لە عەفرین ٢٢٧ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، کە ٣٢ کەسیان منداڵن

لە عەفرین کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراوە، لە ماوەی ساڵ و نیوی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٢٧ هاوڵاتی لە لایەن چەتە و سەربازە داگیرکەرەکان کوژراون.

ساڵ و نیوێک بە سەر داگیرکردنی عەفرین لە لایەن دەوڵەتی تورکی فاشیستەوە تێدەپەڕێت. لەو ماوەیەدا دەوڵەتی تورک و چەتەکانی تاوانی شەڕ و کۆمەڵکوژیان ئەنجامداوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەوە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی تۆمار کردووە.

بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، لە ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٨ەوە تا ئێستا ١٦٧ پیاو، ٢٨ ژن و ٣٢ منداڵ لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کوژراون و ٦٣٨ کەسیش بریندارکراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ڕاشێگەیاند، لەو ماوەیەدا نزیکەی ٦ هەزار هاوڵاتی ڕفێنراون کە بەشێکیان ژن و منداڵن و چارەنووسی ٣ هەزار کەسیان نادیارە.

داگیرکەران لە هەمانکاتدا دەستدرێژیان کردووەتە سەر سروشت و ژینگەی عەفرین. داگیرکەران نزیکەی ١٥ هەزار داری زەیتون و ١٥ هەزار داری عەرعەر و ١٠ هەزار داری سندی و ٣ هەزار جور داری دیکەیان بڕیوە کە تەمەنی هەندێکیان بۆ ٧٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین وتیشی، " ٣ تا ٥ ملیۆن دار بێ خزمەتگوزارین و لە لایەن داگیرکەرانەوە تاڵانکراون و لەگەڵ نزیکبوونەوەی لێکردنەوەی بەرهەمەکانەوە، تالانکردنیش زیاتر بووە.

بەر لە داگیرکاری لە عەفرین نزیکەی ٣٠٠ هەزار کارگەی دروستکردنی زەیتی زەیتون و ١٧ هەزار کارگەی دروستکردنی سابون لە عەفرین هەبوون، بەڵام لە ئیستادا بە تەنها ١٦٠ کارگەی دروستکردنی زەیتی زەیتون و ١٠ کارگەی دروستکردنی سابون ماون. داگیرکەری تورک و چەتەکانی باجێکی زۆر لە خاوەن کارگەکان وەردەگرن. لەبەرئەوە بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتون و دروستکردنی سابوون کەمیکردووە. هەروەها بەرهەمی ئاژەڵداریش ٢٥٪ کەمیکردووە.

بە هۆی داگیرکاری دەوڵەتی تورکەوە زانیاری لەبارەی دۆخی هەندێک ناوچە نازانرێت. بەو هۆیەوە ئامارەکان لەوە زۆر زیاترن.

ف.ق