لە عەفرین پاکتاوی نەژادی: ژمارەی دانیشتوانی کورد بۆ لە سەدا ١٨ دابەزیوە!

رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین لە بارەی پێشێلکارییەکانی دوو ساڵی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە عفرین، راپۆرتێکی ئامادە کرد. بە پێی راپۆرتەکە لە عەفرین پاکتاوی نەژادی کراوە و ژمارەی نەتەوەی کورد بۆ لەسەدا ١٨ دابەزیوە.

لە بارەی پێشێلکاریەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە عەفرین کە دوو ساڵ تێدەپەڕێنێت، راپۆرتێک رێکخراوی مافی مرۆڤی ئەو شارە راپۆرتێکی بڵاو کردەوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین لە کەمپی سەردەم لە کانتۆنی شەهبا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا پێشێلکارییەکانی دوو ساڵی رابردووی دەوڵەتی تورکی بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد.

٣٠٠ هەزار هاوڵاتی زێدی خۆیان بەجێهێشتووە

لە راپۆرتەکەدا هاتووە:

"بە پێی ئامارەکان، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی لە ١٨/٣/٢٠١٨وە هەتا ئێستا بە زۆرەملێ کۆچبەر کراون. هاوکات کۆچبەرکردنی بە زۆرەملێ بە فشاری دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، تا ئێستاش بەردەوامە و ئامانج لێی ئەوەیە کە خەڵکی ناوچەکانی خوتا، دارا و ئیدلب لە هەرێمی عەفرین جێگیر بکرێن و دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕن.

لە ئێستا دا رێژەی دانیشتوانی کورد لە عەفرین لە سەدا ١٨ تێپەر ناکات، ئەمەش گەورەترین کرداری گۆڕینی دیمۆگرافییە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ و لە دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی سوریاوە دەستی پێکردووە. ئەمەش بە پێی رێکەوتنی دەوڵەتی تورک لەگەڵ چەند هێزێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت.

نزیکەی ٤٠٠ هەزار خانەوادە لە ناوچەکانی ترەوە، بەتایبەت گوندەکانی باشوری ئیدلب و باشور و رۆژئاوای حەلەب لە گوند و ناوچەکانی عەفرین جێگیر کراون.

تورکیا دەیسەپێنێت

دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناو و ناونیشانی گۆڕەپانە سەرەکیەکان لە ناوەندی عەفرین دەگۆڕێت، ناوی چواریانی نەورۆزی گۆڕیوە بۆ سەڵاحەدین. هەروەها چواریانی وەتەنیی گۆڕیوە بە چواریانی ١٨ی ئادار و چواریانی کاوەی ئاسنگەری گۆڕیوە بۆ چواریانی چڵە زەیتوون. هاوکات دەوڵەتی تورک جگە لەمە ناوی گوندەکانیشی گۆڕیوە، بۆ نموونە ناوی گوندی قەستەل میقدادی گۆڕیوە بۆ سەلجوق ئوباسی، کۆتانای گۆڕیوە بۆ زافر ئۆباسی و گورزێلێی گۆڕیوە بۆ جافەر ئۆباسی.

لەگەڵ ئەمەشدا، ناوی شوێنە ستراتیجییەکان و شوێنە کوردییەکانی گۆڕیوە و ناوی عوسمانی لێناوە. ئاڵاکانی تورکیا و وێنەکانی ئەردۆغان لە هەموو ناوچەیەک هەڵواسراون، پەروەردە لە خوێندنگاکان بە زمانی تورکیە و جلوبەرگی خوێندکاران ئاڵای تورکیای لەسەرە.

هاوکات ناوی نەخۆشخانەی ئاڤرین بە زمانی تورکی نووسراوە. ناونیشانی گشت کۆڵان و ناوی دوکانەکان کراون بە زمانی تورکی. شوێنە مێژوویەکان و گۆڕستانی ئێزیدییەکانیان وێران کردووە.

لە چوارچێوە گۆڕینی دیمۆگرافی و ناسنامەی ئەو ناوچانەی دەوڵەتی تورک داگیری کردوون، هاوکات دەرهێنانی ناسنامەی تورکی بەسەر هاوڵاتییانی ناوچەکەدا سەپێدراوە.

