قەرەسوو: گلادیۆی ئەردۆغان دەسەڵاتى گرتووەتە دەست

مستەفا قەرەسوو لەبارەی هێرشەکانى ئەمدواییەى رژێمى ئاکەپە – مەهەپە لە دژى گەلی کورد و هەدەپە رایگەیاند "دەبێت گەلی کورد و هێزە دیموکراسیخوازەکان لە دژی هێرشەکان زیاتر خۆیان بە رێکخستن بکەن و بە هۆشیارییەوە بەرگری لە خۆیان بکەن".

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) وتارێکى لە رۆژنامەى یەنى ئۆزگیور پۆلیتیکا بڵاوکردەوە و تیایدا باسی هێرشەکانى رژێمى ئاکەپە – مەهەپەی لە پرسوس و هەڵوێستى گەلی کورد و هێزە دیموکراسیخوازەکان لە دژى ئەو هێرشە کرد.

قەرەسوو رایگەیاند، فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە دەڵێن 'کێشەى کورد بوونى نییە' و بەو شێوەیە نکوڵی لە بوونى کورد دەکەن. راشیگەیاند "هەدەپە وەک رێکخستنێکى تیرۆر پێناسە دەکەن. باسى لە سێدارەدانى سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکەن. ئەوە سەلمێنەری تایبەتمەندیى تەیب ئەردۆغان و دەسەڵاتداریى ئاکەپەیە بۆ دوژمنایەتیکردنى کورد".

 گلادیۆی کۆشەکەکەى ئەردۆغان لە رحا دەسەڵاتى بە دەستەوەیە

قەرەسوو وتی، فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە نزیکایەتیی فاشیستانە و هێرشبەرانەى لەسەر هەدەپە زیادکردووە و وتیشى "هێرشەکانى ئەمدواییە لە دژى هەدەپە روویان لە زیادبوون کردووە. ئەو هێرشانە لەلایەن گلادیۆى کۆشکەکەى ئەردۆغانەوە بەرنامەى بۆ دادەنرێت و ئەنجام دەدرێن. پیلانگێڕی و کارە ئاژاوەگێڕییەکانیان لە رحا / پرسوس لەلایەن تەیب ئەردۆغان و گلادیۆکەیەوە پلانى بۆ دانراوە و جێبەجێکراوە. دەیانەوێت بەو کارە تێکدەرانەیە رێگا لە هەڵوەشاندنەوە و داڕمانى ئاکەپە لە کوردستاندا بگرن. ئەو رووداوە دەکەنە پاساو بۆ ئەوەى گوشار و هێرشى تر لە دژى هەدەپە زیاتر بکەن".

قەرەسوو لە بەردەوامیى وتارەکەیدا نووسیویەتى "شێوازى رووماڵکردن و بڵاوکردنەوەى هەواڵى هێرشەکەى پرسوس لەمیدیاکاندا بوار بۆ ئەنجاندانى هێرشی تر و هێرشى هاوشێوە دەڕەخسێنێت. لە رحا گلادیۆی کۆشک دەسەڵاتى گرتووەتە دەست و کارەکان بەڕێوەدەبات و ئەنجامیان دەدات. قسەکانى سەرۆکى شارەوانیى سەرێکانی، ئاژاوەگێڕییەکەى پرسوس، پیلانگێڕی و کۆمەڵکوژییەکەى پرسوس لە یەکتر جیا نین و پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە. گرنگە گەلی رحا ئەو راستییە بزانێت و لە هەموو شوێنێکدا خۆیان زیاتر بە رێکخستن بکەن و بە بڕیار و پێداگر بن و زیاتر و باشتر خۆڕاگری بکەن".

"کەرامەت و ئازادیى گەلێک لە هەموو شتێک هێژاتر و گرنگترە"

قەرەسوو باسى ئەوەیکرد، دەبێت هێزە دیموکراسیخوازەکان و گەلی کورد لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا هەنگاو بۆ دواوەوە هەڵنەگرن. لە بەردەوامیى بابەتەکەیەدا نووسیویەتى "گرنگە زیاتر خۆیان بە رێکخستن بکەن و بە هۆشیارییەوە لە دژى ئەو هێرشانە خۆڕاگرى بکەن. ئاگاداری پیلانگێڕی و ئاژاوەگێرییەکان بن، بەڵام ناشبیت لە بەرامبەر گوشار و زوڵمدا سەر دانەوێنن و بە بڕیارتر و پێداگرتر بن، چونکا کەرامەت و ئیرادەى ئازادی گەلێک لە هەموو شتێک هێژاتر و گرنگترە. بۆ ئەوەش هەموو باجێک دەدرێت.  خۆبەدەستەوەدان و تەسلیمبوون و ژیانێکى بێکەرامەت، ژیانێکى پووچە. ئەو ژیانە هەزار جار لە مردن خراپترە. دەیان هەزار رۆڵەى گەلی کرد بۆ دروستکردنى ژیانێکى بە کەرامەت، بەرخۆدانێکى شکۆمەندانە و بە کەرامەتیان هەڵبژاردووە. هێزە دیموکراسیخواز و شۆڕشگێڕەکانى تورکیا هەزاران شەهیدیان لە پێناو ئەو رێگەیەدا بەخشیوە. شەهیدەکانمان نیشانیان داوین، کە دەبێت بە چ شێوەیەک بژین و بە چ فەلسەفەیەک تێبکۆشین".

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە ئەوەشى وت "گەریلا لە دژى هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بە شێوەیەکى فیداییانە و مێژوویانە بەرگری دەکات. ئەو بەرخۆدانە رێگاى داهاتوویەکى ئازادمان بۆ دروست و مەیسەر دەکات. ئەو بەرخۆدانە داهاتوویەکى ئازادمان بۆ دەئافرێنێت. ئەم گەلە دەیان هەزار رۆڵەى لەوجۆرەى هەیە، کە ناتوانێت خۆبەدەستەوەدان و تەسلیمیەت قبوڵ بکات. نەک تەنها دەیان هەزار گەریلاى رۆڵەى گەلی کورد شەهید بوون، بەڵکو دەیان هەزار ژن، گەنج، بە تەمەن و منداڵ لە بەرخۆدان لە دژی فاشیزم، لە دژى پاکتاوکاری و سڕینەوە شەهید بوون. لەبەر ئەوەش گەلی کورد و هێزە دیموکراسیخوازەکان لە دژى ئەو هێرشانە خۆڕاگری دەکەن. ئەوەتا گەلی کورد و هێزە دیموکراسیخوازەکان بە لێدوانەکانیان بە هەڵوێستەکانیان لە هەموو شوێنێکەوە یەک دەنگ ویەکڕیز خۆڕاگری دەکەن و ئەوەشیان سەلماندووە".  

قەرەسوو لە کۆتایى وتارەکەیدا داواى لە گەلی کورد و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان کردووە، کە دەرفەتى هەڵبژاردن باش بەکاربهێنن و خاوەندارى لە دەنگەکان و سندوقەکان بکەن بۆ ئەوەى دەسەڵاتداریى ئاکەپە تێکبشکێنن.

ر.م