قەڕەیلان: ڕژێمی تورک لە ناو ترسدایە –بەشی یەکەم-

موراد قەڕەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگەیاند، هەروەک چۆن لە سوریا دەوڵەتی تورک گەیشتووەتە کۆتایی ڕێگا، هێرشە ناوخۆییەکانیشی لە ترسی هەڵوەشاندنیەتی.

موراد قەڕەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بۆ ڕادیۆی دەنگی وڵات قسەی کرد. قەڕەیلان باسی لە گۆشەگیری ڕەهای سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، دۆخی دەوڵەتی تورک لە ئیدلب، سزای سەر ٢ گەنجی کورد بە هۆی کوشتنی ئەندامی میت لە هەولێر، گەماڕۆی سەر مەخموور و گرنگی تێکۆشانی گەریلا لەدژی فاشیزم کرد.

قەڕەیلان لەبارەی گۆشەگیری ڕەها لە ئیمڕالی وتی، پیلانگێڕی بە تێکۆشانی گەل و گەریلا تێکدەشکێت و ڕایگەیاند، گۆشەگیری فاشیزمە، تێکۆشان لەدژی گۆشەگیری بۆ ئازادی گەلانی تورکیا و کوردستانە.

قەڕەیلان لەبارەی سزای لەسێدارەدان بۆ دوو گەنجی کورد بە هۆی ڕووداوی هەولێر، داوای لە باشووری کوردستان و ڕێکخراوانی مەدەنی کرد، خاوەنداری لەو گەنجانە بکەن و وتی، "دادگاییکردنەکەی هەولێر یاسایی نییە. بڕیاری دادگا سیاسیە." لەبارەی گەماڕۆی سەر مەخموریش وتی، "زیان بە یەکێتی نەتەوەیی دەگەیەنێت."

قەڕەیلان لەبارەی جموجووڵی داگیرکەری دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی سوریا وتی، "هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لە ئیدلب ، لە دڵەوە نییە، پووچەڵ بووەتەوە و دەوڵەتی تورک دەیەوێت هەموو سوریا داگیر بکات.

قەرەیلان لە ڕادیۆی دەنگی وڵاتدا بەم شێوەیە شیکردنەوەی بۆ پرسەکانی ڕۆژ کرد:

"سەرەتا سڵاو و ڕێز بۆ گوێگرانی دەنگی وڵات دەنێرم. ڕاستە لە ساڵی ٢٢ی پیلانگێڕی نێودەوڵەتیدا، تێکۆشانمان دەکەوێتە قۆناغێکی نوێ. وەک ئێوەش ڕاتانگەیاند، گەلەکەمان بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیەکە ئەمساڵ لە هەموو ساڵەکانی ڕابردوو زیاتر هەڵوێستی پیشاندا  و لە هەموو شوێنێکی جیهان چالاکی ئەنجامدران. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئێدی گەلەکەمان پیلانگیڕی قبوڵ ناکات و تێدەکۆشێت. لەم چوارچێوەیەدا ساڵی ٢٢ دەبێتە سەردەمێکی نوێ. بێگۆمان ئەمە پەیوەندی بە دۆخی هەرێمەکەوە هەیە. یان ئەگەر لە ناو گەشەدانی هەرێمیدا شیکردنەوەی بۆ بکەین، دەبینین کە دەکەوینە ناو سەردەمێکی نویێ تێکۆشان لەدژی پیلانگیڕی.

ئامانج ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە

ئامانجمان ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە، پێویستە ئیدی ئێمە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ وەک ئامانجی سەرەکی ببینین. لەبەرئەوەی تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، پیلانگیڕی ناشکێنرێت. تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت کوردستانیش ناتوانێت ئازاد ببێت. خۆی ئازادی رێبەر ئاپۆ و کوردستان تێکەڵ بەیەک بووە. نەک ئێمە تەنها ئەم ڕاستیە دەڵێین، بەڵکو دوژمنیش دەزانێت کە ڕاستیەکە بەم شێوەیەیە. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بوو کوردستانیش لەگەڵی ئازاد دەبێت و کێشەی کوردستان لەگەڵی چارەسەر دەبێت. بەم واتەیە، پێویستە ئێمە ئامانجی ساڵی ٢٢ بەم شێوەیە ئاشکرا بکەین. ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی، ئامانجمان بەم شێوەیەیە.

