قەسەدە: داوا لە سوریا دەکەین دان بە خۆبەڕێوەبەری دا بنێت

کۆبوونەوەی ساڵانەی پێکهاتەکانی قەسەدە بە ئەنجامنامەیەک کۆتایهات. لە ئەنجامنامەکەدا بانگەوازی دیالۆگ و ناسینی قەسەدە و خۆبەڕێوەبەری بۆ حکومەتی سوریا کرا.

لە فەرماندەیی قەسەدە لە حەسەکە بە بەشداریی ٦٠٠ ئەندام لە یەپەگە، یەپەژە، جەیش ئەلسوار، لیوا شیمال دیموکراتیک، جەبهەتولئەکراد، ئەنجومەنی سەربازی سوریا و سەنادید، هەروەها میوانانی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، حزبە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی ژنانی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای پێکهاتەکانی قەسەدە بە دروشمی 'لە کۆتایهێنان بە تیرۆرەوە بەرەو چەسپاندنی سەقامگیری' کۆبوونەوەیەکی ساڵانە بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە بەبێ ئامادەبوونی ڕاگەیاندنەکان ماوەیەکی درێژی خایاند، دواتر ئەنجامنامەیەک لەلایەن وتەبێژی نووسینگەی ڕاگەیاندنی قەسەدە موستەفا بالی-یەوە خوێندرایەوە و دواتر کۆتایی هات.

ئەنجامنامەکە بەم شێوەیەیە:

"لەم قۆناغە مێژوویەدا ئێمە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کۆبونەوەی خۆمان بەڕێوەبرد تاوەکو ببێتە بناغە سەرەکیی بونیادنان و دانانی پلانێکی گونجاو بۆ قۆناغی داهاتووی تێکۆشان پێکهێنانی سەرکەوتنی کۆتایی لە دژی ڕێکخستنی داعشی تیرۆریست و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە هەموو هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. هەروەها بۆ ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بەهێز ببن و ببنە مسۆگەربوونی سوریای دیموکراتیک، ئازاد، هەمەڕەنگ.

وێڕای ئەوەی لەڕووی سەربازییەوە گورزی قورس لە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دراوە و لە ڕووی جوگرافییەوە لەناوچوون، بەڵام مەترسی و هەڕەشەکانیان لەسەر ئاسایش و ئارامی هێشتا کۆتایی نەهاتووە کە دواڕۆژی گەلەکەمان، شارەکەمان و هەموو جیهان دەخاتە مەترسییەوە. لەسەر ئەو بنەمایە شەڕ لەدژی ئەو ڕیکخستنە تیرۆریستییە لە جاران سەختتر بووە. چونکە تاکتیکی شەڕ گۆڕاوە شانەی نووستوو لەناو خەڵکی مەدەنیدا خۆیان حەشار داوە. لە کاتێکدا ئێمە جەخت دەکەینەوە و سوورین لەسەر بنەبڕکردنی ڕیشە و ڕەچەڵەکی ئەو شانانە، جەخت لەسەر بایەخی هێزە هاوپەیمانییە نێونەتەوەییەکانیش دەکەینەوە بۆ بەشداریکردن لەو شەڕەی کە پێکەوە دەستمان پێکردووە، بۆ ئەوەی هاوکاریی پێویست پێشکەش بکەن تاوەکو سەرکەوتنی کۆتایی بەدەستبهێنین.

