لە ئێران دەنگدان ٥ جار درێژکرایەوە

لە ئیران لە هەڵبژاردنی گشتی دا کە دوێنی هەینی ٢١ی شوبات بەڕێوەچوو، بۆ هۆی ئەوەی ڕێژەی بەشداریکردن کەم بووە، ماوەی دەنگدان ٥ جار درێژ کرایەوە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسەکانی فارس و تەسنیم پڕۆسەی دەنگدان نیوەی شەو کۆتایی هاتووە.

بڕیار بوو کاتژمێر ١٨:٠٠ کۆتایی بە پڕۆسەکە بهاتایا، بەڵام ٥ جار درێژ کرایەوە. یەکەمجار دوو کاتژمێر، دواتر کاتژمێرێکی تر و دوای ئەوەش چەند جارێک نیو کاتژمێر درێژکرایەوە.

عەلی خامنەیی ڕابەری ئایینی ئێران بۆ ئەوەی ڕێژەی بەشداریکردن زیاد ببێت ڕایگەیاند، دەنگدان جگە لەوەی ئەرکێکی هاوڵاتیبوونە، هەروەها ئەرکێکی ئایینیە.

ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز ڕایگەیاند، تا کاتژمێر ١٨:٠٠ ڕێژەی بەشداریکردن ٤٠% بووە.

چاوەرێدەکرێت، ڕێژەی بەشداریکردن ئەمڕۆ ئاشکرا بکرێت و پێناچێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ماوەیەکی کەمدا ئاشکرا ببێت.

بەر لە هەڵبژاردنەکان پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) و هەندێل لایەنی ئۆپۆزسیۆن هەڵبژاردنەکەیان بایکۆت کرد و داوایان لە گەل کرد نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

ف.ق