لە ئیدلب قەیران بەهۆی دەورییەی هاوبەشەوە؛ سوپای تورک ٢ کەسی کوشت

سوپای تورکی داگیرکەر لە ئیدلب تەقەى لە ناڕەزایەتیی چالاکوانان لە دژی دوورییە هاوبەشەکانى روس – تورک بۆ سەر رێگای ئێم ٤ کرد و بەو هۆیەوە ٢ کەسی کوشت.

بەپێی رێککەوتنى تورکیا و رووسیا دەبوایە ئەمڕۆ دەورییەى هاوبەشی تورک – روس لەسەر رێگای حەڵەب – لازقییە (ئێم ٤) ئەنجام بدرایە، بەڵام دەورییەکە رووبەڕووی ناڕەزایەتى بوویەوە و سوپای تورکیش تەقەى لە ناڕازییەکان کرد و ٢ کەسی لێ کوشتن.

سوپای تورکی داگیرکەر هەوڵی دابوو بۆ ئەوەى دەورییەى هاوبەش لەسەر رێگای ئێم ٤ بەڕێوەبچێت لەمپەرەکانى سەر رێگاکاکە لە ناوچەی نەیراب لاببات، بەڵام چالاکوانانی ناوچەکە رێگرییان لە لابردنی لەمپەرەکان کرد و سوپای تورکیش بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشی کردە سەر چالاکوانن و چالاکوانانیش بە بەرد وەڵامیان دانەوە و سوپای تورکی داگیرکەریش بە چەک وەڵامی بەردی دایەوە و تەقەى لە چالاکوانان کرد و ٢ کەسی لێ کوشتن.

رێکخراوی چاودێریی مافەکانى مرۆڤ لە سوریا بڵاویکردەوە، سەربازانی تورک ٢ کەسیان کوشتووە، کە تا ئێستا ناسنامەکانیان ئاشکرا نەکراون.

رێککەوتنی مۆسکۆ

دواى ئەوەى لە مانگی شوباتدا لە نێوان سوپای تورک و سوپای سوریادا لە ئیدلب شەڕ روویدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی مۆسکۆی کرد و داواى لە ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری روسیا کردبوو، ئاگربەست رابگەیەنێت.

لە ٥ی ئاداردا رێککەوتننامەى ئاگربەست واژۆکرا و خاڵەکانى رێککەوتنەکە بریتین لە:

١ – لە ئیدلب لە ٦ی ئادارەوە جموجوڵی و هێرشی سەربازی رادەوەستێندرێن

٢ – لە ناوچەى رێگای نێوان حەڵەب – لازقیە (ئێم ٤) و لە ٦ کیلۆمەتریی باکوور و لە ٦ کیلۆمەتریی باشووریدا رێڕەودەکرێنەوە.

٣ – بۆ ئەوەى ئەو رێڕەوە بکرێتەوە دەبێت لە ١٥ی ئادارەوە دەورییەى هاوبەشی رووس – تورک دەست بە کارەکانیان بکەن.

قەیران بەهۆی دەوریی هاوبەشەوە

بەڵام دەستەى تەحریر شام (بەرەی نوسرە) سەرکێشی دەکات و چەندین گروپی تر رێگاکانیان گرتووە و لە دژی دەورییەى هاوبەش وەستاونەتەوە.

بەهۆی قەیرانەکان لە هەرێمەکەدا دەوڵەتى تورک چەند رۆژ لەوە پێش هێزەکانى پۆلیسی خۆی رەوانەى ناوچەکە کردبوو.

دەستى تەحریر شام هێزە چەکدارەکانى خۆی بەرامبەر پۆلیسەکانى دەوڵەتى تورک جێگیر کردبوو و تاوەکو ئێستا قەیرانەکە بەردەوامە.

ژ.ت