لە تەبقا و رەقا و منبج داگیرکەری دەوڵەتی تورک ئیدانەکرا

لە شارەکانی تەبقا و رەقا و منبجی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک رسوا و شەرمەزار کران.

تەبقا

لە شاری تەبقا بە ئەنجامدانی رێپێوانێک کە بە پێشەنگایەتی ژنان بەڕێوەچوو، وێنە و پۆستەری ئەو منداڵ و هاوڵاتیە مەدەنیانە بەرز کرانەوە کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کوژراون.

رێپێوانەکە لە ناوەندی وەرزشی شارەکەوە دەستی پێکرد و تێیدا بە دەیان ژن بەشداریان تێدا کرد و دروشمی ئیدانەکردنی بێدەنگیی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک وترانەوە.

رێپێوانەکە تا بەردەم ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی ژنان بەردەوام بوو و لەوێ گۆڕا بۆ گردبوونەوەی جەماوەری. لە گردبوونەوەکەدا رادیە ئەلعبد ئەندامی بەڕێوەبەرایەی ژنانی تەبقا لەسەر ناوی ژنان راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە و رایگەیان، دەوڵەتی تورک حساب بۆ ئەوە ناکات ئەوەی لە بەردەمیدایە ژنە یان منداڵە، لە هەموو شوێنێک لە دژی خەڵکی مەدەنی تاوان ئەنجام دەدات.

رەقا

لە شاری رەقاش بە هەمان شێوە رێپێوانێک بۆ ئیدانەکردنی هێرشە قڕکەر و داگیرکەریەکانی دەوڵەوتی تورک بەڕێوەچوو. لە رێپێوانەکەدا دروشمی رسواکردنی دەوڵەتی تورک وترانەوە.

رێپێوانەکە تا بەردەم شارەوانی ناوچەکە بەردەوام بوو. خالد ئەل-خەمری هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەکە وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی:"هەرێمی رۆژهەلاتی ناوەڕاست بە هۆی ئەوەی دەوڵەمەندە بە ژێرخانی ئابووری، زەق بووەتەوە لەبەر چاوی هێزی داگیرکەر و ئیمپریالەکان. بەڵام لە هەمان کاتدا بەو گردبوونەوە و ئیرادە مێژوویە دەناسرێتەوە کە لە بەرامبەر داگیرکەران لە خۆڕاگریدایە."

منبج

ئەنجومەنی گەنجانی منبج لە راگەیێنراوێکدا تیشکی خستە سەر ئەوەی دەوڵەتی تورک سەرچاوەی تیرۆرە و بانگەوازی ئەوەشی کرد کە دەبێت لە دژی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک یەکگرتوو بن.

ئەنجومەنی گەنجانی منبج و دەوروبەری لە چوارچێوەی هەنگاوی 'بێگومان سەردەکەوین' راگەیێنراوێکی بۆ رای گشتی بڵاو کردەوە.

ئەحمەد ئەلجەمیلی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەنجان راگەیێنراوەکەی خوێندەوە. بەشداربوویان پانکارتی 'بە تێکۆشان و یەکێتی گەلان بۆ سوریایەکی ئازاد، بێگومان سەردەکەوین' و هاوکات ئاڵاکانی یەکێتی گەنجانی شۆڕشگێری سوریایان بەرز کردەوە.

لە راگەیێنراوەکەی گەنجاندا جەخت کرایەوە کە ئیدی هەموو جیهان ئاگاداری تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هەیە کە لە دژی گەلەکەمان کردەوەی کوشتن و رفاندن و گۆڕینی دیمۆگرافی و دەستدرێژی و تاڵانکردن بەڕێوە دەبات.

لە بەردەوامی راگەیێنراوەکەدا باس لەوە کرا کە، دەوڵەتی تورک بە بێوەستان هەوڵ دەدات لە نێوان گەلانی ناوچەکەدا فیتنە بنێتەوە و جارێکی تر سەردەمی ئیمپارتوری عوسمانیەکان دووبارە بکاتەوە و بەم شێوەیە باس لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک کرد:"دەوڵەتی تورک ئەمڕۆ ئیدی بووە بە مەترسی بۆ سەر گشت جیهان و دوای ئەوەی چەندین شاری سوریای داگیر کرد، چەتەکانی خۆی هەناردەی لیبیا و سودان و سۆماڵ و یەمەن کرد. دەوڵەتی تورک بە سەرکێشی ئاکەپە بووە بە سەرچاوەی تیرۆر و سەرۆکەکەشی ئەردۆغانی بکوژی منداڵانە.  

لە کۆتایی راگەیێنراوەکەشدا گەنجان بانگەوازیەکیان ئاڕاستەی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمەکە کرد کە لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن و خاکی خۆیان لە داگیرکەری رزگار بکەن و بەم شێوەیە کۆتایی بە راگەیێنراوەکە هێنا:"گەلی کورد خاوەنی ئەم خاکەیە و خاکەکەشی دەپارێزێت. ئێمە رێگە نادەین تاوانەکانی دەوڵەتی عوسمانی جارێکی تر لەسەر خاکی پاکمان دووبارە ببنەوە. بە تایبەتی تاوانەکانی دژی ژنان کە رووبەرووی هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەک بوونەتەوە و مافەکانیان لێسەندراوەتەوە. بەڵام دیسان کۆیلایەتیان رەتکردەوە و پێشەگایەتیان کرد بۆ شۆڕشی دیمۆکراتیک، بۆ بەدەستخستنی ئازادی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان. لێرەوە ، لە شاری منبج، شاری شەهید فەیسەل ئەبو لەیلاوە بۆ سوریایەکی ئازاد و دیمۆکراتیک تێدەکۆشین."

ز.ش