قه‌سه‌ده‌: ده‌وروبه‌ریی دێره‌زۆر به‌ته‌واوی ڕزگار كرا

فه‌رمانداره‌تیی گشتیی قه‌سه‌ده‌ ئاشكرای كرد كه‌ ده‌وروبه‌ریی دێره‌زۆر به‌ته‌واوی ڕزگار كراوه‌.

فه‌رمانداره‌تیی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات - قه‌سه‌ده‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاشكرای كرد كه‌ ده‌وروبه‌ری دێره‌زۆر به‌ته‌واوی ڕزگار كراوه‌.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوی قه‌سه‌ده‌:

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌مان بۆ ڕزگاركردنی شارۆچكه‌ی ده‌شیشا كه‌ ڕۆژی ٣ی حوزه‌یران له‌ چوارچێوه‌ی به‌رقه‌راركردنی ئاسایش و پاراستنی سنووری  سووریا - عێراق و ڕزگاركردنی ته‌واوی گونده‌كانی پارێزگه‌ی حه‌سه‌كه‌ له‌ ده‌ستی چه‌ته‌كانی داعش ده‌ستی پێكردبوو، پلانسازییه‌كه‌ی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق و هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی كرا.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌ هه‌ردوو لای شه‌داد و هۆلێ ده‌ستی پێكرد و ڕووبه‌ری ٧ هه‌زار و ١٣٦ كیلۆ مه‌تر به‌ درێژایی ١٩١ كم له‌ سه‌رانسه‌ری سنووری عێراق، له‌ناویشیدا شارۆچكه‌ی ده‌شیشای ستراتیژی و ته‌واوی گونده‌كانی ڕزگار كرا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گونده‌كانی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌كانی ئه‌لسوار و مه‌ركه‌ده‌-ی چه‌می خابوور و ده‌روازه‌ی سنووری تل سه‌فوك ڕزگار كران. هێزه‌كانمان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عێراق له‌سه‌ر سنوور گه‌یشتنه‌ یه‌ك و به‌م شێوه‌یه‌ ته‌واوی ده‌وروبه‌ری دێره‌زۆر ڕزگار كرا.

شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ سه‌دان سیڤیلیان ڕزگار كرد، هه‌روه‌ها سه‌دان هاوڵاتییان ڕزگار كرد كه‌ له‌و گوندانه‌ گیریان خواردبوو و دوورخرانه‌وه‌ له‌ هه‌رێمه‌ جه‌نگییه‌كان.

له‌و گوندانه‌ بۆ ڕێگرتن له‌ پێشڕه‌وی شه‌ڕڤانان، ژماره‌یه‌كی زۆری مین و ته‌قه‌مه‌نی له‌ لایه‌ن چه‌ته‌كانی داعشه‌وه‌ دانرابوونه‌وه‌، به‌ڵام یه‌كینه‌كانی ئه‌ندازیاریی سه‌ربازی ئه‌و مینانه‌یان پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شه‌ڕڤانانمان زۆر تونێلی ژێر زه‌وییان دۆزینه‌وه‌ و بێ كاریگه‌ریان كردن.

هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ شێوه‌یه‌كی چالاك له‌ زه‌وی و ئاسمانه‌وه‌ به‌شداری شه‌ڕ بوو و گورزیان له‌ جموجۆڵی چه‌ته‌كان و سه‌نگه‌ره‌كانیان دا. له‌ ئه‌نجامدا هه‌رێمه‌كه‌ به‌ گشتی ڕزگار كرا، زۆر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا.

s.m