لە ئیدلب بەهۆی شەڕوپێکدادانەکانەوە بە دەیان کەس کوژران

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گروپە چەتەکانی سەر بە تورکیا هێرشی فراوانیان لە ئیدلب ئەنجامدا. بەرپرسانی ڕووسیا باس لە کوشتنی ٤٠ سەربازی ڕژێم و بریندارکردنی ٨٠ سەرباز دەکەن.

لە دوێنێ ئێوارەوە فڕۆکەکانی رووسیا و هەلیکۆپتەرەکانی شەڕی ڕژێمی سوریا سەنگەر و بارەگاکانی گروپە چەتەکانی سەر بە تورکیا لە ئیدلب و حەلەب بۆردومان دەکەن.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو نزیکەی ٤٠٠ هێرشی ئاسمانی ئەنجامدراون.

گروپە چەتەکانی سەر بە تورکیا کە بە هۆی هێرشە ئاسمانیەکانەوە لە دۆخێکی سەختدان، ئەم بەیانیە هەڵیانکوتایە سەر بارەگاکانی ڕژێمی سوریا.

بە پێی زانیاریەکان، هێرشەکەی ئەمرۆ بە یەکێک لە سەخترین هێرش بۆ سەر سوپای سوریا دادەنرێت.

ناوەندی هاوکاری ڕووسیا کە ناوەندەکەی لە شاری حومەیمینە لەبارەی هێرشەکەوە ڕاگەیەنراوێکی بلاوکردەوە.

بە پێی زانیاریەکان ٤٠ سەربازی سوریا کوژراون و ٨٠ سەربازیش بریندارکراون.

ئاژانسی سانای فەرمی سوریا هێرشەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند، "تیرۆریستەکانی بەناو جەبهەت ئەلنوسرە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە چەکی قوڕس و سووک هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای سوریا.

ئاژانسەکە لەبارەی کوژراو و بریندارەکانەوە هیچ زانیاریەکی بڵاونەکردەوە.

ف.ق