قەرەیلان: لە سەردەمی حساب پرسینى مێژوویداین

قەرەیلان ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە رایگەیاند، ئەگەر دەوڵەتى تورکیا هەوڵ بدات زیاتر بێتە خاکى باشووری کوردستانەوە ئەوا ناتوانێت خۆى لە بەرامبەر تاکتیکەکانى پاراستندا رابگرێت. ئیتر حساب پرسینى مێژوویی باشووری کوردستان بۆ دەوڵەتى تورک دەکاتە دۆزەخ.

موراد قەرەیلان ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە بۆ رۆژنامەى یەنى ئۆزگیور پۆلیتیکا قسەى کردووە و باسی لە تاکتیکی چالاکییەکان و چالاکییە سەرەکییەکانى گەریلا کردووە و وتویەتى "بە گشتی لە مانگەکانى ئادار و نیساندا لە هەموو ئەیالەتەکاندا قۆناغی ئەنجامدانى چالاکییەکان دەستیان پێکرد. ئەوە زۆر باش بوو. ئەو قۆناغە بەردەوامە. چاوەڕێ دەکرێت لە ئێستا بە دواوە بە سوودوەرگرتن لە تایبەتمەندیی هاتنی وەرزەکانیش، چالاکی و هەڵمەتى گەریلا زیاتر ببێت.  

هەموو شێوازەکانى چالاکى لەو قۆناغەدا بە تاکتیکى بەرزەوە بەرامبەر بە دوژمن ئەنجامدران. چالاکییەکانى سابوتاژ، قەناس، بۆسەدانان ئەنجامدران. هەندێک چالاکیی تریش ئەنجامدران کە سەرنجەکانیان راکێشایە سەر خۆیان. لە ئەیالەتى بۆتان چەند جارێک بە تاکتیکى هێرش و چوونە ناو دوژمن چالاکى ئەنجامدران. ئەوە سەرنجەکانى راکێشایە سەر خۆی. هەروەها لە ئەیالەتى زاگرۆس چالاکیى بۆسەدانان ئەنجامدران. لە هەرێمى خواکورک بۆسەدانان و دەستبەسەردا گرتنى چەکەکانی دوژمن هەبوو. ئەو چالاکییانە سەرنجڕاکێشن. چالاکیى سابوتاژی گیوربولاک سەرنجڕاکێش بوو. کاتێک راپۆرتەکان دەگەیشتن وەک ئەوە وابوو، چالاکییەکیى ئاسایى بوو بێت، بەڵام لە ڤیدیۆکاندا ئەوە دەرکەوت، کە چالاکییەکە زۆر ئەنجامگیر بووە".

مانگێک ١٠٠ سەرباز لە گردێکدا دەکوژرێت

قەرەیلان ئاماژەى بەوەکرد، شاردنەوە و سانسۆرێکى قورس لە تورکیادا هەیە و هەم چالاکییەکان و هەم کوژراوانى سوپاى تورکیا بە تەواوى دەشاردرێنەوە.

قەرەیلان وتیشی "چالاکییەکانى ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە میدیاکاندا بڵاو  ناکرێنەوە. هیچ کەسێک ناتوانێت هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەبارەى چالاکییەکانەوە لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبکاتەوە. گوایە هەندێک چالاکیى ئێمە بڵاودەکرێتەوە، ئێمە لەوە تێنەگەیشتین پێوەرى ئەوان بۆ بڵاوکردنەوەى ئەو چالاکییانە چییە. رەنگ کاتێک کوژراویان زۆر بێت لە میدیاکاندا باس لە کوژرانی کەسێک یان ٢ کەس بکەن. لە چالاکیى گیوربولاک دا ٣٣ سەرباز تیاچوون. ئێمە ڤیدیۆمان هەیە و بە روونی دیارە تەرمەکان چۆن و یەک بە یەک کۆدەکرێنەوە. سەربارى ئەوەش ژمارەى سەربازە کوژراوەکانیان ئاشکرا ناکەن. لەلایەکى ترەوە لە لێلیکان لە مانگێکدا ١٠٠ سەرباز دەکوژرێت، بەڵام ئەوە بە هیچ  شێوەیەک لە میدیادا بڵاوناکرێتەوە. لە گردی کۆردینەش ژمارەیەکى زۆریان لێکوژرا، بەڵام دیسانەوە لە میدیادا نەک باسی نەکرا، بەڵکو باسی ناوى شوێنی شەڕەکەش نەکرا".

