لە حەسەکە تەرمی ٦ شەهیدی تری بەرخۆدانی شەرەف بەخاک سپێردران

هاوڵاتیانی شاری حەسەکە بە مەراسیمێکی شایستە تەرمی ٦ شەهیدی بەرخۆدانی شکۆیان لە گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودیە بە بەخاک سپارد.

بە هەزاران هاوڵاتی حەسەکە، تەرمی هەر یەک لە شەهیدانی قەسەدە حسێن ئەلحسێن (لەوەند حەسەکە)، لوئەی محەمەد(گیڤارا حه‌سه‌كە)، ئەیاد ئە‌یۆ (برووسك حه‌سه‌كە)، عە‌لی ئە‌ل-سه‌رای (مولازم حه‌سه‌كە), خدر محه‌مه‌د (قه‌یسه‌ر حه‌سه‌كە), عە‌بدولره‌زاق سالح (برووسك حه‌سه‌كە)یان وەرگرتەوە کە لە چوارچێوەی بەرخۆدانی شکۆدا گیانیان بەخت کردووە. هاوڵاتیان تەرمەکانیان لە ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان وەرگرتەوە و بە کاروانێک بەرەو گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودیە بەڕیکەوتن.

لە گۆڕستانەکە مەراسیمێکی شایستە  سازکرا و سەرەتا بە خوولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە دەستیپێکرد. دواتر بەناوی هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی شاری حەسەکە یەنگین بادینی و بەناوی هێزە سەربازییەکانی شاری حەسەکە تۆلهەڵدان ڕۆژئاڤا و ئەندامی پەیەدە ئاخین عەلی وتەیان پێشکەش کرد.

قسەکەران سەرەخۆشیان لە بنەماڵەی شەهیدان کرد و وتیان: "ئەو شەڕڤانە قارەمانانە لەپێناو ئازادی وڵات شەهید بوون، ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر رێبازەکەیان و خاکی خۆمان دەپارێزین. لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دەوەستینەوە و لە وڵاتی خۆمان دەریاندەکەین".

دوای پێشکەشکرنی وتەکان، ناسنامەی شەهیدان لە لایەن ڕۆژدا ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانەوە خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا.

لە لایەن خۆشییەوە ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان ناسنامەی شەهیدانی قەسەدە عومەر عوبێد (خەبات حەسەکە) و موهەنەد حسێن (دلبرین دێرسم) شەڕڤانانی هێزەکانی خۆپاراستن محەمەد زوهدی ئەلعومەریان ئاشکرا کرد کە لە چوارچێوەی بەرخۆدانی شکۆدا شەهید بوون.

دواجار تەرمی شەهیدان لە لایەن جەماوەرەوە بە وتنەوەی دروشم بەخاکسپارد.