قەسەدە بە سەدان مینی چێنراوی داعشی پوچەڵکردەوە

قەسەدە ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرەدا و لە دوای ڕزگارکردنی شارۆچکەی دشیشا لە باشوری ڕۆژهەڵاتی حەسەکە، شەڕڤانان دەستیان کردووە بە پاککردنەوەی پاشماوەکانی چەتەکانی داعش و سەدان مینی چێندراویان پوچەڵکردووەتەوە.

ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرە کە لە ڕۆژی ٣ی حوزەیران/٢٢ جۆزەردان  بۆ رزگارکردنی شارۆچکەی دشیشا لە سەر سنوورەکانی سوریا و عێراق دەستیپێکردبوو، ١٧ی ئەم مانگە بە ڕزگارکردنی ئەو شارۆچکەیە لەچنگی چەتەکان کۆتاییهات، لە ئێستاشدا هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، بە تیمێکی تایبەت سەرقاڵی پاککردنەوەی سنوورەکەن لە پاشماوەی چەتەکان.

لە چوارچیوەی هەنگاویی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا کە پاککردنەوەی پاشماوەکانی شەڕە، ئەمڕۆ تیمە تایبەتەکانی پوچەڵکردنەوەی مین سەدان مینی چێندراوی چەتەکانیان پوچەڵکردەوەو بەردەوامن لە پاککردنەوەی سنوورەکە،

جێگای ئاماژەیە، ٢٥ی ئەم مانگە قەسەدە ئامارەکانی شەڕی ڕزگارکردنی شارۆچکەی دشیشا-ی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا ٢٧٤ چەتە کوژراون و ١٣ چەتەش بە دیل گیراون، هاوکات سێ شەڕڤان شەهیدبوون و ٢٠ی دیکەش برینداربوون.