هێزى شەڕی زەمینیى سوپاى تورکیا تێکشکاوە

موراد قەرەیلان ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە وتی، دەیانەوێت بە بەرفراوانکردن و بڵاوکردنەوەی چالاکییەکانیان خۆیان بگەیەننە ئاستى خۆیى و سەرنجڕاکێش و ئەنجامگیر و وتیشی "هەندێک چالاکى لەو چوارچێوەیەدا ئەنجام دەدرێن. زەقترین و دیارترین تایبەتمەندیى ئەو چالاکییانە بەمشێوەیەن؛ لە هەموو چالاکییە زەمینییەکاندا لە دژى سوپاى تورک، کە گەریلا خۆى دەکات بە ناو دوژمندا و هێرش ئەنجام دەدات، سەربازانى تورک بەرگە ناگرن و خۆڕاگری ناکەن و لە شوێنەکە دەکشێنەوە، واتە رادەکەن. هەندێک ڤیدیۆمان هەیە، کە نیشانى دەدات چۆن رادەکەن. تاوەکو ئێستا گەریلا هێرشى کردبێتە سەر هەر شوێنێک، ئەنجامێکى لە هێرشەکەیدا بەدەستهێناوە. لە ماوەیەکی کەم و خێرادا ئامانجەکەی پێکاوە و کۆنترۆڵیکردووە. لەوەوە دەردەکەوێت سوپاى تورکیا هێزى شەڕکردنى زۆر کەم بووەتەوە. ئێمە ناڵێن هەر هیچ هێزى شەڕکردنى نەماوە، بەڵکو دەڵێین، هێزى شەڕکردنى زۆر کەمیکردووە. سوپا و دەوڵەتى تورکیا هەوڵ دەدەن ئەو بۆشاییە بە هێزى ئاسمانى، هەواڵگری و تەکنەلۆژیاى سەربازی و سیخوڕی پڕ بکەنەوە. ئەوەش یانى هێزى زەمینى زۆر زۆر لە پێگە و تواناى خۆی دوورکەوتووەتەوە. پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە ئەوەندە بە قورسی بەڕێوەدەبەن و لەخۆیان قورس کردووە، کە ئاگاداری دۆڕان و شکستەکەیان لەسەر زەویدا نین".

سەرباز ناوێرێت هێرش بکاتە سەر گەریلا

پێشتر لە هەندێک شوێندا شەڕی دەستەویەخە روویان دەدا. ئێستا شەڕی دەستەویەخە زۆر کەمە. سەرباز هێرش ناکاتە سەر گەریلا و تاوەکو ئێستا ئێمە لەم قۆناغەدا ئەوەمان نەبینیوە کە سەرباز بوێرێت و بێت و هێرش ئەنجام بدات. پێشتر لە چالاکییەکانى گەریلادا شەڕی دەستەویەخە روویان دەدا. پێشتر سوپاى تورک کە لە شوێنى گەریلا، یان لە گەریلا نزیک دەبوویەوە بیری لەوە دەکردەوە لە دەرفەتێکدا رووبەرووی گەریلا ببێتەوە و لەو کاتەدا شەڕی دەستەویەخە رووی دەدا. ئێستا لە زۆربەی ئەو شەڕانەدا کە روو دەدەن ئەوە دەردەکەوێت، کە ئیرادە و ورەی شەڕی سوپاى تورک تاوەکو چ رادەیەک دابەزیوە. ئەوەى لە پراتیک و لە کردەوەدا دەردەکەوێت، ئەوەیە کە بە بێ ئەوەى شەڕ بکات دەکشێتەوە. یان هەر ئەوەندە بەرخۆدانى بەرامبەر کرا خێرا بڵاوەى لێدەکەن و رادەکەن. ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە دوژمنى خۆمان بە بچووک و کەم سەیر بکەین و بە لاواز پێناسەی بکەین، بەڵام ئەوە راستیى دوژمنەکەمانە. هێزى سەرەکیى شەڕکەری سوپاى تورک بە زۆری هێزى تایبەتى جەندرمە (JOH) و هێزى تایبەتى پۆلیس (POH)ن. یانى دەیەوێت لە شەڕی زەمینیدا بە هێزێک کە بۆ پارە شەڕدەکات و بە میلیشاکان و هێزى هاوتەریب شەڕ بەڕێوەببات. ئەو سەربازانەی کە بە پارە شەڕ دەکەن لێهاتویى شەڕیان نییە. ئەو هێزە بە جۆرێکە کاتێک گوشارى کەوتە سەر رادەکات، بە قاچاخچی شەڕ دەکەن.

