لە دانوستانى مەسەدە و دیمەشقدا بڕیار لەسەر دروستکردنى کۆمیتەی هاوبەش درا

لەسەر بانگهێشتى بەشار ئەسەد، شاندێکى ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیک (مەسەدە) سەردانى دیمەشق (شام) کرد و لە چاوپێکەوتنەکاندا بڕیار لەسەر دروستکردنی کۆمیتەیەکى هاوبەش درا.

ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیک (مەسەدە) لەبارەى چاوپێکەوتنى رۆژى پێنجشەممە ٢٦ى تەموزی ٢٠١٨ / ٤ى گەلاوێژ لەگەڵ حکومەتى دیمەشق (شام) راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى مەسەدە دا هاتووە، بە ئامانجی دروستکردنى نەخشەرێگاى چارەسەریی دیموکراتیکییانە بۆ سوریا، کە سوریایەکی نا ناوەندی و بە بەشداریى هەموو لایەنەکان بێتەدی، بڕیارى دروستکردنى کۆمیتەیەکى هاوبەش درا.

مەسەدە لەبارەى باسى ئەوەشیکردووە "لەسەر داواى حکومەتى سوریا لە نێوان شاندێکى ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیک و حکومەتى سوریا لە شام (دیمەشق) لە رۆژی ٢٦ى تەمووزی ٢٠١٨ / ٤ى گەلاوێژ کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا. ئامانجی ئەوچاوپێکەوتنە بۆ دەستپێکردنى دیالۆگێکى بەرفراوانە بۆ چارەسەرکردنى هەموو کێشە و قەیرانەکانى سوریا لە هەموو ئاستەکاندا و بناغەى ئەو چارەسەرییە دادەڕێژرێت".

مەسەدە راشیگەیاندووە "پێش ئەو چاوپێکەوتنانە لە شارى تەبقا لە نێوان کۆمیتەیەکى بچووکى هەر دوو لایەنەدا چاوپێکەوتنێک ئەنجامدرابوو. لەو چاوپێکەوتنەدا گفوگش لەبارەى بابەتى خزمەتگوزارییەوە کرابوو".

مەسەدە باسى ئەوەشیکردووە "لە ئەنجامى ئەو کۆبوونەوەیەدا و بۆ پێشخستنى دیالۆگ و دانوستان و بۆ کۆتایهێنان بە توندوتیژى و شەڕ، کە گەلی سوریا و کۆمەڵگەکەى دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها بۆ ئامادەکردنى نەخشەرێگایەکى چارەسەری بۆ سوریایەکى نا ناوەندیى دیموکراتیک، هەر دوو لا بڕیاریاندا کە لە هەموو ئاستەکاندا کۆمیتەى هاوبەش دروست بکرێن".

ر.م