قەسەدە ئاماری ساڵی رابردووی لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرا کرد

قەسەدە ئاماری شەڕ و بەرخۆدانی ساڵی ٢٠١٩ی بە راگەیاندراوێک بڵاو کردەوە. قەسەدە راشیگەیاند کە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەکەنی قەسەدە، ئاماری شەڕ و بەرخۆدانی ساڵی ٢٠١٩ی ئاشکرا کرد.

راگەیاندراوەکەی قەسەدە لەبارەی شەڕ و بەرخۆدانی ٢٠١٩ بەم شێوەیەیە:

'بە ئامانجی پاراستنی ئازادی و شەرەف پێشەنگایەتی شۆڕشی کرد'

گەلانی رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا لە ساڵی ٢٠١٩دا بە ئامانجی پاراستنی ئازادی و شەرەفی خۆیان، پێشەنگایەتی تێکۆشانێکی شۆڕشگێڕیی بێ وێنەیان کرد. ئەمڕۆکە بەرخۆدانمان، هێندەی کە بە ئامانجی پارێزگاریی نرخە بنەڕەتییەکانی مرۆڤایەتی هێڵێکی ئازادیخواز و ئەنترەناسیۆنالیست پێشخست، بە شەڕ لەدژی سوپای تورکی داگیرکەریش پێشەنگایەتی تێکۆشانی نەتەوەیی کرد.

 

'داعشی تێکشکاند'

هێزەکانمان لە ساڵی ٢٠١٩ دا رێکخراوی تیرۆریستی داعشی لەناوبرد و کۆتایی بە سەروەری کۆیلەداری هێنا.

لە ٢٣ی ئازاردا، لە گوندی باهۆز-ی سەربە پارێزگای دێرەزۆر، رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە تەواو لەناو برا، بەو شێوەیە سەردەمێکی درێژ و تاریک کۆتایی پێهات و ئارامی لە هەرێمەکە دابین بوو. ئەو دەرەنجامانەی لە ساڵی ٢٠١٩ هێزەکانمان لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی شانە نووستووەکانی داعش بەدەستیخستوون بەم شێوەیەیە:

'لە ماوەی سێ مانگدا ١٣٠٦ چەتە کوژران'

- لە شەری ماوەی ٣ مانگدا، لانی کەم ١٣٠٦ چەتە کوژران.

- زیاتر لە ٢٩ هەزار و ٦٠٠ چەتە و بنەماڵەکانیان (لە عێراق، سوریا و وڵاتانی دیکەی جیهان دەستگیر کران)

- حەوت هەزار کم دووجا خاک لە تیرۆر پاک کرایەوە.

- ژمارەیەکی زۆر چەک، جبەخانە، بەڵگە، کەرەستەی پەیوەندی دەستیان بەسەردا گیرا.

- زیاتر لە ٤٠ ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر، پێشگریان لە ژمارەیەک هەوڵی کۆمەڵکوژی و هێرش کرد.

- ٤ چالاکی لەدژی شانە نووستووەکان سەر بە میتی تورک کە بە نیازی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە بوون.

- لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانە و بەرخۆدانی کۆتاییهێنانی داعشدا، ٢٥٦ هەڤاڵمان بە قارەکانی شەڕیان کرد و شەهید بوون.

'بە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، سەرچەتە ئەلبەغدادی کوژرا'

لە چوارچێوەی پلانسازی خەباتی درێژخایەتی نێوان هێزەکانمان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکادا، هێزەکانمان بە گوڕێکی بەهێزەوە بەشداری ئۆپەراسیۆنی سەرچەتەی داعش ئەلبەغدادی لە هەرێمەکانی ژێر دەستی داگیرکەری تورک لە باکوری رۆژئاوای سوریا دابوو، لە ئەنجامدا ئەلبەغدادی کورژرا.

سوپای داگیرکەری تورک و گرووپە چەتەکانی، لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، بە ئامانجی داگیرکردنی خاکی رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا هێرشیان دەستپێکرد. دەوڵەتی داگیرکەر بە هەزاران چەتە، تانک، چەکی قورس، فرۆکەی شەڕ و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر درێژایی هێڵی سنووری رۆژئاوای کوردستان، لە ئەنجامدا سەدان هەزار سڤیل ئاوارە بوون و ماڵ و موڵکی خۆیان بەجێهێشت، ژمارەیەكیش شەهید و بریندار بوون.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە چوارچێوەی پاراستنی رەوادا وەڵامی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە، ئەنجامی شەڕ و بەرخۆدان بەم شێوەیەیە:

- ٣٧٩ هێرشی ئاسمانی کراون بە فرۆکەی بێ فڕۆکەوان و شەڕکەر.

- هەزار و ٢١ هێرشی زەمینی بە تانک، تۆپ، هاوەن و چەکی دیکەی جۆراوجۆری قورس و سوک کراوە.

-  هەزار و ٥٣٤ چەتە و سەربازی سوپای داگیرکەری تورک کوژراون، ٢٩٤ چەتە و سەرباز بریندار بوون.

- ٧ تانک، ٩٧ ئۆتۆمبیلی سەربازی جۆراوجۆر، ١١ دۆشکا، دوو ئۆتۆمبیلی کارکردن تێکشکێندراون.

- ٥٠٨ هەڤاڵمان قارەمانانە بەرخۆدانیان کرد و شەهید بوون.

- هەزار و ٥٤٧ هەڤالمان بریندار بوون.

- ٧٣ هەڤاڵمان بەدیل گیراون.

'لە هێرشی تورکەکان زیاتر لە ٥٠٠ هاوڵاتی سڤیل شەهید بوون'

- لە ئەنجامی هێرشە داگیرکارییەکانی تورک بۆ سەر ناوچەی هاوڵاتی نشین، زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون. هاوکات لە تۆپبارانەکاندا ٥٢٢ هاوڵاتی سڤیل شەهید بوون، ٢ هەزار و ٧٥٧ هاوڵاتی سفیل بریندار بوون.

یەکینەکانی یەپەژە بە درێژایی ساڵی ٢٠١٩ هەم لە تێکۆشان لەدژی تیرۆریستانی داعش و هەمیش لەدژی هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەردا رۆڵیکی گرنگیان گێڕا".

ف.ق