لە تەبقا و دەوروبەرى هەڵمەتى تۆمارکردنى ئۆتۆمبێلەکان دەستیپێکرد

لە شارۆچکەی تەبقا، ژمارەی فەرمی لەلایەن بەڕێوەبەرێتی ھاتوچۆی شارەکەوە بە ئۆتۆمبێلی گواستنەوە دەدرێت.

 

بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سەربە لیژنەی ناوخۆی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ناوچەی تەبقا، لە دەستپێشخەرییەکی ئیداریدا، تابلۆ بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی ھاوڵاتیان دەدات.

بەمەبەست ڕێکخستنی هاتوچۆى ناوچەکە، بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی تەبقای سەربە لیژنەی ناوخۆی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری فیدڕاڵی دیمۆکراتیکی باکوورى سوریا، ئۆتۆمبێلی تایبەتی ھاووڵاتیان تۆماردەکات.

ئەم ھەنگاوە چارەسەری گرفتی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە ناوچەکەدا دەکات، کە بەھۆی ھاتنە ناوەوەی ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی ئەوروپیی بێناسنامەوە دروست بوە.

بەڕێوەبەرێتی ھاتوچۆی ناوچەکە، بە پلانێک ساڵنامەی کەسی بۆ ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان دروست دەکات و دەیکات بەناوی خاوەنەکانیانەوە.

ئەندامی نووسینگەى مۆڵەت پێدان و تۆماری تابلۆکان، عودەی تاوی، لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد"٤٤٠٠ تابلۆی تایبەت بۆ ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتیان ئامادەیە، دەدرێت بەو کەسانەی کارە یاساییەکانیان بە دروستی تەواو دەکەن".

بەشی ھاتوچۆی ھێزەکانی ئاسایش لەڕێگەی خۆیانەوە داوا لە ھاووڵاتیان دەکەن، بەزوترین کات بەدەم ئەم کارەوە بچن و ساڵنامە و تابلۆی تایبەت بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان دروست بکەن.

ئەم بڕیارە تەنھا ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە بەڵگەی گومرگیان ھەیە و باجی ھاتنەناوەوەی ئۆتۆمبیلەکانیان داوە.

بەپێی وتەکانی تاوی لە چەند ڕۆژی داھاتودا، تابلۆی ئۆتۆمبێلی سەربازیش ئامادە دەکەن و سەرجەم ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیش تۆمار دەکەن.

 

ک.ع

ر.م