لە ئیدلب شەڕ لە نێوان چەتەکانى تەحریری شام و نورەدین زەنگى روویدا

لە ئیدلب لە نێوان چەتەکانى تەحریری شام و چەتەکانى نورەدین زەنگى، کە یەکێکە لە گروپەکانى 'بەرەی رزگاریى نەتەوەیى' و لە ژێر نیری تورکیادایە، شەڕ روویدا.

لە ئیدلب چەتەکانى نوردەین زەنگى لە ناوچەی دارە عزە ٣ کەس لە چەتەکانى تەحریر شامیان بۆ شوێنێکى نادیار رفاند و ئەوەش بووە هۆی روودانى شەڕ.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە دواى دەستپێکردنى شەڕ لە عەفرینەوە ژمارەیەکى زۆر چەتە چوون بۆ یارمەتیدانى چەتەکانى نورەدین زەنگى و هەروەها میتى تورکیا بەشێک لە هاووڵاتییانی لە ئیدلب لە دژى چەتەکانى تەحریر شام رژاندووەتە سەر شەقامەکان.

لە شەڕەکەى دارە عزەدا چەتەکانى تەحریر شام ٢ چەتەى نورەدین زەنگییان کوشتووە و ئێستا شەڕەکە راوەستاوە.

سەودای تورکیا بە گروپە چەتەکانەوە

لە سەرەتاى ٢٠١٧ و لە کاتى دانوستانەکانى ئاستانەدا کە تورکیا، رووسیا و ئێران زامنکەری ئەو دانوستانانە بوون، گروپى تەحریر شام لەلایەن  بەرەی نوسرەوە دامەزرا و دژایەتیى خۆی بۆ دانوستانەکانى ئاستانە راگەیاند. ئەو گروپە لە لیستى تیرۆری ئەمریکا و رووسیادایە.

کاتێک سوپاى تورکیا لە تشرینى یەکەمی ٢٠١٧دا دەستیکرد بە پڕوپاگەندە کردن و رایگەیاند "ئۆپراسیۆن لە ئیدلب ئەنجام دەدەین" لە ٨ی تشرینى یەکەمدا لەگەڵ چەتەکانى تەحریر شام چووە ئیدلب. دواى ئەوەى بابەتی ئۆپراسیۆن بۆ سەر ئیدلب هاتە پێشەوە و لە ئەنجامى سەودا کردن لەگەڵ رووسیادا، رۆژی ٣١ى ئابی ٢٠١٨ تورکیا گروپی تەحریر شامی خستە لیستى تیرۆرەوە.

دواى ئەو پێشهاتانە کەتیبەى نورەدین زەنگى یەکێک لە دامەزرێنەرانی تەحریر شام بە پاساوی روودانى شەڕ لە نێوانیاندا لە چەتەکانى تەحریر شام جیا بوویەوە.

گروپی نورەدین زەنگى ئێستا بە تەواوی لە ژێر نیری تورکیادایە و چووەتە ناو 'بەرەی رزگاریى نەتەوەیى'. ئەو بەرەیە لە ١١ گروپی چەکدار پێکدێت و لە ١ى ئابی ٢٠١٨دا دامەزراوە.

چەتەکانى ئەو بەرەیە رێککەوتنى رۆژی ١٧ی ئەیلولی ٢٠١٨ی نێوان ئەردۆغان و پوتین-یان لە سوچی قبوڵ کرد و رایانگەیاند، دەست لە چەک هەڵدەگرن. تاوەکو ئێستا تەحریر شام لەوبارەیەوە راگەیاندراوی بڵاونەکردووەتەوە.

ر.م