لیلوا عەبدوڵا: هەرێمێکی ٦٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە ڕزگار کراوە

فەرمانداری هەڵمەتی گەردەلولی جزیر لیلواعەبدوڵا دەستنیشانی کرد کە لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی گوندەکانی دەوروبەری حەسەکەدا هەتا ئێستا پانتاییەکی ٦٠٠ کم چوارگۆشە ڕزگار کراوە و ٢٧٤ چەتەی داعش کوژراون.

 

فەرمانداری هەڵمەتی گەردەلولی جزیر لیلوا عەبدوڵا دەربارەی هەڵمەتی ڕزگارکردنی گوندەکانی دەوروبەری حەسەکە دوا و دەستنیشانی کرد کە لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی شارۆچکەی دشیشادا هەنگاوێک-ی گرنگ بوو.

لیلوا عەبدوڵا ئاشکرای کرد کە سنووری نێوان عێراق و سوریا لە مەترسی داعش ڕزگارکراوە و وتیشی "لەم هەنگاوەدا هەبوونی داعش لە هەرێمەکەدا لەناوبراوە".

فەرماندار لیلوا عەبدوڵا بە بیری هێنایەوە کە هەنگاوی ڕزگارکردنی شارۆچکەی دشیشا لە ٣ ی حوزەیران/٢٣ی جۆزەردان-ی ٢٠١٨ لە دوو قۆڵەوە، لە شەداد و هۆلەوە دەستیپێکرد. لەگەڵ شارۆچکەی دشیشا پانتاییەکی  ٦٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە گوند و کێڵگەکانی دەوروبەری حەسەکە لە چەتەکانی داعش پاککراونەتەوە.

لیلوا عەبدوڵا ئاماژەی بە هاوکاریی هێزەکانی قەسەدە و هێزەکانی عێراق کرد و وتی "ئامانجی ئێمە لەم هەنگاوەدا یەک ئامانجە، ئەویش پاراستنی سنورەکانی نێوان سووریا و عێراقە".

بە سەدان هاووڵاتی مەدەنیی ڕزگارکراون

لە بەردەوامی قسەکانیدا، لیلوا عەبدوڵا وتی "هێزەکانی قەسەدە بە سەدان هاووڵاتی مەدەنیان ڕزگارکردووە و پاش پاککردنەوەی هەرێمەکە لە پاشماوەی چەتەکان و مینی چیندراو، ئەو هاووڵاتیانە دەگەڕێننەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. تیمەکانی هەڵگرتنەوەی مین لە هەرێمەکە، تەقەمەنی چەتەکانی داعش پووچەڵ دەکەنەوە و هەرێمەکە لە پاشماوەی مین و تەقەمەنی پاک دەکەنەوە".

٢٧٤ چەتە کوژراون و ١٣ چەتەش بە دیل گیراون

لیلوا عەبدوڵا دەستنیشانی کرد کە لە شەڕەکانی نێوان شەڕڤانانی قەسەدە و چەتەکانی داعشدا ٢٧٤ چەتە کوژراون کە چوار چەتەیان ئەمیر بوون و ١٣ چەتەش بە دیل گیراون.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا پشتیوانی چەتەکان دەکات

فەرماندار لیلوا عەبدوڵا ئاماژەی بە هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد و وتی "جاری یەکەم نیە کە دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی قەسەدە. ئێمەش لەلایەک هاووڵاتیانی مەدەنی لە تیرۆری چەتەکانی داعش ڕزگار دەکەین و دەوڵەتی تورکیاش لەلایەکی ترەوە هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوا و باکووری سووریا. ئەوەش بۆ پشتیوانی چەتەکانی داعش ئەنجام دەدات".

وتیشی "لەلایەکی ترەوە هێزەکانی ڕژێمی سووریا لە هەنگاوی ڕزگارکردنی دێرەزۆر هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی ئێمە. بەڵام شەرڤانان بەرپەرچی ئەو هێرشانەیان دایەوە. ئێمە دەڵێین کە ئامانجی ئێمە پاراستنی یەکێتی وەڵات و پاراستنی سنوورەکانی سوریایە".

لیلوا عەبدوڵا لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی یەکینەکانی پاراستنی ژن 'یەپەژە' و وتی "بەشداریی هێزەکانی یەپەژە لە هەڵمەتی گەردەلولی جزیردا ورەی سەرکەوتنی داوە بە هاووڵاتیانی مەدەنی."

ک-ش