لە کاتێکدا تێکۆشان لەدژی ڕێکخستنی تیرۆریستی داعش ئەرکی سەرەکی ئێمەیە، پێشتر ڕامانگەیاندبوو دەوڵەتی تورک عەفرینی داگیر کرد و هەوڵ دەدات بەرەیەکی نوێ لەدژی هێزەکانمان بکاتەوە، ئەوەش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر بەرەوپێشەوەچوونی شەڕەکەمان و تێکۆشانەکەمان لەدژی ڕێکخستنی داعش کرد. ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئێمە ئەو بانگەوازییە دووبارە دەکەینەوە کە دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات بەرەیەکی نوێ لەدژی هێزەکانمان بکاتەوە، ئەوەش کاریگەرییەکی نەرێنی و گەورەی دەبێت لەسەر شەڕە هاوبەشەکەمان لەگەڵ هێزە هاوپەیمانە نێونەتەوەییەکان لەدژی ڕێکخستنی تیرۆر. لەبەر ئەوە ئێمە هاوکاری هەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەین بە ئامانجی ئەوەی لەگەڵ تورکیا بگەنە شێوازێکی لێکتێگەیشتن کە میکانیزمی پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێمەکانی سنوور دەستەبەر بکات.

لە کۆبوونەوەی ساڵانەدا جەختمان لەوەش کردەوە، بۆ سەرکەوتنی لێکتێگەیشتنی ویلایەتە یەکگرتووەکان و دەوڵەتی تورک، هەرشتێک بکەوێتە سەر ئەستۆی ئێمە جێبەجێی دەکەین.

لە هەمانکاتدا بەڵێنەکەمان بۆ گەڕاندنەوەی خەڵکی عەفرین بۆ شوێنی خۆیان تازە دەکەینەوە و جەخت دەکەینەوە، بەبێ ئەوە ئاشتییەکی هەمیشەیی لە سوریا مومکین نییە.

لێرەوە جارێکی دیکە بانگەوازی بۆ حکومەتی سوریا لە شام دەکەین کە پێویستە چارەسەرێکی گونجاو بۆ دۆخی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە گشتی و دۆزی کورد بە تایبەتی بدۆزێتەوە و دان بنێت بە هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا لەسەر بنەمای دەوڵەمەندی هەمەجۆرایەتی. هەروەها بانگەوازی بۆ حکومەت دەکەین کە دیالۆگی سوری-سوری، دانوستان لەگەڵ خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لەسەر بنەمای دانپێدانانی بەو خۆبەڕێوەبەرییە، تایبەتمەندی هێزەکانی سوریای دیموکرات قبوڵ بکات، دان بنێت بە مافەکانی گەلی کورد، سریان و ئاسوور لە چوارچێوەی سوریایەکی دیموکرات، هەمەڕەنگی و لامەرکەزی.

ئێمە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، نزیکەی ساڵێکە دەستمان بە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی هەیکەلی هێزەکانمان کردووە، بەگوێرەی ئەو قۆناغەی تێیداین. لەڕێگەی دامەزراندنی ئەنجومەنی سەربازی هەرێمی لە هەموو بەش و هەرێمەکان چەندین هەنگاومان لەو بوارەدا ناوە. هەروەها دامەزراوە و هێزی پسپۆری تایبەتمان دروست کردووە.

ئەمڕۆ لەو کۆبوونەوەیەدا لە ڕێگەی دامەزراندنی ئەنجومەنی سەربازی گشتی، جارێکی دیکە جەختمان کردەوە لەسەر بەردەوامکردنی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی هەیکەلی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک. هەموو ئەنجومەنە سەربازییە هەرێمییەکان لەژێر چەتری ئەو ئەنجومەنە کۆ دەبنەوە. ئەنجومەنی سەربازیی باڵامان دامەزراند بۆ ئەوەی کاروباری دامەزراوە سەربازییەکان لە هەموو بەش و هەرێمەکان ڕێک بخات. پەیڕەو و پرۆگراممان بەپێی پەیمان و ڕێککەوتنە نێوەدەوڵەتییەکانە.

لە کۆتاییدا ئێمە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بەشداری چالاکیی ساڵانەی ئێمە بوون، نوێنەرانی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، حزبە سیاسییەکان، دامەزراوە دیموکراتی و هاوڕێکانمان لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دەکەین. بەهیوای دابینکردنی ئاسایش بۆ گەلەکەمان، وڵاتەکەمان و جیهان بە گشتی دەخوازین".

ژ.ت