لە سەرێکانی تا ئیدلب قەسەدە و شام دەتوانن تێکۆشانێکی هاوبەش بەڕێوەببەن

بەدران چیاکورد یاریدەدەری هاوسەرۆکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، بە پەیمانێکی سیاسی قەسەدە و سوپای سوریا دەتوانن لە سەرێکانی تا ئیدلب لە دژی داگیرکاری و تیرۆر تێکۆشانێکی هاوبەش بەڕێوەببەن.

بەدران چیاکورد یاریدەدەری هاوسەرۆکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئاژانسەکەمان (ANF) باسی لە قەیرانی سوریا بە تایبەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دانوستانەکانی لەگەڵ سوریا و رووسیا، چاوپێکەوتنەکانی موخابەراتی سوریا و میتی تورکیا و داگیرکەری دەوڵەتی تورک، شەڕی ئیدلب  و یەکێتی نەتەوەیی کرد.

چیاکورد ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی سەرەکی کردەوەکانی دەوڵەتی تورک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تێکدانی یەکپارچەیی خاکی سوریا و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی سوریایە و وتی، "دەوڵەتی تورک سیاسەتی خۆی لەسەر جێگیربوونی لە هەرێمەکە بەڕێوەدەبات. لەدژی ئەوەش پێویستی بە تێکۆشانێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، سەربازی و دیپلۆماسی هەیە. لەبەرئەوەی لە ئێستادا بەشێک لە خاکی سوریا داگیرکراوە. زۆر هێز و لایەن بەمە نیگەرانن. شامیش نیگەرانە. ئێمەش پشتگیری لە هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە داگیرکەری دەوڵەتی تورک دەکەین.

هەوڵەکانی زیندووکردنەوەی پەیمانی ئەدەنە

چیاکورد ڕایگەیاند، تا بەشێک لە خاکی سوریا بەم شێوەیە داگیرکراو بێت، نابێت باسی چارەسەری سیاسی بکرێت و وتی، "ڕووسیا ماوەیەکە دەیەوێت شام و ئەنقەرە نزیکی یەکتری بکات. هەندێک پەیمانی پێشوو هەبوون. نمونە: دوێنێ لە مۆسکۆ لەنێوان هەردوولادا کۆبوونەوە ئەنجامدرا. دەیانەوێت پەیمانە کۆنەکان زیندووبکەنەوە و لایەنەکان لەسەری ڕێبکەون. یەکێک لەوانەش پەیمانی ئەدەنەیە. هەڵوێستی ئێمە لەدژی ئەو پەیمانە دیارە. ئێمە وەک پەیمانێک لەدژی گەلان و بە تایبەتی لەدژی گەلی کورد دەبینین. ئێمە دەزانین ئەوە چارەسەری نینە. ئەگەر چارەسەریان دەوێت، پیویستە ئەو پەیمانانەی لە دەرەوەی ئیرادەی گەلان ئامادەکراون جارێکیتر سەرلەنوێ پێدابچنەوە.

چیاکورد باسی هەوڵەکانی ڕووسیای کرد لە دانوستانەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و شامدا و وتی، "لە ئەنجامی ئەو هەوڵانەدا لە کاتی داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە سەرێکانی و گرێ سپی لە نیوان قەسەدە و سوپای سوریادا ڕێککەوتنێکی سەربازی کرا. ڕوسیا دوای ئەوە بەڵێنی دانوستاندنی سیاسی دا. لەسەر ئەو بناغەیە بۆ چارەسەری سیاسی ڕووسیا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کۆبووە، لەهەمان کاتدا لەگەڵ شامیش کۆبووە. پێشنیاری چارەسەری هەردوولای وەرگرت . بەڵام بۆ چارەسەری سیاسی لەگەڵ شام هێشتا چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ ئەنجامنەدراون، بەڵام دانوستان هەیە و بەردەوامە.

ڕێککەوتنی سیاسی و مسۆگەری دەستووری بنەڕەتی

چیاکورد ڕاشیگەیاند، ڕووسیا هەوڵ دەدات بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و شام نزیکی یەکتری بکات و وتی، "دەیەوێت هەردووکی بکاتە بلۆکێک و بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی. بەم شێوەیە لە سوریا زیاتر کاریگەری هەبێت. بێگۆمان لەم پرسەدا بۆچوونمان هەیە. بۆ چارەسەری بۆچوونی جیاوازمان هەیە. ئێمە دەڵێین، پێویستە بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، لەگەڵ دەزگا، پاراستن و ئیرادەی خۆیی بناسێنرێن و مافەکانیان لە دەستووری بنەڕەتیدا مسۆگەر بکرێت. چارەسەریەکی سیاسی بەم شێوەیە دەتوانێت دروست ببێت. وەک هەڵوێستی شام کە بگەڕێتەوە بۆ بەر لە ساڵی ٢٠١١ نابێت."

