قۆناغی دووەمی گفتوگۆی پارتەکانی ڕۆژئاوا دەستیپێکرد

پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد رایانگەیاند، قۆناغی دووەمی گفتوگۆی کورد-کورد بۆ پێکهێنانی یەکێتی سیاسیی کورد، دەستیپێکردووە.

نوێنەرانی پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد دوێنێ لە بارەگای پەیەدە لە قامیشلۆ کۆبوونەوەیەکی ئاساییان ئەنجامدا. لەو کۆبوونەوەیەدا پێشکەوتنی پەیوەندیدار لەبارەی گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکانی کورد خرایە بەر باس.

دوای کۆبوونەوەکە، فەرهاد تێلۆ، سکرتێری گشتیی یەکێتیی لیبراڵەکانی کوردستان رایگەیاند، قۆناغی دووەمی گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکانی کورد دەستیپێکردووە.

تێلۆ وتی:"شەوی ڕابردوو پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد لەگەڵ نوێنەرانی ئەنەکەسە کۆبوونەوە، گفتوگۆ لەبارەی هەندێک بابەتەوە کرا و بەپێی کۆبوونەوەی نێوان ئەو لایەنانە، ناکۆکیی زۆر گەورە لەئارادا نەبوو. دەتوانین ئەو کۆبوونەوەیە بە کۆبوونەوەی دووەمی قۆناغی دووەمی گفتوگۆی نێوان کورد ناوزەد بکەین".

تێلۆ باسی ئەوەشیکرد، لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمدا بابەتە سەرەکییەکان بۆ گفتوگۆ لەو کۆبوونەوەیەدا پێشوەختە دیاریی نەکراوە، بەڵکو لە خودی کۆبوونەوەکەدا دیاریی دەکرێت.

تێلۆ ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی قەسەدە و ویلیام رۆیبوک ڕاوێژکاری ئەمریکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئامادە بوون.

ف.ق