لە رۆژئاوای کوردستان بە ناشتنی نەمام ٤ی نیسان پیرۆز کرا

لە ژمارەیەک شار و ناوچەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ٤ی نیسان، رۆژی لە دایکبوونی رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجان بە ناشتنی نەمام پیرۆز کرا.

حەلەب

بە بۆنەی لەدایکبوونی رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان و بە دەستپێشخەری کۆنگرەی ستار لە گۆڕستانی شەهیدانی خۆڕاگری لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، ٧١ نەمام نێژران.

لەگەڵ ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ بەردەوامە، رێکخراوەکانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بەشداریان لە هەڵمەتێکی ناشتنی چەندین نەمامدا کرد. لە ساڵانی رابردوودا گەلانی ناوچەکە بە چەندین ئاهەنگ و چالاکی ئەم رۆژەیان پیرۆز دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بە هۆی مەترسیەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چالاکی و گردبوونەوە بەڕێوە نەچوون، تەنها بە ناشتنی نەمام ئەم رۆژە پیرۆز کرا.

بەشداربووانی هەڵمەتەکە لە کاتی ناشتنی نەمامەکاندا دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان بەرز کردەوە.

رەقا

لە ٤ی نیسانی هەموو ساڵێکدا پێکهاتە جیاوازەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە هۆی رەنج و تێکۆشانی رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئازادی گەلانی بندەست، ئەم رۆژە پیرۆز دەکەن.

بەم بۆنەیەوە دەستەی پاراستنی ژینگە و پارکەکان-ی سەر بە شارەوانی گەل لە شاری رەقا ٦٠٠ نەمامیان ناشت.

لە پارکی ئەل-رەشید، کۆڵانی سەرەکی لە باشوری یاریگای شارەکە، کۆڵانی کەنیسە، پارکی خوێندنگای جەواد ئەنزور و پارکی ئەلبجا و پارکی ئەل مرۆریە چەندی جۆری نەمام نێژران. 

قامشلۆ

گەلی کورد هەموو ساڵێک رۆژی لەدایک بوونی رێبەر گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان بە چەندین شێواز و چالاکی جۆراوجۆ پیرۆز دەکات، بەڵام ئەمساڵ جیاواز لە ساڵەکانی پێشووتر، بە هۆی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و قەدەغەی هاتوچۆ و دروستکردنی قەرەبالغی، تەنها بە ناشتنی نەمام ئەم رۆژە پیرۆز کرد.

تربەسپی

بەم بۆنەیەوە نووسینگەی ژینگەپارێزیی ناوچەی تربەسپی بە هاوکاری لیژنەی ژنانی شارەکە، ٤٦٠ نەمامیان لە هەر یەک لە باخچەکانی شەهید زەکیا، شەهید نودا و باخچەی رێبەر ئۆجالان، ناشت.

ز.ش