"لە دانیشتنەکان لەگەڵ دیمەشقدا بەرپرسیاری لە ئەستۆی مۆسکۆدایە"

بەدران چیاکورد راگەیاند، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئیدارەى شامدا بەرپرسانی رژێم پێداگری لەسەر هەڵسوکەوتەکانى پێشوویان دەکەن. راشیگەیاند "لەو خاڵەدا بەرپرسیاری دەکەوێتە ئەستۆی مۆسکۆ. دەبێت بۆ چارەسەری گوشار لە دیمەشق بکات".

بەدران چیاکورد جێگری هاوسەرۆکى بەڕێوەبەری خۆبەڕێوەبەریى باکوور و رۆژهەلاتی سوریا یەکێکە لە ئەندامانى دەستەى بەڕێوەبەری، کە بە ناوبژیوانى رووسیا لەگەڵ بەڕێوەبەریى سوریا لە دیمەشق چاوپێکەوتنى ئەنجامداوە. چیاکورد لەبارەى ناوەرۆکی چاوپێکەوتنەکان و لێدوانەکانى فەیسەڵ میقداد جێگری وەزیری دەرەوەى سوریا قسەى کرد.

چیاکورد میوانى بەرنامەى "بویەر" لە کەناڵی ئاسمانیى رۆناهی تیڤی بوو و رایگەیاند، رژێمى سوریا بەو عەقڵەوە، کە شەڕەی ساڵی ٢٠١١ دەستیپێکرد دەجوڵێتەوە.

'بەو عەقڵییەتەوە چارەسەری بەدی نایەت'

چیاکورد ناڕەزایەتیى بەرامبەر بە لێدوانەکەى فەیسەڵ مێقداد جێگری وەزیری دەرەوەى سوریا نیشاندا کە وتبوی "ئێمە بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر رەتدەکەینەوە". چیاکورد رایگەیاند، ئەو وتانە خزمەت بە دیالۆگ ناکەن و وتی "ئەو عەقڵییەتە چارەسەریی کێشەکانى سوریای ناوێت. ئەو عەقڵییەت وادەزانێت لە سوریا هیچ رووی نەداوە. ئەو عەقڵییەتە کە دەیەوێت وەک پێش ساڵی ٢٠١١ وڵات بەڕێوەببات هەرگیز ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵکو کێشەکان قوڵتر دەکات".

چیاکورد باسی ئەوەیکرد، ئەوان چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێوەبەریى سوریادا بە گرنگ دەزانن و وتی "لەگەڵ شام هەندێک چاوپێکەوتن ئەنجامدراون. ئەو چاوپێکەوتنانە بە ناوبژیوانیى رووسیا ئەنجامدران و ئێمە بە ماناداری دەبینین. لەم کاتەدا هەموو ئەو لێدوانانەى کە دەدرێن دەبێت لە خزمەتى چارەسەریی کێشەکاندا بن. لێدوانی لەو شێوەیەی بەڕێوەبەریى شام پێشتریش بوو بون بە بابەتى رەخنەى ئێمە. ئیدعا دەکەن، کە ئێمە هەوڵ دەدەین سوریا پارچە بکەین، ئێمە بە دڵیناییەوە ئەو بۆچوونە رەتدەکەینەوە و دەڵێن، ئەوە هیچ پەیوەندیی بە راستییەوە نییە".

پێویستی بە دەستوورێکى نوێی بنەڕەتی هەیە

چیاکورد رایگەیاند، ئەوە پرۆژەیەکە، کە لەگەڵ یەکپارچەیی سوریادا مافی باوەڕەکان، گەلان و هەموان مسۆگەر دەکات و دەیانپارێزێت و چارەسەریی قەیرانى سوریا لە رێگەى ئەو پرۆژەیەوە دەبێت.

بەدران چیاکورد وتیشی "بۆ چارەسەرکردنى کێشە ئابووری، سیاسی، ئیداری و ئەمنییەکانى سوریا، توانایى و ئەزموونی بەڕێوەبەریى خۆبەڕێوەبەر، تواناییەکى گەورەیە. ئەگەر بەڕێوەبەریی شام بەڕێوەبەریى خۆبەڕێوەبەر بە هێڵی سور دەزانێت و هەوڵ دەدات بە شێوازەکانى پێشووتر کێشەکان چارەسەر بکات، دەبێت ئەوە بزانێت ئەوە ئەستەمە، بۆیە پێویستی بە دەستوورێکی نوێى بنەڕەتی هەیە".

'ئێمە پێداگری لەسەر دیالۆگ دەکەین'

بەدران چیاکورد ئاماژەى بەوەکرد، پێداگری لەسەر چارەسەری لە رێگەى دیالۆگەوە دەکەن و ئەوەشی وت "ئێمە بە بڕیار و پێداگرین بۆ چارەسەری لە رێگەى دیالۆگەوە. چارەسەری لە سوریا بۆ ئێمە لە ئاستی ستراتیژیدا گرنگە. ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانەکەمان لەو رێگەیەدا. ئەگەر بەڕێوەبەری شام لێدوان و راگەیاندراوى لەو شێوەیە بدەن، ئەوا روون دەبێتەوە کە لە ناو خۆیاندا بۆچوونی جیاجیان هەیە. هەروەها ئەوەش دەبینرێت، کە رێگەى دیالۆگ و چارەسەری رێگایەکى ئاسان نییە. لە ماوەیەکى کورت دا هەموو شتێک چارەسەر نابێت. کێشەى جدی روو دەدەن. دەبێت بەڕێوەبەریى شام لەو بابەتەدا جدی بێت و رێگا نەدات لە هەر سەرێکەوە دەنگێک بەرز بێتەوە".

