لە شەهباوە داواى هاوکاریى بۆ هاووڵاتییانى عەفرین دەکرێت

بەڕێوەبەرانى عەفرین و شەهبا بەپێى تواناکانى بەردەستیان کەمپێکى تر بۆ هاووڵاتییانى عەفرین دروست دەکەن. بەڕێوەبەرایەتییەکانى عەفرین و شەهبا داوایان لە ڕێکخراو نێودەوڵەتییەکان کرد، هاوکارییان بکەن.

بەڕێوەبەرانى عەفرین و شەهبا بەپێى تواناکانى بەردەستیان کەمپێکى تر بۆ هاووڵاتییانى عەفرین دروست دەکەن. بەڕێوەبەرایەتییەکانى عەفرین و شەهبا داوایان لە ڕێکخراو نێودەوڵەتییەکان کرد، هاوکارییان بکەن.

بەهۆی هێرشى دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى قاعیدە، داعش و بەرەی نوسرە بۆ سەر عەفرین سەدان هەزار هاووڵاتیى عەفرینی ناچاربوون ماڵ و حاڵى خۆیان بەجێبهێڵن و کۆچ بکەن بۆ هەرێمى شەهبا. هەرێمەکانى باکوورى سوریا، کوردستانیان و دۆستەکانیان لە ئەوروپا، لە هەوڵدان هاوکارى و پێداویستى بۆ هاووڵاتییانى عەفرین لە شەهبا دابین بکەن.

بە ئیمکانیەتى خۆیان کەمپێکى تر دروست دەکەن

بەڕێوەبەرانى شەهبا و عەفرین لە دواى دروستکردنى کەمپى بەرخۆدان، کەمپێکى تر بە ناوى کەمپى سەردەم لە هەرێمى شەهبا بۆ هاووڵاتیانى عەفرین دروست دەکەن.

حەسەن هەمان لە بەڕێوەبەرانى کەمپى سەردەم رایگەیاند "تاوەکو ئێستا هیچ هاوکارییەکمان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پێنەگەیشتووە، بەڵام ٢ هەزار چادر لەم کەمپەدا هەڵدەدەین. ئامانجمان ئەوەیە لەم کەمپەدا جێگا بۆ ١٥ هەزار کەس دابین بکەین. بۆ ئەوەش هەوڵ دەدەین بەو ئیمکانیەتەى لە بەردەستماندایە وەڵامدەر بین بۆ پێداویستیى هاووڵاتیان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هاوکارییەک لە دەرەوە و لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ ئێمە نەنێردراوە".

پێویستیان بە هاوکاریى ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە

هەمان داواى لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بوارى هاوکاریى مرۆیی کرد هاوکارییان بکەن و وتیشى "بانگ لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانى بوارى هاوکارییە مرۆییەکان دەکەم بێن و سەردانى ئێرە بکەن و بە چاوى خۆیان بارودۆخى مرۆیى کۆچبەرەکان ببینن. بۆ ئەوەى بتوانرێت پێداویستییە مرۆییەکان بۆ هاووڵاتیانى ئێرە دابین بکرێت، دەبێت بکەونە خۆ و هاوکاریى مرۆیى دابین بکەن. پێویستیمان بە هەموو شتێک هەیە. ئێمە تاوەکو ئێستا هەوڵمانداوە و بەپێی تواناکانمان تا رادەیەک وەڵامدەرى پێداویستییەکان بووین، بەڵام پێویستمان بە هاوکاریى دەرەوە هەیە کە بەخێرایى بگاتە دەستمان".