قەسەدە ئاماری ٢ مانگ شەڕی باغۆزی لە دژی چەتەکانى داعش بڵاوکردەوە

هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) ئاماری ٢ مانگ ئۆپەراسیۆن و شەڕی لە دژی چەتەکانى داعش لە باغوزی دێرەزۆر بڵاوکردەوە.

بەڕێوەبەرانى قەسەدە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا ئاماری شەڕی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ١٩ی بەرفرانبار تاوەکو ١٦ی ئاداری ٢٠١٩ / ٢٥ی رەشەمە لە چوارچێوەى ئۆپەراسیۆنى "کۆتایهێنان بە تیرۆر"، کە لە دژی چەتەکانى داعش بەڕێوەدەچێت بڵاوکردەوە. لە ئامارەکەدا زانیاری لەبارەى ژمارەى ئەو هاووڵاتییانەى لە باغۆز رزگار کراون خراوەتەڕوو.

کینۆ گابریەل وتەبێژی هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) رایگەیاند "شەڕی کۆتایهێنان بە تیرۆر، کە لەلایەن هێزەکانمەوە لە رۆژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ١٩ی بەرفرانبارەوە دەستپێکرد بەردەوامیى هەیە. لە قۆناغی ئێستادا هەڵمەتى قەسەدە لە دژی داعش سەرکەوتنێکى گەورەی بەدەستهێناوە. رێکخستنى داعش لە سنوورێکى بچووکدا لە باغوز، لە رۆژهەڵاتى دێرەزۆر گیردراوە".

گابریەل رایگەیاند، هێزەکانیان هەزاران هاووڵاتیى مەدەنی کە لەلایەن رێکخستنى تیرۆری داعشەوە کرابوون بە قەڵغانی زیندوو رزگارکردووە و بردونیان بۆ ناوچەى ئارام و دواى ئەوەش ئەو تاکە گوندە، کە چەتەکانى تیادا ماوە گەمارۆ دراوە.

لە بەردەوامیى راگەیاندراوەکەدا گابریەل وتى "هێزەکانى ئێمە لە سەر زەوی و هێزەکانى هاوپەییمانانیش لە ئاسمانەوە گورزی قورس لە رێکخستنى تیرۆر دەدەن. دواى ئەو گورزە قورسانە بەشێکی گەورە لە ئەندامانى رێکخستنى تیرۆر و بنەماڵەکانیان خۆیان رادەستکرد. هەروەها سەدانیشیان لێ کوژراو و بریندار بوون".

گابریەل وتیشی "هاووڵاتییە مەدەنییەکان رزگاکراوەکان" و ئەندامانى رێکخستنى تیرۆریش لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە هەرێمەکە دوورخراونەتەوە. لەبارەى شەڕڤانە شەهیدەکانى قەسەدە لەو شەڕەدا و وردەکاریی ئامارەکانی تر ئەم زانیارییانەى خستەڕوو:

 * ئەو تیرۆریستانە و بنەماڵەکانیان کە خۆیان رادەستکردووە: ٢٩ هەزار و ٦٠٠ کەسن، (زیاتر لە ٥ هەزار تیرۆریست).

 * ژمارەی ئەو تیرۆریستانەى لە ئەنجامى ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکاندا و لەلایەن هێزەکانمانە دەستگیرکراون: ٥٢٠ تیرۆریستن.

* ژمارەى ئەو هاووڵاتییانەى رزگارکراون: ٣٤ هەزار کەسن.

* ژمارەى تیرۆریستە کوژراوەکان لەو ماوەیەدا: ١٣٠٦ تیرۆریست و لەگەڵ برینداربوونی ژمارەیەکى زۆری تیرۆریستەکان.

* ٨٢ شەڕڤانمان شەهید بوون و ٦١ شەڕڤانیش برینداربوون".

ر.م