قەسەدە: زیندانەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدان

کینۆ گابریەڵ وتەبێژی قەسەدە ڕایگەیاند، هیچ چەتەیەکی داعش هەڵنەهاتووە و زیندانەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندایە.

چەتەکانی داعش هەوڵیاندا لە زیندانی سینای گەڕەکی خوێرانی حەسەکە هەڵبێن. لەو زیندانەدا بە هەزاران داعشی گرتنی راگیراون. هێزەکانی ئەنتی تیرۆر و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە هاوکاری فڕۆکەکان، شوێنی رووداوەکەیان گەماڕۆدا.

'زیندانەکە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە'

کینۆ گابڕیەڵ وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لەسەر ماڵپەڕی فەرمی قەسەدە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە. گابڕیەڵ عاماژەی بە ڕووداوەکانی دوێنێ کرد و ڕایگەیاند، هەواڵی هەڵهاتنی ژمارەیەک داعش ڕاست نییە.

گابڕیەڵ ئەوەی خستەڕوو، چەتەکانی داعش دوێنێ دەرگای قاوشی زیندانەکانیان شکاندووە و دیواری نێوان ژوورەکانیان ڕووخاندووە و چەتەکان بەشی قاتی خوارەوەی زیندانەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد.

وتەبێژی قەسەدە وتیشی، "هێزەکانی ئەنتی تیرۆری سەر بە قەسەدە یەکسەر دەستوەردانیان کرد، دۆخەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد و ئاژاوەگێڕی جەتەکانیان کۆتایی پێهێنا و هەموو زیندانیەکان لە ناو زیندانەکە کۆنتڕۆڵ کران."

گابڕیەڵ ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ چەتەیەکی داعش لە زیندانەکە هەڵنەهاتووە. ئێمە تەئکید لەسەر ئەوە دەکەینەوە و دۆخە بە تەواوی کۆنتڕۆڵکراوە."

'پێویستە هاوکاریمان بکرێت'

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەیدا گابڕیەڵ باسی ئەوەی کرد، "ئەم جۆرە ڕووداوانە جارێکیتر دەردەخات کە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک گەرەنتی لەناوبردنی تیرۆری داعشە. بەڵام ئێمە دووبارەی دەکەینەوە، پێویستیمان بە پشتگیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش هەیە بۆ ئەوەی بتوانین ناوەند و کەمپەکان کە چەتە و خانەوادەکانیان تێیایدا ڕاگیراون کۆنتڕۆڵ بکەین."

ف.ق