لە باکووری سوریا بەڕێوەبەرایەتیى مەدەنیى هاوبەش دادەمەزرێت

لە باکووری سوریا بەرێوەبەرییەکى مەدەنیى دادەمەزرێنرێت، کە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی هەموو بەڕێوەبەرییە خۆسەرەکان و ئەنجومەنە مەدەنییەکان دەکات.

حیکمەت حەبیب ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیک (مەسەدە) بە ئاژانسى هەواڵى هاوار (ANHA)ی راگەیاندووە، کار بۆ ئەوە دەکەن دەستەى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى لە نێوان هەموو بەڕێوەبەرییە خۆسەرەکاندا دروست بکەن.

راشیگەیاندووە، لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەرایەتیى مەدەنیى هاوبەش دادەمەزرێنرێت و "بۆ دامەزراندنى بەڕێوەبەرایەتیى مەدەنی، کانتۆنەکان و ئەنجوومەنە مەدەنییەکان بەڵگە و زانیاریى پێویستیان پێشکەش بە ئێمە کردووە".

ئەو ئەندامەى دەستەى سەرۆکایەتیى مەسەدە لەبارەى دۆخى سوریا و شێوازەکانى چارەسەرکردنى قەیرانەکان وتى "لە رێگەى دانوستانى سوری – سوری و لە دواى بەڕێوەبردنی فرۆمەکەى ناوچەى عەین عیسا، بەرەو سەرکەوتنێکى گەورە بۆ چارەسەرکردنى قەیرانى سوریا دەڕۆین. لەو فرۆمەدا چەندین هێزى نیشتمانیى سوریا و دەرەوەى سوریا بەشداربوون. ئامانجى فرۆکەمە ئەوەیە کۆنگرەیەکى سوری رێکبخرێت و سوریایەکى دیموکراتیکى نا ناوەندی کە بەدوور بێت لە دەستێوەردانى دەرەکى دابمەزرێت".

حیکمەت حەبیب باسى ئەوەشیکرد، لە پێشەرۆژدا نووسینگەکانى ئەنجوومەنی مەسەدە لە پارێزگاکانى سوریا دەکەنەوە و رۆڵی گەنجان پێشدەخەن و نووسینگەش بۆ گەنجان دەکەنەوە. هەروەها پەیوەندیى ناوخۆیى دروست دەکرێت و ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیک (مەسەدە) لە رێگەى نووسینگەی پەیوەندییەکانەوە، مەسەدە بە دەورووبەر و لایەنەکان دەناسێنێت.

حیکمەت حەبیب لە کۆتایى قسەکانیدا وتی "بەڕێوەبەریی خۆسەری کانتۆنەکان و ئەنجوومەنە مەدەنییەکان بەڵگەیان پێشکەشکردووین  تاوەکو بەرێوەبەرایەتییەکى مەدەنى دابمەزرێت. ئەرکی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئەوەیە کە بەڕێوەبەرییە خۆسەرەکان و ئەنجوومەنە مەدەنییەکان چاودێری بکات و لە نێوانیاندا هاهەنگى و دەستەیەکى هاوبەش دابمەزرێنێت. ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەستوەردان لە کارى سیاسیى بەڕێوەبەرییە خۆسەرەکان و ئەنجوومەنە مەدەنییەکاندا ناکات. ناوەندەکەشی لە عەین عیسا دەبێت".

ر.م