لە سەرێکانی دوو خوشک بەدەستی چەتەکان کوژران

لە سەرێکانی داگیرکراو، دوو خوشک بەدەستی چەتەکانی ئەحرارالشرقیە دەکوژرێن، برای ئەو دوو خوشکەش دەڵێت: ئێمە قاتیلەکان باش دەناسین، پێشتر لەناو داعش بوون ئێستاش لە ڕیزی سوپای میللی دان.

ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠١:٠٠ چەتەکانی ئەحرارالشرقیەی سەر بە دەوڵەتی تورک لە گوندی ڕاوییەی سەر بە سەرێکانی، هەردوو خوشک بەناوەکانی، جەمیلە ئەحمەد ئەلموسا تەمەن ٣٠ ساڵ و خەدیجە ئەحمەد ئەلموسا تەمەن ٤٥ ساڵیان کوشت.

لەبارەی کوژرانی خوشکەکانیەوە، حەسەن ئەحمەد ئەلموسا بۆ ئاژانسەکەمان"ئەنەفە" قسەیکرد.

حەسەن ئەحمەد باسی چۆنێتی کوژرانی خوشکەکانی دەکات و دەڵێت: ئەو ڕۆژە جیرانەکانمان گوێیان لەدەنگی گولـلە بووە بۆیە دەچنە ماڵی ئێـمە، کاتێک دەچن و دەبینن مۆتۆرسکیلی ئەحمەد عومەر عەبدوڵا کە لەناو تابوری ئەبوجومعەی سەر بە ئەحرارالشرقیە دایە لەماڵی ئێمە دایە، جیرانەکانمان دەبینن لاشەی هەردوو خوشکەکەم لەناو خوێن دایە، ئەو ئەحمەد عومەر عەبدوڵا لە هەرێمەکە ناسراوە، ئەو کەسە پێشتر لەناو داعش بوو، چەندین جار هەڕەشەی لەمنیش کردووە.

"بەهۆی زۆری و زۆردارییەوە لە سەرێکانی هەڵهاتین"

حەسەن ئەحمەد ئەلموسا ئاماژەی بە زۆری و زۆردارییەکانی دەوڵەتی تورک دەکات و دەڵێت: لەسەر ئیمە فشارو زۆردارییەکی زۆر هەبوو، هەرەدوایی عومەر عەبدوڵا منی دەستگیرکرد بەڵام خۆم لەدەستی رزگارکرد، من و برایەکەم لە سەرێکانیەوە هەڵهاتین بۆ ڕەقا، خوشکەکانم بۆ پاراستنی ماڵەکەمان لە گوند مانەوەو نەهاتن، وتیان ئێمە ژنین و عەرەبین هیچ لە ئێمە ناکەن.

بنەماڵەی ئەو ٢ خوشکە ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، بڕیاربوو لە ٢٥ی مانگ هەردوو تەرم بگەڕێندرێتەوە ڕەقا، بەڵام لە "ئەنەفە" ٢٤ی مانگ هەواڵێک بڵاو بووەوە کە چەتەکان هەردوو تەرمیان ڕفاندووە بۆ تورکیا.