رێکخراوی لێبوردنى نێودەوڵەتى: تورکیا لە عەفرین داگیرکەرە

رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى رایگەیاند، لە عەفرینی داگیرکراودا مافەکانى مرۆڤ لە ئاستێکى مەترسیداردا پێشێڵ دەکرێت. راشیگەیاند، تورکیا عەفرینى داگیرکردووە بەرپرسی ئەو پێشێلکارییانەیە.

بەپێى راپۆرتی رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى (ئەمنستى ئینتەرناشناڵ)، دانیشتوانى عەفرین رایانگەیاندووە، پێشێلکارییەکانى مافەکانى مرۆڤ کە لەلایەن گروپە چەکدارارەکانى تورکیاوە لە عەفرین ئەنجام دەدرێن، روویان لە زیادبوون کردووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە "هێزە چەکدارەکانى تورکیا ئەو پێشێلکارییانە بە نەبوو دەزانن. دەستگیرکردن بە میزاج و ئارەزوو، بێسەروشوێنکردنی زۆردارانە، دەستبەسەرکردن و تاڵانکردنی ماڵ و موڵکى هاووڵاتییان ژمارەیەک لەو پێشێلکارییانەن".

لێبوردنى نێودەوڵەتى راشیگەیاندووە، چەتە و هێزە داگیرکەرەکانى تورکیا دەستیان بەسەر خوێندنگەکانى عەفریندا گرتووە و رێگا نادەن هەزاران منداڵ بچنە خوێندنگەکان و درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن.

لین مالۆف بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى وتی "ئۆپراسیۆن و داگیرکەریى سوپاى تورکیا، ئازاری دانیشتوانى عەفرین زیاد کردووە کە چەندین سالە تیایدا دەژین، چونکە بوونەتە قوربانیى شەڕ و کوشتار".

رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى داواى لە حکومەتى ئەنقەرە کردووە بە خێرایى کۆتایى بە پێشێلکارییەکانى مافەکانى مرۆڤ لە عەفرین بهێنێت. راشیگەیاند، تورکیا وەک "هێزی داگیرکەر" لە رووداوانەى لە عەفرین روو دەدەن بەرپرسیارە.

ر.م