قه‌سه‌ده‌ ئاماری شه‌ڕی دوایین ساته‌كانی هه‌ڵمه‌تی باغۆزی ئاشكرا كرد

قه‌سه‌ده‌ ده‌رباره‌ی دوایین هه‌ڵمه‌تی دژ به‌ چه‌ته‌كانی داعش ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاشكرای كرد ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌ته‌ كوژراون و زۆر خاڵی ژێر كۆنتڕۆڵی چه‌ته‌كانیش ڕزگار كراون.

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی (قه‌سه‌ده‌) ئاماری شه‌ڕی دوایین ساته‌كانی هه‌ڵمه‌تی ڕزگاركردنی گوندی باغۆزی ئاشكرا كرد. به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كه‌ له‌و شه‌ڕه‌ی كه‌ له‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆدا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ ٢٤ چه‌ته‌ كوژراون و ته‌رمی ٧ چه‌ته‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ستی شه‌ڕڤانان.

ڕاگه‌یه‌نراوی قه‌سه‌ده‌:

شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی ڕێكخراوی تێرۆریستیی داعش له‌نێو گوندی باغۆز. له‌ ئه‌نجامدا شه‌ڕ هاته‌ ئاراوه‌. له‌گه‌ڵ پێشڕه‌ویی شه‌ڕڤاناندا چه‌ندین تێرۆریست كوژران. له‌ به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی شه‌ڕدا له‌نێوان قه‌سه‌ده‌ و چه‌ته‌كانی داعش شه‌ڕ ڕوویدا. زۆر چه‌ته‌ كوژران و شه‌ڕڤانان چوونه‌ نێو ٢٠ خاڵی دیكه‌.

له‌ دره‌نگانی ئێواره‌دا شه‌ڕڤانان هه‌ستیان به‌ جموجۆڵی تێرۆریستان كرد له‌نێو توونێله‌كان. بۆیه‌ توونێله‌كانیان كرده‌ ئامانج و له‌ ئه‌نجامدا چه‌ندین تێرۆریست كوژران. هه‌روه‌ها چه‌ته‌یه‌ك توانی له‌ نزیك خاڵێكی هێزه‌كانمان خۆی بته‌قێنێته‌وه‌. له‌ ئه‌نجامدا شه‌ڕڤانێكمان به‌سوكی بریندار بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێزه‌كانمان چوونه‌ نێو ١٦ خاڵ.

تێرۆریستان به‌ ٢ چه‌ته‌ی خۆكوژ بلدۆزه‌رێكی هێزه‌كانی ئێمه‌یان كرده‌ ئامانج. بلدۆزه‌ره‌كه‌ به‌ته‌واوی سووتا به‌بێ ئه‌وه‌ی زیان به‌ شه‌ڕڤانان بگات. دواتر شه‌ڕێكی سه‌خت هاته‌ ئاراوه‌. له‌ ئه‌نجامدا هه‌ژمارێك تێرۆریست كوژران و ته‌رمی حه‌وتیان كه‌وتنه‌ ده‌ستی شه‌ڕڤانانی ئێمه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی بنكه‌ و مۆڵگه‌كانی تێرۆریستانیان كردنه‌ ئامانج. هه‌تا كاتی ڕاگه‌یاندنی ئه‌م ئاماره‌، ماوه‌ ماوه‌ شه‌ڕ له‌ به‌ره‌كانی باغۆز به‌رده‌وامه‌. دوایین ئه‌نجامه‌كانیش وه‌هان:

- ٢٤ تێرۆریست كوژران و ته‌رمی ٧ تێرۆریست كه‌وتنه‌ ده‌ستی شه‌ڕڤانان.

- ٣ تێرۆریست خۆیان ته‌قانده‌وه‌.

- شه‌ڕڤانێك بریندار بوو.

s.m