لە ئیدلب شەڕ قورسە و هاووڵاتییان بەرەو سنوور هەڵدێن

ئیدلب لە نێوان مۆسکۆ و وتەبێژی چەتەکانى ئەنقەردا کرابووە "ناوچەى بێ چەک"، بەڵام لە نێوان هێزەکانى رژێم و هەیئەتى تەحریری شام دا شەڕ و بۆردومان بەردەوامیى هەیە. هاووڵاتییانیش بەرەو سنوور هەڵدێن.

شەوی ٢ی ئایاری ٢٠١٩ / ١٢ی بانەڕمە هەیئەتى تەحریری شام بە مووشەکی گراد و فڕۆکەى بۆمبڕێژکراوى بێفڕۆکەوانى جۆری درۆن هێرشى کردبووە سەر بنکەى سەربازیى حەمیمیم-ی رووسیا و لەو کاتەوە رژێمى سوریا و رووسیاى هاوپەیمانى بۆردومانێکى چڕی سەر ئیدلب-یان دەستپێکردووە.

رۆژی یەکشەممە هێزەکانی رژێم هێرشێکى ئاسمانییان کردە سەر رۆژئاواى ئیدلب. لە رۆژئاوای ئیدلب و حەماوە هەزاران کەس بەرەوە گوندەکانى ئەتمە و ئەقرەبات-ی ئیدلب هەڵهاتن.

بەپێى زانیارییەکانى ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دەوڵەتى تورک ماوەى ١٨ رۆژە لەسەر سنووری هاتای – ئیدلب دەستیکردووە بە دروستکردنى کامپێکی ٤٠٠ هەزار کەسی بۆ پەنابەران.

ر.م