قەسەدە: تورکیا هەموو هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ داگیرکردنی سنووری '

لە بارەی دوایین بارودۆخی ناوچەکە و هێرشی داگیرکەران، قەسەدە ڕاگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا ڕایگەیاندووە، لەناو چەتەکاندا تەقەمەنی تەقیوەتەوەو سێ چەتە کوژراون، ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای تورک هەموو هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ سنووری ڕێگەی 'ئێم فۆڕ' داگیربکات.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، لە بارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر ناوچەکە، ئێوارەی دوێنێ ڕاگەیێراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکردووە، کە سوپای داگیرکەر لەسەرتاسەری ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا بەردەوامە لە هێرشەکانیدا بە رێگەی تانک و تۆپ و چەکی قورس.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: گروپە چەتەکانی سوپای تورک لە گوندی مشێرفی سەر بە شاری عامودێ کاتێک خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ هێرشکردن، تەقەمەنییان پێدا تەقیوەتەوەو بە پێی زانیارییەکان زیاتر لە سێ چەتە کوژراون و ژمارەیەکیشیان بریندار بوون.

هەروەها هاتووە:"سوپای داگیرکەر و چەتەکانی، لە ناوچەی عەین عیسا و گوندەکانی دەوروبەری، هەروەها لەسەر رێگای (M4) بەردەوامن لە جموجوڵی سەربازی، گروپە چەتەکان بە چەکی قورس هێرشی گوندەکانی بیرکینۆ و گەنتەری و کەفیفا و تروازی، هەروەها ناوچەکانی دەوروبەری رێگای (M4) کردووە، سوپای داگیرکەر بە چەکی قوڕس زیاتر لە ٣٠ جار هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی خربت باقەر و متمەشریج و خەفیا، لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیانێکی زۆری ماددی بە موڵک و ماڵی هاوڵاتییانی مەدەنی کەوتووە، سوپای تورک بە هەموو هێزییەوە هەوڵدەدات ئەو ناوچانەی دەکەونە سەر رێگای M4 داگیری بکات".

قەسەدە ئاماژەی بەوەکردووە، سوپای تورک لە ١٧ی ئەم مانگەوە بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سەربازی لە کۆگاکانی گەنم لە شەڕگراک دزی دەکەن، لە ماوەی ٣ رۆژدا بە یارمەتی چەتەکانی زۆربەی گەنمی ناو کۆگاکانیان بە تاڵان بردووە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی قسەدە'دا هاتووە:"سوپای تورکی داگیرکەر بە چەکی قورس هێرشی کردە سەر گوندەکانی عەتەب و دێرنائاخ و لە ئەنجامدا زیانێکی زۆر بەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتییان کەوتووە".

ف.ق