لە ئاگری ٤ کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لە دەستدا

لە ناوچەى گیادنی پارێزگاى ئاگری لە باکووری کوردستان بەهۆی روودانى لافاوەوە ٤ کەس گیانیان لەدەستدا، کە ٢ کەسیان منداڵن.

لە سنووری گەڕەکی گۆل لە ناوچەى گیادن لە پارێزگاى ئاگری لە باکووری کوردستان نعیمە پۆڵات-ی تەمەن ٤٨ ساڵ لەگەڵ ٢ منداڵیدا بە ناوەکانی موسای تەمەن ١١ ساڵ و پنار پۆڵاتی تەمەن ٤ ساڵ لە سنووری ناوچەکەیاندا سەرقاڵی کۆکردنەوەى گیا بوون.

دواى بارینى تەرزە، بارانێکى زۆر دەبارێت و بەو هۆیەوە لافاو هەڵدەستێت و ئەو دایکە و هەر ٢ منداڵەکەى لە لافاوەکەدا گیان لە دەست دەدەن.

لە ناوچەکە دەستکرا بە گەڕان بە دواى نعیمە و منداڵەکانیدا و لە کاتى گەڕان بە دوایاندا بەهۆی هەورە بروسکەوە هاووڵاتییەکی تر بە ناوی نوروڵا یاردمجی-ى تەمەن ١٩ ساڵ گیانى لە دەستدا.

دوای دۆزینەوەى تەرمەکان، تەرمی ئەو دایکە و ٢ منداڵەکەى لەگەڵ نوروڵا یاردمجی گواسترانەوە بۆ پزیشکی داد لە گیادن.

ر.م