قەسەدە پشتگیری خۆی بۆ بانگەوازیەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەستی مرۆیی، دەربڕی

هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک پشتگیری خۆی بۆ بانگەوازیەکەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕی کە داوای لە لایەنە جیاوازەکانی سوریا کردبوو، ئاگربەستی مرۆیی رابگەیێنن.

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و رایگەیاند، لە چوارچێوەی بانگەوازیەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوان هەموو ئۆپڕاسیۆنە سەربازیەکانیان راگرتووە.

قەسەدە هاوکات بانگەوازیەکی ئاڕاستەی هێز و لایەنەکانی سوریا کرد کە ئاگربەستی مرۆیی رابگەیێنن و پێبەند بن پێوەی.

لە راگەیێندراوەکەی قەسەدەدا هاتووە:

"مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرتاسەری جیهانی گرتووەتەوە. لەسەر بانگەوازی ئانتۆنیۆ گوتەریس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک رایدەگەیێنێت، پابەندین بە هەوڵە نێودەوڵەتیەکان بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەر هاوکاری و بانگەوازیەکی نێودەوڵەتی لەم چوارچێوەیەدا.

ئەم بارودۆخەی لە ئێستادا هەیە لە جیهاندا، ئاستی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی دەستنیشان دەکات. رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەمەی وەکو قەیرانێکی جیهانی راگەیاندووە و هۆشداری داوەتە هەموو بەڕێوەبەرایەتی و سیستمە تەندروستیەکانی جیهان.

لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا، کەرتی تەندروستی و رێکخراوەکانی بواری تەندروستی دارووخاون، ئیدی بەرگەی ئەم بارودۆخە ناگرن. بەردەوامی شەڕ و پێکدادان، شەپۆلی کۆچبەری زیاتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت و لە ئەنجامدا کاریگەریەکی لەسەر هەیکەلی تەندروستی دروست کردووە و ئەمەش دەبێتە هۆکاری زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

لەم چوارچێوەیەدا فەرمادەی گشتی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک بانگەوازییەک ئاڕاستەی لایەنەکانی سوریا دەکات کە هەر جۆرە دەستپێشخەری و کردەوەیەکی سەربازی بوەستێنن و بە زووترین کات پێبەند بن بە ئاگربەستی مرۆیی. هێزەکانمان بە پێی ئاگربەستی مرۆیی دەجوڵێنەوە، بەڵام هاوکات مافی پاراستنی رەوای خۆیان بەکار دەهێنن. ئێمە هیوادارین ئەم ئاگربەستی مرۆییە دەرگای دیالۆگ و چارەسەری سیاسی بکاتەوە و کۆتایی بەو جەنگەی لە سوریا و جیهان بهێنێت.

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک جەخت دەکاتەوە کە وڵامێکی جدیان هەبێت بۆ ئەم داواکاریە و هەموو هێزەکان رێگا بدەن بە کارمەندانی تەندروستیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان بکەن."

ز.ش