قەسەدە: هێزەکانمان شایستەی ڕێزلێنانن نەک لێبوردن

فەرماندەیی گشتی قەسەدە بانگەوازییەکەی وەزارەتی بەرگریی سوریای بە توندی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: هێزەکانمان شایستەی ڕێزلێنانن نەک لێبوردن، ئێمە پشتیوانی لە پاراستنی یەکێتی خاکی سوریا دەکەین.

دوێنێ وەزارەتی بەرگری سوریا بانگی لە شەڕڤانانی قەسەدە کردبوو کە بە شێوەی تاکە کەسی پەیوەندی بە سوپای سوریا بکەن، لەسەر ئەو بابەتە فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

قەسەدە لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەدا، ئەوان وەک فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، پشتیوانی لە هەموو خەباتێکی پاراستنی یەکێتی خاکی سوریا و شکاندنی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر گەل و وڵات دەکەین، هەڵویستمان لە دەستپێکەوە دیارە، پێویستە یەکڕیزی ڕیزەکان لەسەر بنەمای چارەسەری سیاسی، کە دان بە تایبەتمەندی قەسەدە و ڕێکخستنەکانی دەنێت دەستپێبکات، پێویستە مکانیزمێک بۆ سەرلەنوێ ئاواکردنەوەی ڕێکخستنی ڕێکخراوە سەربازییەکانی سوریا لە چوارچێوەی بەیەککردنی ڕەنجەکان، بدۆزرێتەوە.

قەسەدە وتیشی، "ئەندامانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بە بەر چاوی جیهانەوە بە درێژایی ساڵانی دوایی بۆ پاراستنی سوریا و جیهان شەڕی داعشی کرد، خەلافەتەکەی داعشی لە سوریا و جیهان هەڵوەشاندەوە، ئەم قارەمانانە کە شایستەی ڕێزلێنان و خەڵاتکردنن، پێویستییان بە ڕوونکردنەوەی دۆخیان و مەراسیمی لێبوردن نییە، کە بۆ تیرۆریست و تاوانکاران دەکرێت، جەخت دەکەینەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات سەربازن و بەپێی ڕێکخستن، ڕێکخراون."

قەسەدە لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، ئێمە زمانی ئەو بانگەوازییەی وەزارەتی بەرگری سوریا بە توندی ڕەتدەکەینەوە، لەجێی ئەوەی ئەندامان بکاتە بەردەنگ (موخاتب)، پێویست بوو بۆ کرانەوەی دەرگای دیالۆگ، فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی بکردایە بەردەنگ.

ف.ق