قەسەدە گوندێکى تری لە دێرەزۆر لە دەست چەتەکانى داعش رزگار کرد

هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) گوندی حاوی لە نزیک شارۆچکەى سوس لە دێرەزۆر لە دەست چەتەکانى داعش رزگار کرد.

شەڕڤانانى قەسەدە لە رۆژی ١٠ی ئەیلولی ٢٠١٨ەوە دەستیان کردووە بە قۆناغی کۆتایى هەڵمەتى گەردەولولی جزیر و لەو هەڵمەتەیاندا روویان لە شارۆچکەى هەجین کردووە تاوەکو لە دەست چەتەکانى داعش رزگاری بکەن.

هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک دوێنێ دووشەممە چوونە ناو شارۆچکەى سوس. شەڕڤانان ئەمڕۆش گوندی حاوی لە نزیک شارۆچکەى سوس-یان لە دەست چەتەکانى داعش رزگار کرد.

قەسەدە لەوبارەیەوە رایگەیاندووە "هێزەکانمان ٢ رۆژە گەیشتوونەتە شارۆچکەى سوس. لە نێوان هێزەکانمان و تیرۆریستانى داعش شەڕێکى قورس روو دەدات. لەو شەڕەدا گورزی قورس لە تیرۆریستان دەدرێت و هێزەکانمان بەردەوامن لە پێشڕەوی. هەروەها گوندی حاوی لە نزیک شارۆچکەى سوس لە دەست چەتەکانى زرگار کرا".

قەسەدە راشیگەیاندووە "هێزەکانمان لە بەردەوامیى پێشڕەوییەکانیاندا چوونە ناو بەشێکى زۆری گەڕەکەکانی شارۆچکەکە و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکى کەمدا شارۆچکەکە بە تەواوی لە دەست چەتەکانى داعش رزگار بکرێت".

 

ر.م