شەڕ بە ماددیات و پارە ناکرێت. شەڕ بابەتی بڕوایە. شەڕ پەیوەندییەکى بەهێزى بە بڕوا و ئایدۆلۆژیاوە هەیە. لەلاى ئەو سەربازانەدا، کە بە پارە شەڕ دەکەن نەک لایەنى ئایدۆلۆژی بەڵکو لایەنى ماددی لە پێشەوەیە. لەبەر ئەوەش لە پراتیک و بە کردەوە توانایى شەڕیان نییە. ئەگەر بە پشتیوانیى هەمیشەیى درۆن و پشتیوانیى ئاسمانى نەبێت ناتوانن لە بەرامبەر گەریلادا هیچ شوێنێک بگرن. ئەوان لە بەرامبەر هێرشەکاندا لێکهەڵدەوەشێن".

دەوڵەتى تورک لە رۆژئاوا کەوتووەتە ناو زەلکاو

موراد قەرەیلان ئاماژەى بەوەکرد، تورکیا بۆچوون و روانینى شەڕی بەرامبەر بە هەموو کوردستان هەیە. ئەوەش لەسەر بنەمای هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە – ئەردۆغان و هێڵی گروپى قاعیدەیە. لەوبارەیەوە وتى: "روانین و بۆچوونى ئەوەیە دژایەتى بەرامبەر بە رۆژئاوای کوردستان پێش بخات. ئەوەش لە عەفرین بە بەرخۆدانێکى گەورە بەرەنگاریى کرا. بە شێوەیەکى جدی لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە لە ژان و قەیراندایە.

لەلایەکى ترەوە لە ئێستادا سیستمى کۆمەڵایەتى و ئەفسانەیى و قارەمانانەى رۆژئاوا رێگا نادات دەوڵەتى تورکیا کارێکى زیاتر ئەنجام بدات. لەبارەى منبجەوە زۆر شتیان وت، بەڵام ئەوەى لە منبج هەیە و روو دەدات، پووچەڵکردنەوەى پلانەکانى ئەوانە. لە رۆژئاوا دەوڵەتى تورک بەرەو پێش نەڕۆیشتووە. لە راستیدا بە شێوەى زەق کەوتووەتە ناو زەلکاو و لە خنکاندایە.

سوودى بۆیان نییە

ئەگەر لێکدانەوە بۆ دۆخەکە بکەین، لە راستیدا بیر لەوە دەکەنەوە بۆ ئەوەی روانین و بۆچوونەکەیان لە دژى باشووری کوردستان جێبەجێ بکەن، بوارەکە زیاتر لە باشوور بۆیان گونجاوە، بەڵام لێرە هێزێکى گەورە و بە تواناى بزووتنەوەکەمان بوونى هەیە و ئەوانیش خۆیانى لێ لادەدەن. لە ساڵی رابردووە لە دژی باشوور ئەو هەوڵەیانە خستووەتە کار. سەرەتا لە زاپ و گردی کۆردینە خۆیان جێگیرکرد. ئەوە وەک سنوور وایە و ٥٠٠ مەتر دەکەوێتە دیوى باکوورەوە. دواتر شانبەشانى ئەوە، ٥٠٠ مەتر تاوەکو کیلۆمەترێک لە خەرەگۆل هاتە ناوەوە و سەنگەری لێدا. لە ناو دەشتى حەیاتێ دا گردی کەڤۆرتێ هەیە. ئەو گردەیان گرت. لەوێیەوە هاوشێوەى پیتى ئێڵ (L) روویانکردە لێلیکان. بە هێرشى ئاسمانى و تۆپبارانکردن چوونە لێلیکان. ئێستا لە نێوان سنوور و لێلیکاندا ٢٠ کلیۆمەتر مەودا هەیە. سوپاى تورکیا لە خاکى ئێمەدا لە کەڤۆرتێ ٣ بۆ ٤ کیلۆمەتر پێشڕەویى کردووە. ئێستا بەو شێوەیە لەو ناوچانەدا بمێنێتەوە، ئەوا سوودی بۆیان نابێت، چونکە لەو ناوچانەدا لە بارودۆخێکدان کە باشتر و زیاتر دەبنە ئامانجى گەریلا. لەبەر ئەوەش پێش هەموویان لە گردی لێلیکان و ئینجا لە دژى هەموو ناوچەکانى تر، گەریلا بە بەردەوامى چالاکییان لە دژ ئەنجام دەدات. گەریلا بە لێهاتووییەکى باش و لە مەودایەکى باشی قەناس بە دەستاندا، لە دەورووبەری لێکیلکان سەنگەریان گرتووە. تەنانەت گەریلا لە پێگەیەکى ئەوەندە باشدایە کە دوژمن ناتوانێت بە لێدانى ئاسمانیش گەریلا لەوێ بکاتە دەرەوە.

