لاڤرۆڤ: بەم شێوەیە بڕوات ئەسەد لە ئیدلب سەردەکەوێت

سێرگی لاڤڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، دۆخەکە بەم شێوەیە بڕوات بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لە ئیدلب سەردەکەوێت.

لاڤڕۆڤ لە میونخ لە کۆنفڕانسی ئاسایشدا قسەی کرد و وتی، "بە تەئکید لەدژی تیرۆریزم سەردەکەوین".

ڕژێمی سوریا چەندین مانگە بە پشگیری ڕووسیا لە ئیدلب دەستی بە ئۆپەراسیۆن کردووە. لە هەرێمەکە چەتەی ئەلنوسرە هەن کە ڕاستەوخۆ پشتگیری لە تورکیا وەردەگرن.

لە چوارچێوەی پەیمانی ئاگربەستدا کە ساڵی ٢٠١٨ لە نێوان ئەنقەرە و مۆسکۆ ئیمزاکرا، لە هەرێمەکە ١٢ خاڵی چاودیری تورک دانران.

دەوڵەتی تورک هەوڵە داگیرکەریەکانی لە ناوچەکە زیاتر کرد. لەم دواییانەدا لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد کەوتە ناو شەڕێکی راستەوخۆ و بە پێی سەرچاوەکان ١٤ سەربازی تورک کوژراون.

لاڤرۆڤ لە میونخ لەگەڵ هاوتا تورکەکەی مەولود چاوشئۆغلۆ کۆبووە و وتی، "پەیوەندیەکانمان باشن، بەڵام بە واتای ئەوە نایەت لە هەموو پرسێکدا وەک یەکتری بیردەکەینەوە."

دوای شەڕی ئیدلب ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک لە گەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا قسەی کردبوو.

ئەردۆگان ڕۆژی شەمە لە لێدوانێدا تەئکیدی لەسەر بەردەوامی داگیرکاریەکانی کرد و وتی، "ئینشاڵلا دوای ماوەیەک ڕژێم بە تەواوی دەبێت لاشەیەک. ئێمە مردنمان لەچاو گرتووە، ئەوانەی فیداکاری دەکەن با فەرموون بێنە گۆڕەپانەکە."

ف.ق