'بەرێوەبەریی شام پرۆژەیان نییە'

بەدران چیاکورد لەبارەى ناوەرۆکی چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ بەڕێوەبەریى شام دا وتی، رژێمى سوریا خاوەنی پرۆژەیەکى جدی و نوێ نییە بۆ چارەسەری. بەدران چیاکورد وتیشی "بەپێی چاودێری و وردبوونەوەى ئێمە تاوەکو ئێستا وا دیارە بەڕێوەبەریى شام خاوەن پرۆژەیەکى جدی و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە. ئەوەى ئەوان بیری لێدەکەنەوە نوێ نییە. بۆ نمونە دەڵێن، بەپێی خاڵی ١٠٧ دەستووری بنەڕەتیى سوریا قسە لەبارەى بەڕێوەبەریى خۆجێى دەکەین. یان دەڵێن، دەبێت هێزەکانى سوریایى دیموکراتیک و ئاسایش بە تەواوی تێکەڵ بە سوپای سوریا ببن. هەروەها لەبارەى کاری پەروەردە، زمان و کولتورەوە بۆچوونی جیاجیا هەیە".

'پێداگریی شام وڵات دەخاتە دۆخێکى خراپترەوە'

بەدران چیاکورد ئاماژەى بەوەکرد، ئەگەر بەڕێوەبەریى شام پێداگری لەسەر ئەو بۆچوونەى خۆیان بکەن ئەوە بە مانای داخستنى رێگاکانى دیالۆگ دەبێت و ئەوەشی وت "هەموو سوریا پێویستی بە پرۆژەی نوێ هەیە، بەڵام ئەوەندەى، کە دەبینرێت بەڕێوەبەریى شام خاوەنی پرۆژەیەکى نوێى بۆ چارەسەرکردنى بنەڕەتى بۆ کێشەکان نییە. هەروەها دەبێت ئەوەش دەستنیشان بکەین، ئەگەر شام بەو شێوەیە پێداگری بکات هەم سوریا و هەم داهاتووی سوریا دەخاتە دۆخێکى مەترسیدارەوە، بۆیە ئێمە دەڵێین، پێویستیى بە نزیکایەتى و هەڵسوکەوتى نوێ هەیە، کە رێگا بە رووی دەستێوەردانى جیادا نەکاتەوە".

'دەبێت مۆسکۆ بۆ چارەسەری گوشار لە شام بکات'

بەدران چیاکورد لێکدانەوەى بۆ رۆڵی ناوبژیوانى رووسیا لە چاوپێکەوتنەکاندا کرد و وتی "تاوەکو ئێستا رووسیا هیچی لە دژی ئەو رەفتا و نزیکایەتییانەى بەڕێوەبەریى شام نەکردووە. رووسیاش زۆر جیاواز لە شام بیر ناکاتەوە. رووسیا هەوڵ دەدات لە چوارچێوەى بۆچوونی بەڕێوەبەریى شامدا، بەڕێۆەبەرەیى خۆبەڕێوەبەر و شام لە یەک نزیک بکاتەوە. لەبەر ئەوەشە داواکانى شام و رووسیا لەلایەن گەلانى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریاوە قبوڵ ناکرێن. چارەسەرییەکەیان دەشوبهێت بەوەی، کە لە درعا ئەنجامیاندا. لەو بوارەدا رووسیا پرۆژەیەکى روونی نییە. تەنها دەڵێن، ئەگەر ئێوە و شام رێبکەون ئێمە بە بێلایەنى دەمێنینەوە و قبوڵی دەکەین. ئێمەش دەڵێین، لەو بابەتەدا پێویستى بە گارانتیکار و زامنکاری بێلایەن هەیە. لەو خاڵەدا بەرپرسیاری دەکەوێتە ئەستۆی رووسیا. دەبێت گوشار لەسەر بەرێوەبەریى شام بکات، چونکە رووسیاش ئەوە دەبینێت، کە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش ٢٠١١ زۆر قورسە. ئەوە شتێک نییە، کە قبوڵ بکرێت. دەبێت رووسیا ئەوە ببینێت. بەڵام نزیکایەتى و رەفتاری ئەوەى کە دەڵێن 'شام چی دەڵێت ئێوە قبوڵی بکەن، یان دەتانەوێت لەلایەن شامەوە قبوڵ نەکرێن' ئەوانە سوودیان بۆ چارەسەری نییە و هەروەها رۆڵی گارانتیکاربوونی مۆسکۆ تێکدەدات".

لینکی تەواوی بەرناکەمەکە

https://www.youtube.com/watch?v=XvaR6i5BvZ8&feature=youtu.be

ژ.ت