قەسەدە دەستی بەسەر حەشارگەیەکی داعشدا گرت

لە ئەنجامی هەڵمەتێکی گەڕان و بەدواداچوونی تیمە تایبەتەکانی ئۆپڕاسیۆنی قەسەدە، دەست بەسەر حەشارگەیەکی تیرۆرستانی داعشدا گیراو دوو تیرۆرستیش دەستگیر کران، کە بە نیاز بوون لە شەوی سەری ساڵدا تەقینەوە ئەنجام بدەن.

ناوەندی راگەیاندنی قەسەدە لە بارەی ئۆپڕاسیۆنی هێزە تایبەتەکەیانەوە راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە:

"لە لایەن تیمی ئۆپڕاسیۆنی تایبەتەوە رۆژی ٣٠ی کانونی یەکەم، لە دژی حەشارگەیەکی داعش لە هەرێمی شەداد ئۆپڕاسیۆنێکی سەرکەوتوو بەڕێوە چوو. تیرۆرستانی داعش کە بە نیازبوون، لە شەوی سەری ساڵدا بە ئۆتۆمبیلی بۆمبرێژکراو، لە قامشلۆ و حەسەکە و دێرک هێرش بکەنە سەر هاوڵاتییانی سڤیل و کۆمەڵکوژی ئەنجام بدەن. لەو ئۆپڕاسیۆنە سەرکەوتووەدا سەرۆکی گروپی چەتەکان بە ناوی سوڵتان حسێن ناسراو ئەبو مونزیر کە بە رەچەڵەک خەڵکی عێراقە، دەستگیر کرا.

هاوکات چەتەیەکی دیکە بە ناوی ئەحمەد محمد ئەل-عبد کە ئۆتۆمبیلیکی بۆمبڕێژکراوی لە قامشلۆ ئامادەکردبوو بۆ تەقاندنەوە، دەستگیر کرا. ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکەش لە ژێر چاودێری هێزە پسپۆڕەکانمانەوە، پووچەڵ کرایەوە."

ز.ش