بە دواى هاوپەیماندا دەگەڕێت

لە دۆخێکى ئاسایی و لە بواری سەبازییەوە دەبوایە لەو ناچانەدا بەرەو پێش بچوونایە و حکومیان بەسەر ناوچەکەدا بکردایە و هێزەکانى خۆیان بپاراستایە. لەبەر ئەوەش دەبێت یان بەرەو پێش بڕوات یان دەبێت بکشێتەوە. دەوڵەتى تورکیا لە بەهارەوە لەو ناوچانەدا راوەستاوە. لە راستیدا لەبەر ئەوەى بە تەواوی بوێری و ئازایى نییە، هێشتا لە قۆناغی ئەوەدایە بڕیار بدات یان نەیدات. ئەگەر لە ناوچەکە بکشێتەوە، ئەوە شکست و دۆڕانە و نایەوێت ئەوە بکات.

بەپێى روانین و بۆچوونى ئەوان دەبێت لە دژى باشوور هێرش ئەنجام بدەن، بەڵام بۆ بەرەوپێش رۆیشتن تەنها خۆیان ناوێرن، لەبەر ئەوە دەزانن گەریلا بە بەرخۆدانێکى بەهێزەوە رووبەڕوویان دەبێتەوە. لەبەر ئەوەش بە دواى هاوپەیماندا دەگەڕێت. ئێمە دەزانین لەگەڵ ئێران و عێراقدا چاوپێکەوتن لە ئاستى جۆراوجۆردا ئەنجام دەدەن. تەنانەت ئەو ٣ دەوڵەتە لە بەغدا چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا. ئێستاش ئەو چاوپێکەوتنانە بەردەوامییان هەیە. لە چاوپێکەوتنەکاندا بابەتى سەرەکى کە لەلایەن تورکیاوە هێنراونەتە پێشەوە ئەمانەن: با ئێمە لە دژى پەکەکە ئۆپراسیۆنێکى هاوبەش ئەنجام بدەین. با پەکەکە بە تەواوەتى بسڕینەوە. دواتر باشوور بسڕینەوە، کە بۆ هەموومان بووەتە سەرئێشە و پێگەی کورد. بەو شێوەیە ئێمە دەتوانین بە شێوەیەکى رەها و بە تەواوى ببینە باڵادەست بەسەر کوردانەوە. ئەوە ئامانجە سەرەکییەکانیانە.

بۆ ئێمە دەبێتە دەرفەت

بڕیارى ئێمە ئەوەیە؛ ئەگەر دەوڵەتى تورک بەرەو ناوەوەى باشووری کوردستان بەرەو پێش بێت، ئەو هاتنەیان بۆ ئێمە دەبێتە دەرفەت. ئێمە لە بەرامبەریاندا و بەو هێزەى هەمانە، تەنها تاکتیکى پاراستن بۆ خۆمان ناکەینە بنەما. بێگومان ئێمە هێزەکەمان دەپارێزین، بەڵام تاکتیکى سەرەکى و بنەڕەتیمان ئەوەیە، کە بە حساب پرسین و تۆڵەکردنەوەیەکى مێژوویى باشووریان لێ بکەینەوە زەلکاوێک کە تیادا رۆبچن و بۆیان دەکەینە دۆزەخ. ئەگەر ئەوان بێن، ئەوا ئەوە ئامانجی سەرەکیمان دەبێت و ئێمە هەوڵەکانیان بۆ داگیرکردن هەڵدەگەڕێنینەوە و تووشى تێکشکاندنێکى مێژووییان دەکەین و دەیکەینە سەرکەوتنێکى مێژوویى".

ر.م