ساڵێکی ئاسایی نابێت

بۆ ئەوەی هەموو زیانەکانی پیلانگێڕیەکە لەناوببرێن و سەردەمێکی نوێ دەستپێبکات، ئازادی ڕیبەر ئاپۆ و ئازادی کوردستان شەرتە. لە سەردەمی نوێ دا ئامانجی سەرەکی ئێمە ئەمەیە. بێگۆمان کاتێک ئێمە ئەمە دەڵێین، من ناڵێم ئەمساڵ ئێمە ئەمە جێبەجێ دەکەین، بەڵام وا دیارە، ٢٠٢٠ لە ڕێپێوانی ئازادکردنی ڕێبەر ئاپۆ و کوردستاندا نابێتە ساڵێکی ئاسایی. لەم ساڵەدا گەشەدانی گرنگ ڕوودەدەن. ڕووداوەکان و گەشەدانەکانی ٢٠٢٠ پیشان دەدەن کە ئەمساڵ ساڵێکی ئاسایی نابێت.

لە ئێستاوە دیارە کە وا دەبێت. بەم هۆیەوە ساڵی ٢٢ی تێکۆشان، دەبێتە ساڵی گەشەدانی جیاواز و بەرەو ئامانج هەنگاوی گەورە دەنرێت. هێشتا دیار نییە بەڵام گەشەدانی گەورەتر دروست دەبن.

ئێمە دەمانەوێت بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بە بڕیارەوە تێکۆشان گەش بکەین و لە سەر ئەم بناغەیە پیلانگێڕی پووچەڵبکەینەوە. ئامانجی سەرەکیمان بەم شێوەیە دەبێت.

تێکۆشانی دژی گۆشەگیری بۆ ئازادی گەلانی تورکیا و کوردستانە

لە ئێستادا گۆشەگیریەکی قوڕس لە سەر ڕێبەرایەتی ئێمە هەیە. ئەم تێکۆشانەی لەدژی گۆشەگیری ڕەها پێویستە بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ لەبیر نەکرێت. یان ئەم رێگایە کە ڕێگای ئازادی ڕێبەرتیە و ئامانجی شکاندنی گۆشەگیریە، ئامانجێکی زۆر گرنگە. گۆشەگیری واتە فاشیزم. لە ئیمڕالی تا گۆشەگیری هەبێت، گۆشەگیری لە کوردستان و تورکیا و هەموو زیندانەکاندا هەیە. لە ڕاستیدا دیموکراسی تورکیا گۆشەگیرکراوە. لەبەرئەوەی فاشیزم لە سەر قڕکردنی کورد کە بە ناوەندی سیستمی ئەشکەنجە دەروونی ئیمرالیەوە بەستراوە دەیەوێت ڕژێمی خۆی بەردەوامی پێبدات. لەبەرئەوەش تێکۆشانی دژی گۆشەگیری تێکۆشانی دژی فاشیزمە. هەروەها تێکۆشانی دژی گۆشەگیری تێکۆشانە بۆ دیموکراسی و ئازادی گەلانی تورکیا و کوردستان. پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە. لەسەر ئەم بناغەیە پێویستە لەدژی گۆشەگیری تێکۆشانی کۆمەڵایەتی بەڕێوەببرێت. لەم چوارچێوەیەدا هەم لە کوردستان و هەم لە تورکیا و  هەم لە ڕٶژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی وڵات، لە هەموو جێگایەک پێویستە ئەم تێکۆشانە گەش بکرێت.

گۆشەگیری بووەتە کێشەی گەلانی هەرێمەکە

گۆشەگیری بە تەنها کێشەی کورد نییە. گۆشەگیری بووەتە کێشەی هەموو تورکیا و گەلانی هەرێمەکە. بەم هۆیەوە لەدژی گۆشەگیری، پێویستە ئازادی رێبەرتی ئامانجی سەرەکی بێت. ئەگەر مرۆڤ شیکردنەوەی بۆ بکات، دەبێتە ڕاست تێگەیشتن و هەڵوێستێکی ڕاست. ئێمە دەمانەوێت لە ٢٠٢٠ دا لەم چوارچێوەیەدا تێکۆشان گەش بکەین. لەبەرئەوەش شەرت و مەرج گونجاوە و ئەمساڵ تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوەدەبەین.

تێکۆشان لەدژی گۆشەگیری تێکۆشانێکی گشتیە، هەموو مرۆڤێکی دیموکرات و وڵاتپارێز، دەگرێتە ناوخۆ. لەبەرئەوە پێویستە هەموو کەسێک خوی بۆ ئەم تێکۆشانە وەک بەرپرس ببینێت. یان پێویستە یەکێتی نێوان کورد، رەنجدەرانی تورکیا، سۆسیالیست و دیموکراتەکان بەهێزتر بکرێت، لە هەمانکاتدا پەیوەندی لە نێوان گەلانی کورد و عەرەب زیاتر بەهێز بکرێت. لیرە بێگۆمان ئەوانەی بەرپرساری دەکەوێتە سەرشانیان کادر و هێزەکانی گەریلان. پێویستە هەموو کادر و وڵاتپارێز لەدژی هێلێ پیلانگێڕ هەڵوێستی شۆرشگێری پیشان بدەن و بۆ تێکشکاندنی پیلانگێڕی تێبکۆشن.

