزین. بە تەواوی هێزەکانی جیهانیش دەڵێین، چۆن لە وڵاتە جیاوازەکاندا خاوەندارییان لە گەلان کرد و ئەوانیان لە مەترسیى لەناوبردن رزگارکرد، با خاوەن لە گەلانی سوریا و رۆژئاواش دەرکەون. لەبەر ئەوەی گەلی ئەم هەرێمەش مافی خۆیەتی کە لەسەر ئەم خاکە بە ئارامی بژی. ئەم گەلەش پێویستی بە پاراستن هەیە. پێویستە هەموو دنیا خاوەنداریی بکات لە گەلی سوریا و گەلی رۆژئاوا هەتا بتوانن بەشداری بکەن لە چارەسەیدا. چونکە ئەوانەى باجیان داوە و فیداکارییان کردووە دەبێت بەشداری لەو پرۆسەیەی چارەسەریدا بکەن. رۆڵەکانی ئەم گەلەش مافی خۆیانە بە شادی و بە جەژن پێشوازی لە ساڵی نوێ بکەن، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ دەبینین منداڵان و رۆڵەکانى ئەم گەلە بە ترس و خۆفەوە دەچنە ناو ساڵی نوێ. خەندە لە سەر لێویان نەماوە. ئەو ژنانەی لێرە دەژین زوڵم و زۆرییەکی گەورەیان بە دەستی داعشەوە بینیوە. دەبێت ویژدانی مرۆڤایەتی بەو وێنە و تابلۆ ئازاراوییانە بهەژێت، دەبێت کەس خۆی لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بێدەنگ نەکات و خاوەنداری بکات لە مرۆڤ بوونی خۆی.

بەناوی یەکینەکانی پاراستنی ژنانیشەوە، خۆمان بۆ قورسترین شەڕ ئامادە دەکەین، بەڵام هیوادارین ئەمساڵ ببێتە ساڵی ئاشتی و هەرچەند ئەوە داخوازیی ئێمەیە، بەڵام جارێکیتر دەڵێین، لە هەر جێگەیەک هێرش بکرێتە سەر ژنان. لە هەر کوێیەک گەلەکەمان بکەوێتە مەترسییەوە ئێمە لەوێ دەبین و گەلەکەمان دەپارێزین.

لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە لە کەسایەتی شەهید ئاڤێستا، رۆسیار، ئیلان، پۆڵات و بارینەکاندا، هەموو شەهیدانی شۆڕش بە ڕێزەوە بە بیر دەهێنینەوە. ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ گەیشتووینەتە ئەم رۆژە ئەوە لە سایەی فیداکاری و رەنجی ئەوانەوەیە. ئێمەی هاوڕێى ئەوان قەرزداری ئەوەین، کە دۆزەکەیان بەردەوامی پێبدەین و خەون و خەیاڵەکانیان بهێنینە دی. دەبێت بتوانین ببینە شەڕڤانێکی شایستەی گەلی خۆمان، ئێمە شەهیدەکانمان بە بیر دەهێنینەوە و بەڵێن بۆ گەلەکەمان نوێ دەکەیەنەوە، کە ئێمە بتوانین خاوەنداری لە رەنجەکەیان بکەین. ئێمە بتوانین ئەوان بپارێزین ژیانێکی ئازاد و لەسەر خاکێکی ئازاد و بەیەکەوە دروست بکەین، کە باوەڕی سەرکەوتنی گەلانە. بە هیواین ئاشتی و ئارامی باڵبکێشێت بەسەر ئەو هەرێمانەدا. ساڵی ٢٠١٩ لە سەرجەم شەڕڤانان و لە گەلی وڵاتپارێزمان و مرۆڤایەتی و ئاشتیخوازان پیرۆز دەکەم.

ر.م