لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر منبج کەسێکی مەدەنی گیانی لەدەستدا

دوای ئەوەی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشیان کردە سەر گوندەکانی باکوری رۆژئاوای شاری منبج، ژنێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.

دوای ئەوەی گروپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە لە گوندی یاشلی جێگیر بوون، گوندەکانی دەندەنیا، ئۆم ئەدەسا، فارات، ئۆم جەلوت، ئەسەلیا و سەیادا کە دەکەونە باکوری رۆژئاوای شاری منبج تۆپبارانیان کرد، لە ئەنجامدا ژنێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەی مەدەنیش بریندار بوو.

بە پێی زانیارییەکان، لە ئەنجامی ئەو هێرشەی چەتەکانی سوپای تورکیادا، تۆپێک بەر مزگەوتی گوندی ئۆم ئەدەسا کەوتووە و لە ئەنجامدا زیانێکی زۆر بەر مزگەوتەکە کەوتووە.

هاوکات چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، خاڵە سەربازییەکانی رژێم لە گوندی ئەوسەجلی کە دەکەوێتە سەر رێگای نێودەوڵەتی باب-منبجیشیان کردووەتە ئامانج. گوندی ئەوسەجلی ٧ کیلۆمەتر دوورە لە هێڵی نێوان ئەنجومەنی سەربازی منبج و هێزەکانی رژێمی سوریا و چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک. لەو ناوچەیە ٥ سەربازی رژێمیش بریندار بوون.

ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی سەربازی منبج لەم بارەیەوە لیدوانێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، هێزەکانی رژێم وڵامی هێرشی چەتەکانیان داوەتەوە و بەو هۆیەوە ٢ چەتە کوژراون و ٥ چەتەی دیکەش بریندار بوون.

ز.ش