لەبەرئەوە پێویستە هێڵی پیلانگێڕی لە کەسایەتی خۆماندا تێکبشکێنین. یان لەدژی هەرجۆرە هەڵوێستێکی پیلانگێڕی خاوەن هەڵویست بین و تێبکۆشین و تێکۆشان بەهێز بکەین. لەم چوارچێوەیەدا هەڵویست و کادر و گەریلاکان زۆر گرنگە. پێویستە ئێمە ببینە خاوەن هەڵوێستێکی بەو شێوەیە کە دوودڵی تێدا نەبێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەری شەڕی دەروونی بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئێمە دەزانین لە ئێستادا دوژمن لە شەڕی دژی گەریلا زیاتر شەڕی هەواڵگێڕی و تەکنیک و شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبات. یان دوژمن شەڕی تایبەت بەفراوان دەکات. لە هەموو گۆرەپانەکانیدا بە شەڕی تایبەت دەیەوێت رێگا بۆ خۆی بکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا هەر جۆرە رێگایەک بەکاردەهێنێت و خۆی وەک سەرکەوتبێت پیشان دەدات و خۆی گەورە دەکات، ژمارەی شەهیدی گەریلا زیادتر پیشاندەدات و دەیەوێت چاوترسێنمان بکات. بەم شێوەیە شەڕی تایبەت و دەروونی بە فراوانی بەڕێوەدەبات.

لەدژی پیلانگێڕی ئێمە دەتوانین بە شەڕی شۆڕشگێری گەل سەربکەوین

پێویستە ئێمە بە عەقلیەتی 'ئێوە ناتوانن خۆرمان تاریک بکەن' کە بە پێشەنگایەتی خالید ئۆڕال گەش بوو و دواتر بە ڕوحی سەدان میلیتان و فیدایی بەردەوامی پێدرا، بجووڵێینەوە. خۆمان یەکلاییبکەینەوە و ببن بە میلیتانی شەڕی شۆڕشگێری گەل. لەبەرئەوەش ئێمە بە تەنها بە شەڕی شۆڕشگێری گەل دەتوانین سەربکەوین. شەڕی شۆڕشگێری گەل نە تەنها بۆ گەریلایە، بەڵکۆ بۆ هەموو وڵاتپارێزانە کە بۆ شۆرش کار دەکەن.

یان کادر پێویستە دەنگی گەلی شۆڕشگێری ڕێکخستنکراو بێت و پێشەنگایەتی بکات و پایەی خۆپاراستنی ڕاستی ڕێکخستن بێت، هەروەها پێشەنگایەتی بکات. هەروەها گەریلا بە شێواز و تاکتیکی نوێ بە شێوازی شەڕی سەردەمی نوێ پێویستە تێکۆشان گەش بکات بۆ ئەوەی پیلانگێڕی تێکبشکێنرێت. بەڵام پێویستە ئێمە بزانین، بەشداریەکی ئاسایی و گشتی بەش ناکات. بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئێمە لە سەردەمێکی واداین کە پیلانگێڕی تێکدەشکێنین و بە تەواوی لەناوی دەبەین. بەم هۆیەوە پێویستە ئێمە بە شێوازێکی ئەنجامگیر بە شێوازێکی عاقڵانە و بە تاکتیک بجووڵێینەوە. ئەگەر بەم شێوەیە ببێت، دەتوانین ڕێپێوانێ خۆمان بکەینە ڕێپێوانی سەرفرازی، کە ئەمەش لە ئێمە داوادەکرێت.

هیچ کەسێک بە ئەندازەی کورد بەرخۆدانی نەکردووە

ئێمە تەڤگەری ئازادی، میلیتانەکانی ئازادی، سەمپاتیزم و وڵاتپارێزەکان بەرخۆدان دەکەین. تا ئێستا هیچ کەسێک بە ئەندازەی ئێمە بەرخۆدانی نەکردووە. بە ئیرادەیەکی پۆڵایین ٢١ ساڵە، وا کەوتە ساڵی ٢٢ ئەم گەلە لە گۆڕەپانەکان چالاکی ئەنجام دەدات. هەندێک جار دەست بە مانگرتنی لە خواردن دەکات، چالاکی فیدایی ئەنجامدەدات و بێوەستان تێدەکۆشێت و بەرخۆدان دەکات. لەم لایەنەوە بە ڕاستی مێژوویەکی پڕ بەرخۆدان و ناودارمان هەیە. ئەم مێژووە زۆر هێژایە و پڕە لە قاڕەمانێتی و داستان. ئەمانە شتی ئاسایی نین.