٦ هەزار و ٢٠٠ کەسی مەدەنی رفێندراون

لە لایەکی ترەوە، زیاتر لە ٦ هەزار و ٢٠٠ هاوڵاتی مەدەنی لە ماوەی ٢ ساڵی رابردوودا رفێندران و چارەنووسی ٣ هەزار ٤٠٠ کەسیان تا ئێستا نادیارە. هاوکات دانیشتوانی کورد تا ئێستاش بە بیانووی نەدانی فیدیە دەرفێندرێن. دانیشتوان، ئەمەیان ناو ناوە بازرگانی یەکلایەنەی قازانج.

لە بارەی بارودۆخی ژنانیشەو، ٦١ حاڵەتی لاقەکردن و ٣ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار کراون. جگە لەمەش رۆژانە دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنان.

٥٥٣ هاوڵاتی کوژراون

لە بارەی بارودۆخی کوشتن، زیاتر لە ٥٥٣ هاوڵاتی مەدەنی کوژران کە ٤٩٨ کەسیان لە ئەنجامی توپباران و بوردومانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانیدا، گیانیان لەدەستداوە. هاوکات ٥٥ کەسیش لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٦٨٠ کەسیش بریندار بوون کە ٣٠٣ منداڵ و ٢١٣ کەسیان ژنن و لە ئەنجامی بوردومانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانیدا بریندار بوون.

زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دارە زەیتوون بڕاونەتەوە

هاوکات ٢٠١ حاڵەتی برینداربون بە مین تۆمار کراون. هەروەها ٢٠٠ هەزار دارە زەیتوون بڕاونەتەوە و بە مەبەستی بازرگانی لەناو براون. هاوکات زیاتر لە ١٠ هەزار دارە زەیتوونی دیکەش سووتێندراون. نزیکەی ١١ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی سووتێندراوە. بە زۆرەملێ دەست بەسەر هەزاران خانووی خەڵکی مەدەنیدا گیراوە و کراون بە گرتووخانە و بارەگای چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەر تورک.

یەکێکی دیکە لە زیانە مادییەکان کە گروپە چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکەی داوە، دەست بەسەرداگرتنی زەیتی زەیتوونە و دواتر رەوانەکردنیەتی بۆ تورکیا بە رێگای خاڵی سنووری گوندی حەمامی سەر بە ناوچەی جندرێس. دەوڵەتی تورک لەم خاڵە سنوورییە کە لەم مانگانەی دواییدا دروست کردووە، بۆ رەوانەکردنی زەیتی زەیتوون و ئاسانکاری بۆ دزییەکانی کە دواتر لە بازاڕە جیهانییەکانی وەکو ئیسپانیا فرۆشرا.

٧٥ شوێنی مێژوویی بە تاڵان براون

بە پێی ئاماری پشتڕاستکراوی بەڕیوەبەرایەتی شوێنەواری عەفرین، لەو شارە ٧٥ گردی مێژوویی هەن  کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، زۆربەی ئەو گردانەیان کۆڵیوە و شوێنەوارەکانیان دزیوە.

بە پێی هەمان ئامار زیاتر لە ٢٨ شوێنی دیکەی مێژووی وێران کراون و زیاتر لە ١٤ گۆڕستانی تایبەت بە هەموو ئاین و مەزهەبەکان وێران کراون، جگە لەوەی هەموو گۆڕستانەکان لەگەڵ زەویدا تەخت کراون.

رێگای ئاسنی شەمەندەفەری میدان ئەکبەس لە ناوچەی رەجۆ کە لە کەفر جەن و قتمی ناوچەی شەراوەوە تێدەپەڕێت، هەڵوەشێندرا و فرۆشرا بە بازرگانانی عەزاز.

لە کۆتاییدا بانگەوازی ئاڕاستەی ریکخراوە نیودەوڵەتییەکان، مافی مرۆڤ و بە تایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان و یونیسێف و یونسکۆ دەکەین کە ئەرکە مرۆیی و ئەخڵاقیەکانیان جێبەجێ بکەن و فشار بهێنن بۆ دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی بهێنێت لە دژی خەڵکی سوریا و بە تایبەت عەفرین و هاوکات فشار دروست بکەن بۆ ئەوەی هەموو هێزەکانی خۆی لە خاکی سوریا بکشێنێتەوە و رێگە بدات کۆچبەران بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

هاوکات بانگەوازیەکی تایبەتیش ئاڕاستەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین کە سەردانی عەفرین بکەن و پێشێلکاریەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، تۆمار بکەن."

ز.ش