لە ئۆپەراسیۆنی دژ بە شانە نوستوەکانى داعش لە دێرەزۆر ٢٠ چەتە دەستگیرکران

هێزەکانى قەسەدە لە گوندی ئەبو حەمام لە دێرەزۆر لە دژی شانە نوستوەکانى داعش ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامدا و لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ٢٠ چەتەى داعش دەستگیرکران و چەتەیەکیش کوژرا.

بەپێى راگەیاندراوى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) بە بەشداریى ٦٠٠ شەڕڤانی قەسەدە لە گوندی ئەبو حەمام لە دێرەزۆر ئۆپەراسیۆنێک لە دژی شانە نوستوەکانى داعش ئەنجامدرا.

ئاماژە بەوەکراوە، لە ئەنجامى ئەو ئۆپەراسیۆنەدا ٢٠ چەتەى داعش دەستگیرکراون.

هەروەها شەڕڤانان دەستیان بەسەر ٨ مووشەکی ئار پی جی و ٧ هەزار و ٥٠٠ فیشەکی کڵاشینکۆف، بۆمبی دەستی، تەلەفون و بێتەل-ی ئەو چەتانەدا گرتووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، چەتەکانى داعش لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هێرشیان کردووەتە سەر شەڕڤانانى قەسەدە و لە ئەنجامى بەرەنگاریى شەڕڤاناندا چەتەیەک کوژراوە و چەتەکانى تریش دەستگیرکراون.

قەسەدە راشیگەیاندووە، ئەو شانە نوستویەی داعش ئەنجامدەری هێرش بوون بۆ سەر بازاڕی ئەو گوندە لە ٧ی تەمموزی ٢٠١٩ / ١٦ی پووشپەڕ کە تیایدا ٧ منداڵ بوونە قوربانی و لە دواى ئەو هێرشە پلان بۆ دۆزینەوە و تێکشکاندنیان دانرا و شەڕڤانانى قەسەدە لەو ئۆپەراسیۆنەدا ئەو شانە نوستوەیان لەبەر یەک هەڵوەشاند.

ر.م