بەڵام سەرەتا دەبێت بڵێین: لە بابەتی ئەنجاموەرگرتندا کەموکورتی هەیە. یان پێویستە ئێدی ئێمە بە ئەنجام بگەین. بە پێشەنگایەتی ژن، گەنجان و ڕەنجدەران رێکخستنەکانی شەڕی شۆرشگێری گەل بەهێز بکەین. لەبەرئەوە پێویستە پایەی خۆپاراستن بەهێز بکەین. هەروەها پێویستە نوێبوونەوە لە ناو گەریلادا بە تەئکیدی بگەیەنینە سەرکەوتن.ئێمە بەم ئەندازەیە ڕەنج دەدەین، شەهید دەدەین باجی گەورە دەدەین، پێویستە ئەنجام بەدەست بهێنین. سەرفرازی حەق و مافمانە. پێویستە شێوەی سەرفرازی بدۆزینەوە. چۆن دەتوانین لەدژی پیلانگێرێ ببینە خاوەن ئیرادەیەکی بەهێز و بە شێوەیەکی ئەنجامگیر تێبکۆشین؟ پرسە سیاسیەکەمان ئەمەیە. پێویستە هەموو کەسێک لەسەر ئەم خاڵە کار بکات. ئێمە دەزانین لەم چوارچێوەیەدا هەوڵەکان بەردەوامە.

یاریەکانی ئەردۆغان گەیشتوونەتە کۆتایی ڕێگا

هەفتەیەک لەمەوبەر لەبارەی پەیوەندیەکانی دەوڵەت تورک و دەوڵەتی ڕووس لە ستێرک تی ڤی قسەم کرد. گەشەسەندنەکانی ئێستا شیکردنەوەکانم پشتڕاست دەکەنەوە. ئێدی یاریەکانی ئەردۆغان کۆتاییان پێدێت. ئاشکرا بوون و ئەردۆغان دەیەوێت چی بکات؟ بە شێوەیەکی ئاشکرا دەیەوێت چەتەکانی ئەلنوسرە بپارێزێت و دەیەوێت بۆ خزمەتی ئیخوان موسلمین بەکاریان بهێنێت. یەکێک لە ئامانجە ستراتیەکانی ئەمەیە.  ئێمە لەمەوبەریش ڕامانگەیاندبوو، ئامانجی دووەمی ستراتیژیان ئەوەیە ، لە دیزاینی نوێی ناوچەکەدا ڕێگری لە پێگەی کورد لە سوریا و ناوچەکەدا بکەن. بە رێگریکردن لە کورد و بەرەوپێشەوەبردنی چەتەکانی ئەلنوسرە و ئیخوان موسلمین دەیانەوێت لە لیبیا و شوێنەکانی تر باڵادەست ببن. حسابیان لەسەر ئەم بناغەیەیە. ئەگەر بتوانن ئەمە بکەن ڕژێمی فاشیست لە ناوخۆی تورکیاش دەمێنێتەوە. لەبەرئەوە لە ئێستادا ڕژێمی فاشیستی تورکیا لەژێر مەترسیدایە.

ئەردۆغان هەڕەشەی لەخۆی گەورەتری کرد، ئەنجامەکەی دەبینین

تا ئێستا لەسەر هەندێک بەرژەوەندی لەگەڵ ڕووسیا پەیوەندی دروست کرد. بەڵام ئەمە گەیشتووەتە کۆتایی ڕێگا. شاندی دەوڵەتی تورک چووە ڕووسیا، ماوەیەک لەمەوبەریش شاندێکی ڕووسیا دوو جار سەردانی تورکیای کرد، بێ ئەوەی بگەنە ئەنجام، گەڕایەوە. هەوڵ دەدەن ڕووداوەکان گەورەتر پیشان بدەن، دەیانەوێت وەک ئەوەی کێشە نەبێت پیشانی بدەن، بەڵام ڕێنەکەوتن. بە تەنها لەسەر بەردەوامی دیالۆگ ڕێککەوتن. ئەردۆغان هەڕەشەی لەخۆی گەورەتری کرد و وتی، "هێزەکانی ڕژێمی سوریا پێویستە تا کۆتایی مانگی شوبات بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی دەرەوەی کۆنتڕۆڵی سوپای تورک". بە واتایەکی تر وتی، پێویستە ڕژێمی سوریا ئەو خاکەی کە لە ژێر دەستی ئەلنوسرە بوو و کۆنتڕۆڵی کردووەتەوە، بەجێ بهێڵێت و بگەڕێتەوە دواوە، بە پێچەوانەوە دەست بە جووڵە دەکەن. فەرمۆ، با بەیەکەوە سەیری بکەین بزانین چی دەکات؟ ئەگەر دەتوانێت با بیکات. ڕووسیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، هەڵوێستی تورکیا خرابترین سیناریۆیە.

ف.ق