فەرماندەیی گشتی یەپەگە لەبارەی ڕووداوەکەی عاموودێ ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

فەرماندەیی گشتی یەپەگە لەبارەی ڕووداوەکەی ٢٧-٢٨ی حوزەیرانی ٢٠١٣ی عاموودێ ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و وتی،"بۆ ئاشتبوونەوە و بەدەستهێنانی ئاشتی و ئارامی دڵی گەلەکەمان فیداکاریمان کردووە و ئەوەش ئەرک و مافی گەلەکەمانە."

فەرماندەیی گشتی یەپەگە لەبارەی ڕووداوەکەی ٢٧-٢٨ی حوزەیرانی ٢٠١٣ی عاموودێ داوای لێبوردنی کرد و وتی،"ئەو ڕووداوەی کە لە ٢٧-٢٨ی حوزەیرانی ٢٠١٣دا لە عاموودێ ڕوویدا کارەساتێک بوو و زیانێکی گەورەی بە گەلەکەمان گەیاند و پێویستە لە مێژووی گەلی کورد و ڕۆژئاوادا دووبارە نەبێتەوە.

ئێمە وەک فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) خۆمان بەرپرسیار دەبینین و غەمگینی خۆمان دەردەبڕین و ڕایدەگەیەنین کە دان بەوە هەڵەکەماندا دەنێین کە کاتێک یەکینەکانمان لە بەرەکانی شەڕ دەگەڕانەوە ڕووبەڕووی گرۆپێک لە خۆپیشاندەران بوونەوە لەبەرانبەر ناوەندی ئاسایش کە داوای ئازادکردنی گەنجانی چالاکوانیان دەکرد و لە ئەنجامدا کەسانی بێتاوان گیانیان لەدەستدا.

ئێمە وەک فەرماندەیی گشتی یەپەپە لە ناخەوە غەمگینی و داخی خۆمان دووبارە دەکەینەوە. هەروەها ئێمە ئامادەین هەموو شتێک ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی ئەم برینە لە مێژووی شۆرشی ڕۆژئاوادا دەرمان بکەین، لێبۆردنی خۆمان پێشکەش دەکەین و قەڕەبووی مەعنەوی و مادی پێشکەش بە خانەوادەی شەهیدانی گەلی ئێمە لە شاری عاموودێ دەکەین.

بۆ ئاشتبوونەوە و بەدەستهێنانی ئاشتی و ئارامی و ئاسایش لە دڵی گەلەکەماندا، ئێمە فیداکاریمان کردووە و ئەوەش ئەرک و مافی گەلەکەمانە و بەرپرسیاریەکە کە ئاسایش و ئارامی ئەم گەلە مسۆگەر ببێت و ئێمە ئامادەین هەموو شتێکی پێویست بکەین."

ف.ق