قەسەدە: لە ۲٤ کاتژمێردا ۱۰٥ و لە ۳ ڕۆژدا ۱۷۷چەتەی داعش کوژراون

قەسەدە ڕایگەیاند: لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات لە شەڕ و پێکاندانەکانی ۲٤ کاتژمێری ڕابردوودا شەڕڤانەکانیان گورزی قورسیان لە داعش داوە و ۱۰٥ چەتە کوژراون و بەگشتی لە ۳ ڕۆژی دواییدا ۱۷۷ چەتەی داعش کوژراون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک-قەسەدە، بە ڕاگەیەندراوێکی سەربازی ئاماری ۲٤ کاتژمێری ڕابردووی دوایین هەڵمەتی کۆتایی-هێنان بەداعشی لە دێرزوور و ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فوڕاتی بەم شێوەیە ئاشکرا کرد: 


"بەرەی باغۆز"

داعش بەسود وەرگرتن لە کەشی تەپوتۆزاوی هێرشی لە دژی سەنگەرەکانمان ئەنجام داوە و شەڕڤانەکانمان بە توندی بەرپەرچیان داونەتەوە و لە ئاکامی ئەوەشدا دەیان چەتە کوژراون و برینداربوون. پاش ئەوەش چەتە تەرۆریستەکان بە دۆشکە و ماتۆرسکلێتی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردوەتەوە و جارێکی دیکە تێکشکێنراون و کوژراو و بریندارێکی زۆریان داوە. هاوکات فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بنکە و بارەگارەکانی داعشیان بۆردومان کردوە و زیانی زۆری مادی و گیانیان لێداون.

"بەرەی هەجین"

تەرۆریستانی داعش هێرشیان کردوەتە سەر سەنگەرەکانمان و شەڕڤانەکانمان بە بەرپەرچیان داونەتەوە و ئەوەش شەڕێکی دژواری لێکەوتەوتەوە. لە شەڕەکەدا دەیان چەتە کوژراون و برینداربوون. بەهەمان شێوە لەوێش فڕۆکەکانی هاوپیمانی بۆردومانی بنکەکان و بارەگایەکی فەرماندارێتی چەتەکانیان بۆردومان کردوە و خاپوریان کردوون.

"بەرەی بەحرە"

چەتەکانی داعش بە ماشێنی بۆمبڕێژکراو و کەسانی خۆکوژ هێرشیان ئەنجام داوە. بەڵام شەڕڤانەکانمان بە توندی وەڵامیان داونەتەوە و ماشێنە بۆمبڕێژکراوەکان و خۆکوژەکان بەر لەوەی بگەنە ئامانج لێیان دراو و تەقاندونیانەتەوە. لەوێش داعش کوژار و بریندارێکی زۆری داوە.

"چەتەکانی داعش پەلاماری کۆچبەرانیان داوە"

چەتەکانی داعش بەسود وەرگرتن لە کەشی تەپوتۆزاوی ناوچەکە هێرشیان کردوەتە سەر کامپی ئیوای نزیک شارۆچکەی هەجین کە ژمارەیەک کۆچبەری تێدایە و بەتەمابوون هەموو کۆچبەرەکان بفڕێنن و بۆ پاراستنی خۆیان وەک بارمتە بەکاریان بهێنن. پاش ئەوەی شەڕڤانەکانمان لە دۆخەکە ئاگادار دەبنەوە، دەستێوەردان دەکەن و شەڕێکی قورس لەگەڵ چەتەکان دەکەن و نزیکەی ۲۰ یان دەکوژن. لەو شەڕەدا چەندین شەڕڤانمان دوای بەرخۆدانی قارەمانە و بۆ پاراستنی کۆچبەرەکان شەهید بوون. هاوکات چەتەکان لە کاتی هەڵهاتنیاندا ژمارەیەک هاوڵاتیان بە بارمتەکراوی ڕفاندووە. 

"ئامار"

لە ۲٤ کاتژمێردا ۱۰٥ چەتە کوژراون.

لە ۳ ڕۆژدا ۱۷۷ چەتە کوژراون.

فڕۆکەکانی هاوپەیمانی ۱٤ جار بۆردومانی چەتەکانیان کردوە.

هاوپەیمانی ۲۱ موشەکی ئاڕاستەی داعش کردوە.

ماشێنێکی دۆشکە لەسەر، ٦ هاوەن-هاوێژ، موشەک-هاوێژێک، دۆشکەیەک، ۳ ماشین و بلدۆزەرێک لەناوبراون.

 

هـ.هـ