لە سلێمانی یەکێتی سەردانی نوێنەرایەتییەکانی پەیەدە و ڕۆژاڤای کرد

لە شاری سلێمانی شاندێکی مەکتەبی پەیوەندییە کوردستانییەکانی (ی.ن.ک) بە جیا سەردانی نوێنەرایەتییەکانی کانتۆنەکانی ڕۆژاڤای کوردستان لە هەرێمی کوردستان و (پەیەدە)ی کرد.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ ۳ شەممە، شاندێکی مەکتەبی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان - (ی.ن.ک) کە پێکهاتبوو لە؛ ئیکرام عەلی لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییە کوردستانییەکان، خالد خدر و موراد کوردستانی ئەندامانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی ئەو پارتە، لە شاری سلێمانی سەردانی نوێنەرایەتیی کانتۆنەکانی ڕۆژاڤای کوردستانیان لە هەرێمی کوردستان کرد. شاندەکە لە لایەن مەسعود حسۆ هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی کانتۆنەکانی ڕۆژاڤا و ئەندامانی نوێنەرایەتییەکەوە پێشوازییان لێکرا.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز، لە سەردانەکەدا هەردوولا دوایین بارودۆخی کوردستان بەگشتیی و ڕۆژاڤای کوردستان بەتایبەتی و پرسی ناوچەی ئارام-یان لەو بەشەی وڵات ڕاڤە کردووە و یەکێتی جەختی لە پشتیوانی خۆی بۆ ڕۆژاڤا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کردووەتەوە.

 پاشان شاندەکەی یەکێتی بە یاوەری هاوسەرۆک و ئەندامانی نوێنەرایەتیی کانتۆنەکانی ڕۆژاڤا، سەردانی نوێنەرایەتیی پارتی یەکێتی دیموکراتی - (پەیەد)ەیان لە سلێمانی کردووە و لە لایەن  لە سلێمان عەرەب هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی پەیەدە و ئەندامانی نوێنەرایەتییەوە پێشوازییان لێکراوە.

لەوێش هەمووان دۆخی ئێستای کوردستان و ناوچەکە و هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دژ بە گەل کورد و کوردستان قسە و باسیان کردووە و جەختیشان لە پەرپێدانی پەیوەندییە حزبی و حکومیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤا کرادووەتەوە.

 

هـ.هـ