قه‌سه‌ده‌: ٣٠ چه‌ته‌ی داعش كوژران

قه‌سه‌ده‌ ئاماری شه‌ڕی ٢٤ كاتژمێری ڕابردووی قۆناغی دووه‌می هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی جزیر-ی ڕاگه‌یاند كه‌ له‌ چێوه‌ی «شه‌ڕی نه‌هێشتنی تێرۆر»دا له‌ سنووری دێره‌زۆر دژی داعش به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی (قه‌سه‌ده‌) ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٣٠ چه‌ته‌ی داعش له‌ سنووری دێره‌زۆر كوژراون و ده‌ستیش به‌سه‌ر بڕێك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیدا گیراوه‌.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌:

له‌ شه‌ڕی نه‌هێشتنی تێرۆردا دژی ڕێكخراوی تێرۆریستی داعش له‌ سنووری ڕۆژهه‌ڵاتی دێره‌زۆر تێرۆریستانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر هێزه‌كانمان. شه‌ڕڤانانمان وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌یان دایه‌وه‌ و شه‌ڕ هاته‌ ئاراوه‌. له‌ ئه‌نجامدا ١٢ تێرۆریست كوژران. هه‌روه‌ها تیمه‌كانی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین ٩ مینی تێرۆریستانیان هه‌ڵگرتنه‌وه‌‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی چه‌ند بنكه‌یه‌كی تێرۆریستانیان كردنه‌ ئامانج و ڕووخاندنیان.

شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ له‌ ٢ قۆڵه‌وه‌ پێشڕه‌وییان كرد. دوای شه‌ڕی سه‌خت له‌گه‌ڵ چه‌ته‌كان، له‌ قۆڵێكه‌وه‌ كیلۆمه‌ترێك پێشڕه‌وییان كرد و ١٤ خاڵی نوێیان دامه‌زراند. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك تێرۆریستیان كوشتن، ده‌ستیشیان به‌سه‌ر زۆر چه‌كی چه‌ته‌كاندا گرت و ٢ مینیشیان پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌. فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ چه‌ند بنكه‌یه‌كی تێرۆریستانیان دا و ئۆتۆمبێل و چه‌ندین چه‌كیان ته‌قاندنه‌وه‌.

له‌ به‌ره‌یه‌كی دیكه‌، شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ هێڵه‌كانی به‌رگریی پێشه‌وه‌ی تێرۆریستانیان شكاندن و ٧٠٠ مه‌تر پێشڕه‌وییان كرد. هه‌روه‌ها ٢٧ خاڵی نوێیان دامه‌زراند. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ١٨ خاڵی نوێیان دامه‌زراند و له‌ خه‌باتی كێوماڵكردندا بلدۆزه‌رێكی تێرۆریستانیان دۆزیه‌وه‌.

له‌ هه‌موو به‌ره‌كان شه‌ڕ به‌رده‌وامه‌.

ئاماری شه‌ڕ:

- ٣٠ تێرۆریست كوژران.

- كۆگه‌یه‌كی لۆجستیی چه‌ته‌كان ڕووخێنرا.

- ١٤ بنكه‌ ڕووخێنران.

- ٢ چه‌كی دۆشكه‌ ته‌قێنرانه‌وه‌.

- ئۆتۆمبێلێكی چه‌ته‌كان ته‌قێنرایه‌وه‌.

- ٢ بلدۆزه‌ر ته‌قێنرانه‌وه.

ئه‌و چه‌كانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا:

دۆشكه‌یه‌كی ١٢.٥

چه‌كێكی م١٦

چه‌كێكی كڵاشینكۆف

١٢ مین پووچه‌ڵ كرانه‌وه‌

s.m