داگیرکەری بە رێککەوتنی تورکیا، ئەمریکا و رووسیا ئەنجامدرا

بەدران چیاکورد وتیشی، داگیرکاری بە ڕێککەوتنی تورکیا، ئەمریکا و ڕووسیا ئەنجامدرا. دوای ئەوەی ئەمریکا لە هەرێمەکە کشایەوە، گرێ سپی و سەڕیکانی بۆ داگیرکەری تورک بەجێمان.  کۆبانێ، منبج ق خەتی سنوریش بۆ ڕووسیا بەجێمان . لە دێرک و تربەسپی تا دێرەزۆریش کە ناوچەی نەوتە بۆ ئەمریکا مانەوە. ئەوەش پیشان دەدات دۆخەکە لە ئەنجامی ڕێککەوتنی سێ لایەندا دروست بووە. لەسەر ئەو بناغەیە هێزەکانی هەرێمەکە سەرلەنەوێ ڕاوێژدەکەن و سەرلەنوێ دەیانەوێت جێگیر ببن.

'بە گۆمانەوە سەیری دەکەین'

چیاکورد ڕاشیگەیاند، لە ئەنجامی ڕێککەوتنی ئەمریکا و دەوڵەتی تورک سەرێکانی و گرێ سپی داگیرکران و وتی، "لە ئەنجامی رێککەوتنی ڕووسیا و ئەمریکادا عەفرین داگیرکرا. بۆیە ئێمە هەموو کاتێک بە گۆمانەوە سەیری کردەوەکانی ئەو وڵاتانە دەکەیەن.

'پڕۆژەی دەوڵەتی تورک، پارچەکردنی سوریایە'

چیاکورد باسی ئەوەشی کرد، عەفرین، ئیدلب، عەزاز، جەرابلوس، سەرێکانی، گرێ سپی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراون و ئەوەش مەترسیەکی زۆر و هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ڕووسیا و سوریا و وتی، "پڕۆژەی دەوڵەتی تورک، پڕۆژەی پارچەکردنی خاکی سوریایە.گروپە تیرۆریستەکان لەو ناوچانە جێگیردەکات و هەڕەشە لەهەموو لایەک دەکات. سەرەتا هەڕەشەیە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سوریا."

چیاکورد ڕایگەیاند، هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆتایی پێنەهاتووە و بەردەوامە  و ئەوان ناچارن حەسابی خۆیان لەسەر ئەو هەڕەشانە بکەن.

'لە سەرێکانی تا ئیدلب دەتوانرێت لە دژی تیرۆر و داگیرکەری تێکۆشانێکی هاوبەش ئەنجامبدرێت'

بەدران چیاگەر ڕاشیگەیاند، ڕێککەوتنی سەربازی نێوان قەسەدە و سوپای سوریادا بۆ ڕێگریکردن بوو لە داگیرکەری دەوڵەتی تورک و چەتەکانی. ئەگەر ڕیککەوتنەکە سەربکەوێت لە ڕووی سیاسیشەوە دەتوانرێت کاری هاوبەش ئەنجامبدرێت. قەسەدە و سوپای سوریا لە سەرێکانی تا ئیدلب دەتوانن بەیەکەوە لەدژی داگیرکاری و تیرۆر تێبکۆشن. بەڵام وەک ئەوەی لەسەراتادا وتمان، بە ڕێککەوتنێکی سیاسی دەبێت. تێکۆشانی سەربازی هاوبەش بە ڕێککەوتن و پەیمانی هاوبەش دەبێت. بە پێچەوانەوە لاواز دەبێت. وەک ئەوەی هەموو کاتێک باسی دەکەین، پەیمانی نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و بەڕێوەبەرایەتی شام و ڕیککەوتنی نیوان قەسەدە و سوپای سوریا، سوریا بەهێز دەکات. لە ڕووی سیاسی، سەربازی و ئابۆریەوە سوریا بەهێزتر دەبێت.

'پێویستی بە ستراتیژیەکی هاوبەش هەیە'

چیاکورد لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، ناوەندی هەموو هەڕەشەکانی دژی کورد، دەوڵەتی تورکە و وتی، "ئەوەی گروپە چەتەکانی ئاڕاستەی کورد دەکات دەوڵەتی تورکە. دەولەتی تورک بوو کە ئاراستەی چەتەکانی بۆ کەرکەک، موسڵ، شنگال و هەرێمی کوردستان گۆڕی. بۆیە هەڕەشەکان هاوبەشن. لەدژی هەڕەشەی هاوبەش دەبێت بۆچوونێکی هاوبەشمان هەبێت. نمونە، سەرەتا تورک بوو کە لەدژی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان بوو. پەیوەندی بە بەغدا و تارانەوە کرد و لەدژی هەرێمی کوردستان وەستایەوە.

بە تایبەتی ململانیێ نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەو گێژاوەی کە ناوچەکەی تیدایە ، ستراتیژی هاوبەشمان بەسەردا دەسەپێنێت. لەبەرئەوەی دیارە شەڕەکە سەخت دەبێت. ئەگەری هەیە لە نێوان ئەمریکا و ئێران شەڕی ڕاستەوخۆ ڕووبدات. بەڵام گۆڕەپانی شەڕ سوریا و عێراق دەبن. لەبەرئەوەی هێڵی بەیەک گەیشتنی ئەودوو وڵاتە عێراق و سوریا واتە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستانە.  بەو هۆیەوە پێویستە ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان و پارچەکانی تریش بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە هاوبەشەکان پەیوەندیەکانیان بەهیز بکەن.

ف.ق