قەسەدە: هێرشەکان بەردەوامن، لە ئەنجامی وەڵامدانەوەکان دا ٥٦ داگیرکەر کوژران

هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک-قەسەدە ئاشکرای کرد هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەردەوامیان هەیە و لە دوایین هێرشەکان دا ٥٦ سەربازی تورک و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک کوژراون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە لە بەیاننامەیەکدا ئاماری دوایین شەڕەکانی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە بە گشتی ٥٦ چەتەو سەربازی تورکی داگیرکەر کوژراون و لە ئەنجامی بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانەی هێزەکانیاندا ١٣ شەڕڤانی ڕێگای ئازادی شەهید بوون.

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:

"هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بە پشتیوانی تەکنیکە سەربازییەکانیەوە، بەردەوامن. دوای کشانەوەی هێزەکانمان لەو ناوچانەی لەسەری ڕێکەوتبووین، سوپای تورکی داگیرکەر هێرشەکانی توندتر کردۆتەوە و بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە دا. لەم چوارچێوەیەشدا هێزەکانمان وەڵامی پێویستی ئەم داگیرکەریانە دەدەنەوە.

بەرەی نێوان سەرێکانی و دربێسی

لە گوندی دەردارا و مۆریکس و باب ئەلخێر سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە چەکی قوڕسی وەکو تانک و فرۆکەی جەنگی هێرشێکیان ئەنجام دا. لە وەڵامدانەوەی شەڕڤاناندا ٣ تانک و ٣ زرێپۆش و ٦ ئۆتۆمبێلی سەربازی لەناو بران و ٤٠ سەرباز و چەتەش کوژران. هەروها لە ئەنجامی ئەو شەڕانەدا ١١ شەڕڤانمان بە گیانێکی قارەمانانە شەهید بوون.

بەرەی نێوان تل تەمر و سەرێکانی

سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە گوندەکانی بیرنوح و تل دیاب و ئەسەدیە بە چەکی قوڕسی وەکو تانک و فڕۆکەی جەنگی هێرشیان ئەنجام دا. لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی شەڕڤاناندا ٢ ئۆتۆمبێلی دۆشکەهەڵگر لەناو بران و ١٦ سەرباز و چەتەش کوژران.

بەرەی کۆبانی و عەین عیسا

چەتەکانی سوپای تورکی داگیرکەر لە گوندی قزەلیش هێرشێکیان ئەنجام دا و بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆریان کوژران و بریندار بوون. لە هەمان هێرش دا ٢ هەڤاڵمان بریندار بوون. هەروها 3 سەربازی ڕژێمیش بریندار بوون.

بە گشتی هێرشەکان بە تەواوی تێکشکێنران و لە ئەنجامی کۆی گشتی شەڕەکاندا ٣ تانک و ٥ زرێپۆش و ٢ ئۆتۆمبێلی دۆشکەهەڵگرو ٦ ئۆتۆمبێلی سەربازی لەناو بران و بە گشتی ٥٦ سەرباز و چەتە کوژران. هەروها سەربازێکی ڕژێمیش گیانی لەدەست دا و ١٣ سەربازی تری ڕژێم بریندار بوون.

لە کۆی شەڕەکاندا ١٣ هاوخەبات و هەڤاڵمان شەهید بوون و دووانی تریش بریندار بوون."

ز.ش