لە قامشلۆ تەرمی سدیق رەمەزان شەهیدی قەسەدە بەخاک سپێردرا

شەهید سدیق رەمەزان ناسراو بە جودی ملیتان کە لە ٢٥ی تشرینی دووهەم لە سەرێکانی شەهید ببوو، بە مەراسیمێکی شایستە بە بەشداری هەزاران هاوڵاتی لە قامشلۆ بەخاک سپێردرا.

شەهیدی قەسەدە سدیق رەمەزان ناسراو بە جودی ملیتان کە لە ٢٥ی تشرینی دووهەم لە سەرێکانی شەهید ببوو، بە مەراسیمیکی شایستە و بە بەشداری هەزاران کەس لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان لە قامشلۆ بەخاک سپێردرا.

مەراسیمەکە لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان و بە رێزگرتن و وەستانی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

لە مەراسیمەکەدا نوری محمود وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە قسەی کرد و وتی:"ئەمڕۆ ئێمە دەبینین کە یاسای جیهانی بنپێکراوە و هیچ کەسێک ئاوڕی لێ ناداتەوە. ئەمڕۆ ئەگەر جێگایەک هەیە بۆ خۆڕاگریی مرۆڤایەتی و ناسنامە و کەلتور و ئەخڵاق، ئەوا ئەو جێگایە باکوری سوریایە."

مەحمود رەنجی کچ و کوڕانی گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریای بە بیر هێنایەوە کە ئێستا لە سەنگەرەکانی جەنگدان لە دژی دوژمن و وتی:" راستە قوڕبانیی زۆرمان داوە، بەڵام بێگومان سەرکەوتنەکەشمان گەورە دەبێت. ئەگەر هەموو جیهانیش لە دژی ئێمە شەڕ بکات و ئەگەر ئێمە لەسەر حەق بین، دەتوانین سەربکەوین. ئەگەر هێزی هەموو جیهانیش لەدەست ئێمەدا بێت، ئێمە زیان بە هیچ مرۆڤێک ناگەیێنین. ئێمە بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە لەسەر هێڵی شەهیدەکانمان بەردەوام دەبین."

دواتر ئەسەد خەلیل مامی شەهید دەلیل ئارارات و بە ناوی ئەنجومەنی کەسوکاری شەهیدانیشەوە دڵژین حسێن قسەیان کرد و بەڵێنیان دووپات کردەوە کە ئەوان ئاواتەکانی شەهیدان بەجێ دەهێنن.

لە مەراسیمەکەدا هەروەها ناسنامەی شەهید کینان خەلیل ناسراو بە دەلیلا ئارارات و محمد خالید ناسراو بە باران قامشلۆ کە لە ١٣ی تشرینی یەکەم لە شاری گرێ سپی شەهید ببوون، ئاشکرا کران.

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا بە وتنەوەی دروشم جەنازەی شەهید سدیق رەمەزان بەخاک سپێردرا.

ز.ش